مستەفا دادار

تەیرۆکێ

بە دەنگی: مستەفا دادار
شێوەزار: سۆرانی
1421
وای وای وای وای
هاتەوە تەیرێ گەرمێنێ ئەی بە فڕینێی خاسەکەوە
ئەی قورینگ شەهێن و شمقاڕ گوڵێ ئەی تەڕلان لە لێکیان تێکڕاوە
ئەمساڵ زستانی سەختە ئەی وەرە جووت بین پێکەوە

وای وای وای وای
هاتەوە تەکڕەوی دە تەیران ئەی هێستا زستانی ماوە
هات گەییشتە چۆمی کەڵوێ ئای گەردەن کێل گوڵاوە
ئەی دەمرم هۆ دەبەر چاوانت ئەی سوار و پیادەی ڕۆناوە
ئاخ دەمرم هۆ لەبەر چاوانت ئەی سوار و پیادەی ڕۆناوە

وای وای وای وای
هاتەوە تەیرێ گەرمێنێ ئەی بە فڕینێی خاسە کەوە
ئەی قورینگ شەهێن و شمقاڕ گوڵێ ئەی تەڕلان لێکیان تێکڕاوە
ئەمساڵ زستانی سەختە ئەی وەرە جووت بین پێکەوە
چیرۆکی گۆرانیی تەیرۆکێ
بە گوتەی 'خدر حەسەن'ی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی دارەلەک، خڕناڵ خەڵکی گوندی 'گاپیس'ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە. لە وتووێژێکدا کە ١٦ی ١٠ی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵم کردووە، ئەو داستانەی گێڕاوە: "خڕناڵ و هەڵکەتی [دوو بەیتبێژی ناوچەی موکریان] جارێکی دەچنە ئاوایی 'گردک سپییان' بۆ داوەتێ. لەوێ هەڵکەتی ئاشقی بێوەژنێکی دەبێ، سێ برای دەبن؛ نایدەنێ. لەوێوە دەچنە خزمەت میری ڕەواندزێ. میر خۆشخوانێکی دەبێ. لێیان دەپرسێ چ کارەن و لە کوێ ڕا هاتوون؟ دەڵێن لە کوێستانێ ڕا هاتووین و کوتنێ دەڵێین. میر دەڵێ ئەوەش خۆشخوانی منە. ئەگەر چاکترتان زانی ئەوە ڕاتان دەگرم. دەودەمیدا دەستەیەک تەیر لە گەرمێنێ ڕا بەرەو کوێستان دەگەڕێنەوە. هەڵکەتی بە خڕناڵ دەڵێ ئەمن لە گەرمێنێڕا بە پێهەڵکوتن دەیهێنمە ئێرە و ئەتۆش لێرەڕا بیبە بەحرێ [گۆلی ورمێ]. 'تەیرۆکێ' ئەودەمی ئەوان دایانناوە. میر خۆشخوانی خۆی بۆ ئەوان ڕووت دەکاتەوە. نامەیەکیش دەنووسی ئەو ژنەی بدەنێ. هەتا دێنەوە ژنە مێرد بە یەکی دیکە دەکا.
سەرچاوە: گەنجی سەر بە مۆر - ئەحمەدی بەحری