گۆڕستانی چراکان - بەشی سێهەم

شێوەزار: سۆرانی 2186
من لە دواوە دەسم گرتووە بە پرچی «کاڵێ» و هەردووکمان بەناو خەیاڵێکی شینا ئەفڕین و ئەو لەسەر گێڕانەوەی یادداشتەکانی ڕۆژی حەشر بەردەوامە!
- قافڵە بوو
پەنجەرەی ماشێنمان کوێر و دنیا ون و هەر خۆمان خۆمان ئەبینی کات بزر بوو، شوێن بزر بوو
شەو بزر و ڕۆژ بزر و پەیڤین لەگەڵ یەکا بزر! لەش
ئەتوت توێکڵە هەناری کۆن و وشکە و  دەم پەڵاس و هەناو کوولەکەی بەتاڵ و ئەندێشەمان شریتێکی پچڕپچڕ. جۆڵانەوە بە ئاستەم و گەر پێی ڕاستت لە پێی چەپت بکەوتایە دائەچڵەکیت. ترسمان وەک مریشکەکڕە لەسەر دەقیقە و سەعاتی ئەم سەفەرە کڕ کەوتبوو. سەفەر نادیار، دیواری تەم لە مابێنی ئەو مەنزڵە و ئێمەدا بوو. کامە مەنزڵ!؟ کەس نایزانێ و پرسیار ئەبێ لە ناو خانەی بێدەنگیا ڕاکشێت و بۆ خۆی بمڕێ! دەوڵەت لە ناو ماشینێکی داپۆشراوا، بە تەنها هەر دەم و چاوی بێدەربەستی عەسکەرێکی خەواڵوو بوو «ئەرێ ئەمیش دایکی هەیە!؟ کچی هەیە!؟ کوڕی هەیە!؟ خەو ئەبینێ یان نایبینێ!؟ بیری پێخەفەکەی ئەکات!؟ بیری حەوشەی ماڵەکەیان!؟ بیری ژنێ!؟ بیری تەیرێ!؟ بیری گوێلکێ یان مەڕێ!؟ ئەرێ ئەمیش خەمی گەڕانەوە ئەخوا بۆ لای یەکێ!؟ بە خۆشەویستی ئاشنایە!؟ زیننەوەرێکی خۆش ئەوێ!؟ ئەم سەفەرەی بیر ئەمێنێ!؟»
ماشێن زەمان ئەجنێت و کات قووت ئەدا و ڕێگای درێژ هەڵئەلووشێ ئەڕوا و ئەڕوا هەر بەرەو خوار، جادە گێژ و ئەم وڕەی دێ و هەر وڕەی دێ. ڤڕەڤڕی تەنی ئاسن ڕوو لە باشوور، ئارەق بە خەیاڵ دەرئەدا و ترس و لەرزیش دائەگیرسێ، یادگاریش وەکوو چاوانی پشیلەی ناو تاریکایی ناو بە ناو بریسکەی دێ. لە زیکەزیک و وڕەدا وام هەست ئەکرد، من گوێم لە دەنگی تر ئەبێ: گەڤینی سەگەلی ناو دێ
گارەگاری مریشکەکان
سووڕانەوەی بەرداشی ئاش
یا خود هۆرەیەک پەرت پەرت و یا خود قیڕەی قەلەڕەشێکی ئێواران  یا دەنگی تەڕی پیاوەکەم لەبەر باران یا خود شەوان لوورە لوورەی ڕەوە گورگ و  یا خود گچگچەی پژاڵی ناو دارستان یان خولانەوەی باگردێن لەسەر سەربان یان دەنگی سمی وڵاخی سەر ڕێی زاخان ئۆهـ پیاوەکەم! «ئەم شوفێرە سەروکەللەی لە پشتەوە هەر لەو ئەچێ»
ئۆهـ پیاوەکەم! ئەهاتیتەوە لە ناو ڕان یان لە مەزرا و لە کێڵگەوە، تا ناوقەد تەڕ، بۆنی پونگە و بۆنی خوری و بۆنی ڕێحانەت لێ ئەهات  وەختێ بێڵەکەت دائەنا، لە پێش خۆتا  بۆن و بەرامەی گڵ و گیای بەر یەکەم بارانی دنیا، ئەهاتە ناو ماڵەکەوە منت ئەدی و ئیتر هیلاکیت ڕاو ئەنا
دائەنیشتی و هەر لەسەر لا سەرت ئەبردە ناو بێشکەی نۆبەرەوە. خەنینەوەی مناڵەکە و ماچەکانت، منیان ئەکرد بە گوڵ خەندەرانێ لەوێ. قاپێ دۆکوڵیوی گەرم لەبەر دەمتا و سەر بە هاڵا و میلی ڕادیۆکەت بائەدا و مێرگیلانی حەسەن زیرەک، بە شەونم و بە کەنێر و بە قوڕی ژێر بنچکەوە، ئەهاتنە سەر بەڕە و لباد.
