ئەمن دەمگوت لە دنیا تا بمێنم
لەبەر کەس ئەستەمە سەر دانوێنم
کەچی ئێستێ لە داوی بسکی تۆدا
گرفتارم گوڵم موو ناپسێنم
جوانێ گیان بۆ وات لێ کردم
بە قسەی خەڵکیت لەگەڵ کردم
یاخودا بەدکار بێ بە پردم
چ قسەی باشت بۆ نەکردم
ژیانم پر لە ڕەنجە و نامرادی
بە هەڵکەوتیش نەهاتم تووشی شادی
دڵم هێند تەنگە هەر جێی تۆ دەبێ و بەس
ئەتۆش مەحکوومی حەپسی ئینفیرادی
جوانێ گیان بۆ وات لێ کردم
بە قسەی خەڵکیت لەگەڵ کردم
یاخودا بەدکار بێ بە پردم
چ قسەی باشت بۆ نەکردم
قەرار بوو بێی لەگەڵ خۆت شادی بێنی
نەهاتی، گەرچی پێت دابووم بەڵێنی
لە نێو کوردا نەبوو پەیمان شکاندن
لە کێ فێر بووی گوڵم پەیمان شکێنی؟
جوانێ گیان بۆ وات لێ کردم
بە قسەی خەڵکیت لەگەڵ کردم
یاخودا بەدکار بێ بە پردم
چ قسەی چاکت بۆ نەکردم