ئەگەر ناوەکەت فەرامۆشم بێ
سفیدی کەفەن باڵاپۆشم بێ
دڵەکەم دەر بێنن بڕوانن پێیە
بە غەیری ناو تۆ هیچ نییە تێیە
سەبری سەبری
سەبری گوڵ فرۆش گوڵ دانە دانە
دڵەکەم بۆ دڵەکەت وێڵ و وەیلانە
سەبری بۆ خاتر تەکیەی بابا شێخ
مەمکوژە بە ناز، مەمبڕە بە تێخ
سەبری سەبری
قورئانێ بێرە بیخە داوێنم
من لە تۆ زیاتر کەس نالاوێنم
قەسەم بە قورئان خەتمی کەلامە
عەشقت تا مەحشەر پاپەندی پامە
سەبری سەبری
شەرت بێ لە داخت تا ڕۆژی مەحشەر
بەرگی ئازیەتیت دەر نەهێنم لە بەر
شەرت بێ لە داخت تەرکی دونیا کەم
بە وێنەی مەجنوون ڕوو لە سەحرا کەم
سەبری سەبری
ئەگەر گیان کێشان وەک دووری تۆ بێ
یا خوا بە نەسیب گەوری سەر کۆ بێ
بیکە بە خاتر سی جزمەی قورئان
لەمە زیاتر مەمکە سەرگەردان
سەبری سەبری
هەڵگرە خەنجەر بینە لە جەرگم
ئەوسا بخوێنە یاسینی مەرگم
هەڵگرە خەنجەر بینە پامەوە
خوەت بووە بە حەکیم بێرە لامەوە
سەبری سەبری