شۆڕش مەحموودی

حەیران و گۆرانیی تەیرۆکێ ٢

بە دەنگی: شۆڕش مەحموودی
ئەلبۆم: مێخەکبەند
شێوەزار: سۆرانی
1362
ئەرێ وای وای وای وای
هاتەوە هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
های لە دوور دیارە دەخوێنێ
ئەرێ من لەبەر ئەو تەیرەی دەمرم کەسم
های بۆنی بەهارێ دێنێ

ئەرێ وای وای
وەک شەم و شەمزین ناکام بووم
های وەک مەجنوون سەرگەردانم
ئەرێ وەک سیامەند جەرگم بڕا کەسم
های هەر خۆم خانە وێرانم

حەیران
ئەرێ بابە حەیران دەڵێ حەیفێک و سێسەد مەخابن دە دنیایێ دە بۆ وان گەورە کچان کە لە ماڵە بابان جێ خۆش دەکەن کەلەکان دەگۆڕن ئاخان هەڵدەکێشن بە تاقی تەنێ
ئەوساڵە کە حەوت دانە ساڵە حەز لە بەژنێ باریکێ دەکەم یارکۆڵەی خۆمە و
ئای چ بکەم نامدەنێ

ئەرێ وای وای وای وای
هاتەوە هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
ئای بە ویم دەڵێن پاساری
تیژباڵی خۆی لێک دەداوە کەسم های دەنیشتە هەیوانساری
جا توخدا وەرە با جووت بین کەسم
ئای شەنگەبێرییەکەی هەواری
شەم و شەمزین: بەیتی شەم وشەمزین
هەروەکو بیستراوە گوایە شەمزین خەڵکی گوندی «وەڵاشە»ی بووە. خاتوو شەم ئامۆزایەتی و کچی «وەیسی ئاغە»یە. هەر لە منداڵییەوە شەم و شەمزین هۆگری یەکتر دەبن و حەز لە یەکتر ئەکەن. باوکی شەم، شەمزینی برازای دەرکردووە ئەویش دەچێتە لای «وەسمان بەگی گەرگەری» لە شاری ئامەد. لە دوای حەوت ساڵان هەواڵی بەمێرد دانی شەم دەزانێ دووبارە بەرەو وەڵاش دەگەڕێتەوە. شەمزین لە ڕۆژی گواستنەوەی شەمی ئامۆزای دەگاتە نزیک گوندەکەیان و شەمیش چاوی پێدەکەوێ و بە دایکی دەڵێ :
شەم:
سوارێک ژێرهەڵدێ یەخترمەی شینە
لەوان ڕکێفان ئەوا شەمزینە
دایک:
ئەرێ شەمیلێ ئاقڵت گۆڕاوە
ئەم ساڵ حەوت ساڵە شەمزین نەماوە
ئینجا شەم دێتە سەرکانیی ئافرەتان و شەمزینیش دەگاتە نزیکی هەرچەندە شەمزین دەزانێ ئەوە شەمی ئامۆزایەتی بەڵام دەڵێ با ئەو بەندەی بۆ بڵێم ئەگەر ئەوبێ وەڵامم دەداتەوە...
شەمزین:
خۆم سەرگەردان و شەم لەبەر کۆڵێ
بسکێ شەمیلێم لاسکێ کەرکۆڵێ
شەمێ هەڵدەگرم دەچمە ئەستەمبۆڵێ
خۆم سەرگەردان و شەم لەبەر نانی
بسکێ شەمیلێم گەیینە سەر ڕووانی
شەمێ هەڵدەگرم دەچمە کن خاڵی
خۆم سەرگەردان و شەم لەبەر ماران
بسکێ شەمیلێم ئارمووشێ شاران
شەمێ هەڵدەگرم دەیبەمە تاران

