هاتەوە هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئای هێشتا دوورە دەخوێنێ
ئەرێ هاتەوە هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئای هێشتا دوورە دەخوێنێ
ئای لە شەقەی تیژباڵی دا هاوار ئای گۆلاوان دەشڵەقێنێ
ئەرێ ئای هەزار سەت هەزار خۆزگەم وەی بەو کەسەی ئای دەس لە گەردنی وەردێنێ
وەی بەژنێ باریک هەڵدەگرم هاوار ئاخ دە وڵاتەکەی بیتوێنێ
ئەرێ هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ وەی وەی بەو تەیرەم دەڵێن ڕەش داڵە
ئەرێ هاتەوە هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ بەو تەیرەم دەڵێن ڕەش داڵە
ئای هەزار خۆزگەم بەوەی ئەی هاوار ئاخ لەگەڵ ناسکۆڵ هاوماڵە
ئای هەزار سەت هەزار خۆزگەم وەی بەو کەسەی ئای لەگەڵ ناسکۆڵ هاوماڵە
ئەرێ وەی دیل بە ماڵی زۆر نییە وەی وەی ئای بە بەختە و بە ئیقباڵە
ئەرێ هاتەوە هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئای لە دوور وەک گوڵ خەمڵاوە
ئەی پانیەی قەیسی هەڵوێنە وەی وەی ئاخ بە دارێوە دەتواوە
ئای لەبەر ئەو دایکەی دەمرم هاوار ئای مەمکی سەر زاری ناوە
چیرۆکی گۆرانیی تەیرۆکێ
بە گوتەی 'خدر حەسەن'ی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی دارەلەک، خڕناڵ خەڵکی گوندی 'گاپیس'ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە. لە وتووێژێکدا کە ١٦ی ١٠ی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵم کردووە، ئەو داستانەی گێڕاوە: "خڕناڵ و هەڵکەتی [دوو بەیتبێژی ناوچەی موکریان] جارێکی دەچنە ئاوایی 'گردک سپییان' بۆ داوەتێ. لەوێ هەڵکەتی ئاشقی بێوەژنێکی دەبێ، سێ برای دەبن؛ نایدەنێ. لەوێوە دەچنە خزمەت میری ڕەواندزێ. میر خۆشخوانێکی دەبێ. لێیان دەپرسێ چ کارەن و لە کوێ ڕا هاتوون؟ دەڵێن لە کوێستانێ ڕا هاتووین و کوتنێ دەڵێین. میر دەڵێ ئەوەش خۆشخوانی منە. ئەگەر چاکترتان زانی ئەوە ڕاتان دەگرم. دەودەمیدا دەستەیەک تەیر لە گەرمێنێ ڕا بەرەو کوێستان دەگەڕێنەوە. هەڵکەتی بە خڕناڵ دەڵێ ئەمن لە گەرمێنێڕا بە پێهەڵکوتن دەیهێنمە ئێرە و ئەتۆش لێرەڕا بیبە بەحرێ [گۆلی ورمێ]. 'تەیرۆکێ' ئەودەمی ئەوان دایانناوە. میر خۆشخوانی خۆی بۆ ئەوان ڕووت دەکاتەوە. نامەیەکیش دەنووسی ئەو ژنەی بدەنێ. هەتا دێنەوە ژنە مێرد بە یەکی دیکە دەکا.
سەرچاوە: گەنجی سەر بە مۆر - ئەحمەدی بەحری