ئامانج عەزیزکەندی

تەیرۆکێ

بە دەنگی: ئامانج عەزیزکەندی
شێوەزار: سۆرانی
1298
های لێ های لێ های لاوە کەسم وەی کەزیەت گیابەند و خاوە
پانیەت قەیسی هەڵوێنی باوان وەی بەو دارێوە دەتڵاوە
من هەزار خۆزگەم بەو کەسەی باوان وەی دەمی دەو دەمەت ناوە
هەی ئەگەر نابی بە یارم باوان وەی خوداحافیز ماڵاوا

هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ کەسم وەی هێشتا دوورە دەخوێنێ
هاتەوە بێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ کەسم وەی هێشتا دوورە دەخوێنێ
هەی لە شەقەی تیژباڵێی دا وەی گۆلاوان دەشڵەقێنێ
من هەزار خۆزگەم بەو کەسەی باوان وەی دەس لەو گەردنێت وەردێنێ
بەژنێ باریک هەڵدەگرم باوان وەی بۆ وڵاتەکەی نەڵێنێ

هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ کەسم وەی بەو تەیرەی دەڵێن ڕەش داڵە
باڵ و تیژباڵی خۆی لێدا باوان وەی نیشت لەو چیایەی سەر یاڵە
دۆس لە ماڵی زۆر نییە باوان وەی بە بەختە و بە ئیقباڵە
من هەزار خۆزگەم بەو کەسەی باوان وەی لەگەڵ ئەتۆ هاوماڵە

هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ کەسم وەی بەو تەیرەی دەڵێن پەڕپووتە
باڵ و تیژباڵی خۆی لێدا چاوجوان وەی لە شوێن یارێی وا ڕووتە
باڵ و تیژباڵی خۆی لێدا کەسم وەی میسل ئەو مەلێ سیاسووتە
من هەزار خۆزگەم بەو تەیرە باوان جا لەگەڵ جووت بەستێی جووتە
من هەزار خۆزگەم بەو کەسەی باوان جا لەگەڵ ئەتۆ هاوجووتە
چیرۆکی گۆرانیی تەیرۆکێ

بە گوتەی 'خدر حەسەن'ی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی دارەلەک، خڕناڵ خەڵکی گوندی 'گاپیس'ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە. لە وتووێژێکدا کە ١٦ی ١٠ی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵم کردووە، ئەو داستانەی گێڕاوە: "خڕناڵ و هەڵکەتی [دوو بەیتبێژی ناوچەی موکریان] جارێکی دەچنە ئاوایی 'گردک سپییان' بۆ داوەتێ. لەوێ هەڵکەتی ئاشقی بێوەژنێکی دەبێ، سێ برای دەبن؛ نایدەنێ. لەوێوە دەچنە خزمەت میری ڕەواندزێ. میر خۆشخوانێکی دەبێ. لێیان دەپرسێ چ کارەن و لە کوێ ڕا هاتوون؟ دەڵێن لە کوێستانێ ڕا هاتووین و کوتنێ دەڵێین. میر دەڵێ ئەوەش خۆشخوانی منە. ئەگەر چاکترتان زانی ئەوە ڕاتان دەگرم. دەودەمیدا دەستەیەک تەیر لە گەرمێنێ ڕا بەرەو کوێستان دەگەڕێنەوە. هەڵکەتی بە خڕناڵ دەڵێ ئەمن لە گەرمێنێڕا بە پێهەڵکوتن دەیهێنمە ئێرە و ئەتۆش لێرەڕا بیبە بەحرێ [گۆلی ورمێ]. 'تەیرۆکێ' ئەودەمی ئەوان دایانناوە. میر خۆشخوانی خۆی بۆ ئەوان ڕووت دەکاتەوە. نامەیەکیش دەنووسی ئەو ژنەی بدەنێ. هەتا دێنەوە ژنە مێرد بە یەکی دیکە دەکا.
سەرچاوە: گەنجی سەر بە مۆر - ئەحمەدی بەحری