شەم:
هەی ناکەم ناکەم چ مێردان ناکەم
بسکان هەرماڵم فتنێ بەرپاکەم
لە دوای شەمزینی سەر بەقوڕێ داکەم
هەی ناکەم ناکەم بە قسەی کەس ناکەم
لەدوای شەمزینی چی لە دونیاکەم
وەکو مەجروومی ڕوو لە مەجراکەم
سوێندەکم خواردوە بە گوڵێ نیسانێ
بە گوڵێ مێلاقێ پەڕێ قورعانێ
لەدوای شەمزینی دەچمە زیندانێ
لە دوای ئەمەدا یەکتر دەناسنەوەو بە یەک شاد دەبن و شەمزین دەستە جلێکی پیاوانە لەبەر شەم دەکا و جێژوانی خۆیان بۆ شەو نیشان دەکەن تا لەوێوە بەرەو دیوەخانی «خانی لەپزێڕین» بڕۆن، ئینجا دەچنە شایی بەڵام شەم لە خۆشیاندا گوارەی گوێی لەبیر دەکاو نێو شایی بەندان دەڵێن :
شەمزین:
شاییەک دەگەڕێ لە دانگەی ماڵان
کەزیێ شەمیڵێم بەندی ڕەشماڵان
شەمێ هەڵدەگرم دەچمە کن خاڵان
شاییەک دەگەڕێ هۆزان بە هۆزان
بسکێ شەمیڵێم بژیێ شێ بۆزان
شەمێ هەڵدەگرم لە حەوت ئامۆزان
شاییەک دەگەڕێ لە پشت قەڵاتان
حەوت ساڵ غەریب بووم من لە وڵاتان
بسکێ شەمیڵێم دەرزووی خەیاتان
شاییەک دەگەڕێ لە پشتی دێیە
بسکێ شەمیڵێم ئارمووشی پێیە
حەوت ساڵ غەریب بووم بێ ماڵ و جێیە
بە گوڵان و بە گوڵان بە گوڵێ سەرکەندی
نێریا خۆلێدای بێریان هەڵقەندی
شەمێ هەڵدەگرم دەچمە دەربەندی
شاییەک دەگەڕێ ڕۆینێ خانمانە
شەم تازە بووکە خەنە بەندانە
خوام پشتیوان بێ و نۆرەی کوڵانە

خەڵکەکە لە گەرمەی شاییدا ئاگاداری هیچ نین جگە لە پیرەمێردێک کە بەرامبەر شەم وبشەمزین ڕاوەستابوو بە گوارە زێڕینەکە شەم دەناسێتەوەو دەڵێ :
پیرەمێرد:
دەبینن شێ بۆزان بینن
زینیان لێ بکەن و تەنگان بشەتینن
قورتاریان نەکەن شەم وشەمزینن
نیشانەی شەمێم گوارەی زێڕینن

سەرچاوە: ئەسعەد عەدۆ بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی hawler.in

