عومەر ڕەسوولی

یارە ژیکەڵانەکەم

بە دەنگی: عومەر ڕەسوولی
شێوەزار: سۆرانی
1544
یارە ژیکەڵانەکەم! گوڵم!
بە هەر نیگایێ، مەوجی چاوە مەستە جوانەکەت دەچێتە ناو دڵم!
هەر بە گوێی دڵم!
گوێ دەگرمە گرفە گرفی شیعرە ئاگرینەکەت
شیعرە ڕێک و پێکەکەی بە تاو و تینەکەت!
هەر بە چاوی دڵ دەڕوانمە دیمەنی ئەوینەکەت!
تۆ! ئەوینمی

تۆ! ئەوینمی
ڕێک و پێکترینە شیعری تاکوو ئێستا هەڵنەبەستراوی ژینمی!
تۆ! هەڵۆی خەیاڵی هەڵفڕینمی!
هەر دەکەومە سەر هەوا، بە هەڵفڕینەکەت!
بە جازیبەی ڕەوەندی تێپەڕینەکەت!
بە شیعری باڵی چەندە ڕەنگی تاوسی خەیاڵ
بە خوێندنەوەی سروودی مەرگی کۆرپە نازەنینەکەت
مەرگی کۆرپە نازەنینەکەت
لادە لادە لادە لەچکە تەسکە کەسکەکەت!

خۆشەویستەکەم! عەزیزەکەم! گەزیزەکەم!
تاقە ڕۆڵە جوانەمەرگەکەی بەهاری کورت!
ڕۆڵە خۆشەویستەکەی تەلان و کێو و چەم!
تۆ! هەزار ئایەتی، لە کانیاوی پڕ لە ئاو و خیزەکەم!
لە کاتی تونییایەتی
بە چەشنی بیری بەرزەفڕ، بێ سنوور و بێ نیهایەتی
تۆ! قیامەتی!

تۆ! قیامەتی!
دڵستێن و دڵڕفێن و خەوڕەوێنمی!
تۆ! تەواونوێنی عەشقی پاک و خەمڕەوێنمی!
تۆ! پەل و نەمام ڕاوەشێنی باخی بادەهێنمی!
تێکەڵاوی گوشت و پێست و ئێسک و خوێنمی!
خوێنی خوێنەکەم!

خوێنی خوێنەکەم!
هیچ وەبیرتە ئەو دەمەی کە کەوتمە جەغزی کەسکە کەسکی چاوە مەستە کەسکەکانی
پڕ لە سیحر و جوانیی تۆ؟
بوومە مەستی مەست و سێحری سێحری چاوە مەستەکانی تۆ؟
دەستی خۆم بڕی!
دەستی خۆم بڕی بە بەژنی باڵی شیعری ئاڵی تەمنیشانی تۆ
بۆیە کورتە دەستی ئەمن و خوێن دەبارێ هەر لە هەوری ئاسمانی مانی تۆ

جوانە بووکەکە!
هەر هەنووکە دەمهەوێ کە بێمە جێژوانی تۆ
مەرگی کۆرپە نازەنینەکەت
لادە لادە لادە لەچکە تەسکە کەسکەکەت!

ها ترووسکەکەم
جامی دڵ پڕی شەڕابی شەوقی شیعری شەو شەوە
بەو نیگایە پاکە مەندەیەت
وەسوەسەی دڵی پڕم هەلاهەلا کە، ببیە شیعرەکەم!
ببیە شیعرەکەم
تا کە ڕۆشنایی خاتە هەوری دڵ برووسکەکەت
تا ڕەها بێ گوڵپەڕی خەیاڵی ناسکی
تاسکی تاسکی ئاسکی باسکی بسکەکەت
لادە لادە لادە لەچکە تەسکە کەسکەکەت!
هۆنراوە: قاسم موئەییدزادە (هەڵۆ)