تێرت ئەخوارد
ئەوسا ئیتر زەوقێکی شین لە ناو چاوتا ئەیجریوان. کە پڕ ئەبووی لە هەوەس و لە پیاوەتی، سەرت ئەکرد بێ ئۆقرەییت بۆ هەڵوەدای ناو ئامێزم تیا ئەپژا
من ئەمزانی و ئەچووم دەرگا تەنەکەکەم پێوە ئەدا
ئیتر ئەوسا هەڵئەسایت و بە هێواشی مەچەکی ڕاستت ئەگرتم و کەمێ پێش خۆتت ئەخستم و ئەتبردمە سەر دۆشەکەکەی یەکەم شەو و ئیتر ئیتر ئیتر... گەلێ جاریش لەو ساتەدا
هەر بە «با»یەکی ئەسپاییش جەستەی تەنەکەی دەرگاکە زیکەزیکی لێوە ئەهات! ئۆهـ پیاوەکەم! تۆ تاباز بووی لە باوەشتا ئەتوت ئاسکی شل و ملم لە ئەوەڵدا هەناسەمان سوار و گەرم و لە دواییشدا ئەبوو بە پرووکەی بەفر
ئۆهـ پیاوەکەم! ئەبێ ئیسە لە ئامێزی کام ئاگر و زیگاری کام مەینەتی بی؟ ئەبێ ئیستە تۆ لە کوێ بی!؟ مناڵ لە کوێ و بێشکە لە کوێ و مریشکەکان و جووجەڵە و گۆرانییەکانی زیرەک و پێکەنینی دار و بار و دۆشەکە و دەرگای تەنەکە لە کوێ بن!؟
ئۆهـ کۆرپەکەم
لەو ڕۆژەدا، لەو کۆستەدا، دایکم بووبوو بە باهۆزێ
زەرد و شێت و لە تاوانا بە بێشکەوە «لاس»ی فڕفان.  -بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟
بۆ دەر و دەشت. بۆ ئەشکەوتێ. بۆ بن بەردێ. بۆ لای خودا! -بەڵام دایە ئەوان لە هەموو شوێنێکان!
کات و جێگە، شەو، ڕووناکی، دەر و دەشت و دارستان و شاخ و کێڵگە و کوێرەڕێگە!  ئەوان لە هەموو شوێنێکان لە ناو ئاودان، لە هەوادان
ئەوان زەمانیان گرتووە چاوی ڕۆژگار و دەستی دەقیقە و سەعات و قاچی چرکەیان بەستووە
ئەوان زەمانیان گرتووە بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟
ئەوان زەمینیان لەگەڵە
ئەوان ئاسمانیان لەگەڵە
ئەوان لە پەنجەی خۆمان و ئەوان لە چاوی خۆمان و لەم زمانە و لەم جامانە و لەم جلانە و لەم دەشتانە و لەم شاخانەیان لەگەڵە
ئۆهـ کۆرپەکەم! گەر تۆ بەرن! لە پاکژی و لە ساوایی تۆ تێئەگەن؟ خەنینەوەتیان خۆش ئەوێ؟ لە ناو چاوتا کە لە زنەی ئاو ڕوونترە و لە نمەی شەونمیش پاکتر، لەو چاوەدا بێگوناهی ئەوخوێننەوە؟ بە گچکەیی خوا و خۆشەویستی ئەبینن، وەک هەموو جارێ ئەمبینین!؟
ئەوان لە یاری ئەزانن؟
یاری لەگەڵ هەردوو دەستی خرپنۆکت و کردنەوەی مشتی نووقاوت و لەرانەوەی غەبغەبەت و هەڵدانت بۆ بەرەوژوور و گرتنەوەت و ئەوان لە یاری ئەزانن؟ ئەوان پێکەنینیان هەیە؟ ئەی ئەوان فرمێسکیان هەیە؟ قەت چاوەکانیان تەڕ بووە؟