سیابەند (سیامەند):
وەک دەوترێ سیامەند و خەج ئامۆزای یەکتر بوونە و خەج حەوت برای هەبووە بەڵام بە هۆی کێشەی بنەماڵە و قسە و قسەلۆکی خەڵک باوکی خەج، خەج نادات بە سیامەند لەگەڵ ئەوەشدا سیامەند لە ڕێی پیاو ماقووڵان زۆر هەول دەدات باوکی خەج ڕازی بکات بەڵام باوکی خەج ڕازی نابێت، سیامەند و خەجیش ئەوەندەیان یەکتر خۆشویستوە کە گفتیان بە یەک دابوو تا مردن لەگەڵ یەک بن، سیامەند ناچار دەبێ خەج هەڵگرێ و بچنە دەر لە ئاوایی و ڕوو دەکەنە چیای سیپان (بەردی گوێز) کە دەڕوانێتە ئاواییەکە بۆیەش دەچن بۆ ئەو چیایە چونکە لەسەر لووتکەکەی ڕا دەیانتوانی جم و جۆڵی خەڵکەکە و بنەماڵەی خەج بخەنە ژێر چاو، هەر وەک لە جۆگرافیای ناوچەکەشدا بەدی دەکرێ لە چیای سیپان ڕا دەتوانرێ چاوەدێری جم وجۆڵی خەڵک بکرێ. باوک و براکانی خەج بە شوێنیاندا دەگەڕێن، خەج و سیامەند ماوەیەک لە چیاکەدا خۆ حەشار دەدەن تا ڕۆژێکیان سیامەند کە لەسەر ڕانی خەج خەوی لێکەوتووە، کاتێک کە لە خەو هەڵدەستێ چەندین بزنە کێوی دەبینێ کە بە هەموویان هێرش دەکەنە سەر دانەیەک لە بزنەکان کە ڕەنگی سوورە بەڵام دەرەقەتی نایەن، خەج بە سیامەند دەڵێ ئەو نێرییە سوورە تۆی ئەوانی تریش براکانمن کە بە شوێنتەوەن و شەڕت لەگەڵ دەکەن. سیامەند بە بیستنی ئەو قسەیە تیروکەوانەکەی دەر دێنێ و هێرش دەکاتە سەر نێرییە سوورەکە و چەند تیری لێدەدات و دەیکەوێنێت. دوای کەوتنی بزنە کێوییەکە سیامەند هەول دەدات بیکوژێت بەڵام بزنە کێوییەکە کە لە چەندین جێ بریندارە و خۆ لە خۆڵ دەگەوزێنێ هەتاکوو سیامەند دێت و سەری دەگرێ تا بیکوژێت، شەقۆنێک لە سیامەند دەدات، سیامەند لە ڕەوەزە سەخت و بەرزەکانی سیپان دەکەوێتە خوارەوە و بە سەر دارە بەنێک دا دەکەوێ، خەج کە هیچی بۆ یارمەتیدانی سیامەندی پێناکرێ هانا بۆ خەڵکی گوند دەبات لەمەڕ ڕزگار کردنی خۆشەویستەکەی، بەڵام بە هۆی بەرزی ئەو ڕەوەزەی کە سیامەند لێ هەڵدێراوە خەڵک هیچان بۆ ناکرێ، خەجیش کە گفتی بە سیامەند دابوو تا مردن لەگەڵی بێ بڕیار دەدا ئەویش خۆ هەڵدێرێ و تا دوا ساتەکانی ژیانیش لەگەڵ سیامەند بێ. خەج خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و دەکەوێتە تەنیشت سیامەند و پێش سیامەند گیانی لە دەس دەدات و هەردووکیان دەمرن.
سەرچاوە: ویکیپیدیای کوردی بۆ کۆڵێک هەڵەی ڕێنووسییەوە.

چیرۆکی گۆرانیی تەیرۆکێ
بە گوتەی 'خدر حەسەن'ی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی دارەلەک، خڕناڵ خەڵکی گوندی 'گاپیس'ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە. لە وتووێژێکدا کە ١٦ی ١٠ی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵم کردووە، ئەو داستانەی گێڕاوە: "خڕناڵ و هەڵکەتی [دوو بەیتبێژی ناوچەی موکریان] جارێکی دەچنە ئاوایی 'گردک سپییان' بۆ داوەتێ. لەوێ هەڵکەتی ئاشقی بێوەژنێکی دەبێ، سێ برای دەبن؛ نایدەنێ. لەوێوە دەچنە خزمەت میری ڕەواندزێ. میر خۆشخوانێکی دەبێ. لێیان دەپرسێ چ کارەن و لە کوێ ڕا هاتوون؟ دەڵێن لە کوێستانێ ڕا هاتووین و کوتنێ دەڵێین. میر دەڵێ ئەوەش خۆشخوانی منە. ئەگەر چاکترتان زانی ئەوە ڕاتان دەگرم. دەودەمیدا دەستەیەک تەیر لە گەرمێنێ ڕا بەرەو کوێستان دەگەڕێنەوە. هەڵکەتی بە خڕناڵ دەڵێ ئەمن لە گەرمێنێڕا بە پێهەڵکوتن دەیهێنمە ئێرە و ئەتۆش لێرەڕا بیبە بەحرێ [گۆلی ورمێ]. 'تەیرۆکێ' ئەودەمی ئەوان دایانناوە. میر خۆشخوانی خۆی بۆ ئەوان ڕووت دەکاتەوە. نامەیەکیش دەنووسی ئەو ژنەی بدەنێ. هەتا دێنەوە ژنە مێرد بە یەکی دیکە دەکا.
سەرچاوە: گەنجی سەر بە مۆر - ئەحمەدی بەحری