هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ کەسم هەی بەو تەیرەم دەڵێن ڕەش داڵە
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ کەسم هەی بەو تەیرەم دەڵێن ڕەش داڵی
ئای بۆ هەر لایێ پێی خۆش بێ دەڕوا ئەی هەزار خۆزگەم وەی بە حاڵی
نازدار بێنە ماچت کەم چاو ڕەش ئەی چونکە گەورە کچی ماڵی
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ کەسم هەی بەو تەیرەم دەڵێن چۆلەکە
ئای بە سەر هەر دارێ دەگاتێ کاکە زوو هێلانەی لێ ساز دەکا
هەی ماڵی ئەو کەسە وێران بێ ئەگەر هێلانەی لێ خرا دەکا
چیرۆکی گۆرانیی تەیرۆکێ
بە گوتەی 'خدر حەسەن'ی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی دارەلەک، خڕناڵ خەڵکی گوندی 'گاپیس'ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە. لە وتووێژێکدا کە ١٦ی ١٠ی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵم کردووە، ئەو داستانەی گێڕاوە: "خڕناڵ و هەڵکەتی [دوو بەیتبێژی ناوچەی موکریان] جارێکی دەچنە ئاوایی 'گردک سپییان' بۆ داوەتێ. لەوێ هەڵکەتی ئاشقی بێوەژنێکی دەبێ، سێ برای دەبن؛ نایدەنێ. لەوێوە دەچنە خزمەت میری ڕەواندزێ. میر خۆشخوانێکی دەبێ. لێیان دەپرسێ چ کارەن و لە کوێ ڕا هاتوون؟ دەڵێن لە کوێستانێ ڕا هاتووین و کوتنێ دەڵێین. میر دەڵێ ئەوەش خۆشخوانی منە. ئەگەر چاکترتان زانی ئەوە ڕاتان دەگرم. دەودەمیدا دەستەیەک تەیر لە گەرمێنێ ڕا بەرەو کوێستان دەگەڕێنەوە. هەڵکەتی بە خڕناڵ دەڵێ ئەمن لە گەرمێنێڕا بە پێهەڵکوتن دەیهێنمە ئێرە و ئەتۆش لێرەڕا بیبە بەحرێ [گۆلی ورمێ]. 'تەیرۆکێ' ئەودەمی ئەوان دایانناوە. میر خۆشخوانی خۆی بۆ ئەوان ڕووت دەکاتەوە. نامەیەکیش دەنووسی ئەو ژنەی بدەنێ. هەتا دێنەوە ژنە مێرد بە یەکی دیکە دەکا.
سەرچاوە: گەنجی سەر بە مۆر - ئەحمەدی بەحری