ڕوومەتی خۆیان سڕیوە؟ خەو ئەبینن؟ خەویان بینیوە تیا ببن بە چۆلەکە و بە ناو هەوای ڕەنگاوڕەنگا بفڕن؟ خەویان بینیوە تیا ببن بەو وردەماسە جوانانەی هێواش هێواش لە بندیندا دێن و دەچن و ئێسک سووکن و لە تۆ ئەچن؟ ئۆهـ کۆرپەکەم! ئەوان گوڵەگەنم و گەنمەشامی ئەکوژن و نانیش ئەخۆن! ئەوان جۆگەی ناو باوەشی شاخ ئەکوژن و بەڵام ئاویش ئەخۆنەوە! ڕەنگ ئەپۆشن و ئەشیکوژن! ئەوان ناویان محەمەد و ئەبووبەکر و عومەر و عەلی و عوسمانە و ناویان حەسەن و حوسەینە و بەڵام لە پێش گشت ناوێکا ناوەکان و نوورەکانی خوا ئەکوژن
«بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟»
ئەوان ئەتوانن بچنە ناو کون بە کونی کاتژمێر و هەناسەوە و «با» دەستگیر کەن! «بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟» ئۆهـ کۆرپەکەم! تۆ ئیساکە لە ناو باوەشی گریان و لە ناو هەنیسکی نەنەدای!؟ یان لە بەردەمی سیسارک و داڵەکانا!؟
ئۆهـ کۆرپەکەم!
لەبەر چاومە گەورە ئەبووی وەک باوکت دەنگ خۆش دەرئەچووی
وەک باوکت عاشق دەرئەچووی
ئەچوویتە سەر ملەی «شاهۆ» تێت ئەچریکان، عەلی ئەسغەر ئەهاتەوە و ئەحەپەسا
ئەچوویتە سەر «پیرەمەگروون» تێت ئەچریکان  کچە کافرۆش ئەهات و شەیدات ئەبوو لەگەڵ خۆیا ئەیبردی بۆ سەکری سەکران
بە جووت لە ناو لۆکەی هەورا ڕائەکشان
ئەبوو بە وەرزی ڕامووسان
لە ناو ماچا هەنگ شانەی دروست ئەکرد و پەپوولە باڵی ئەگرت و خۆشەویستی دائەگیرسا
گەورە ئەبووی  گڵۆپی شار ئەیبردی بۆ ژووری خوێندن قەڵەم دەستی ئەگرتیت و لەسەر کورسی خۆر دایئەنایت کتێبخانە پێش دەکەوت دنیای پێ لەبەر ئەکردی
بەحری پێ لەبەر ئەکردی گەورە ئەبووی سواری تەیارە ئەبوویت و زمانی ئەستێرەی دوور و زمانی چین و ماچین و زمانی مەل و باڵنە و زمانی سیحریش فێر ئەبووی
لەوانە بوو
فریا کەوی بە چاوی خۆت پلیکانەی تیشک ببینی چۆن ئەچێتە سەر کێوان و
لەوانە بوو ئاو ببینی بریق و باق بە هەورازا سەر بکەوێ و  لەوانە بوو، بە چاوی خۆت خەو ببینی هاتۆتە دی و هەر دوو بەری شەقامی قیر؟؟؟* چراخان و چرایش هەتا ناو ئەشکەوت و تا ڕەوەزی هەڵۆکان و ڕکەی بزنەکێوی ئەڕوات
لەوانە بوو، فریا کەوی بە چاوی خۆت لە زەمانێکی سپیدا، خاڵە «سالار»ت ببینی بە بەرگی گوڵە ژاڵەوە جارێکی دی هاتۆتەوە و دەستی ڕاسی لەسەر شانی «حەمە ڕەش» و بە دەستی چەپ سڵاو لە گەرمیان ئەکا! لەوانە بوو!  ئۆهـ کۆرپەکەم ئای عەشقەکەم. ئای شووەکەم. من ئاوێنە و تۆیش لە ناوما دێیت و ئەچی. هەر لە بیرمە بۆ یەکەمجار
لە دروێنەی گەنم و جۆی بەر مانگەشەوا یەکمان بینی ئەو شەوە مانگ لە تەوقەسەری بەمۆدا لەسەر چیچکان دانیشتبوو هەرچی چرایەکی هەبوو بەخۆیا هەڵیواسیبوو خڕ و گەورە ئەتوت سینییەکی تازەی زیوە و درەوشەدار هێند نزیک بوو، ئەگەر دروێنە نەبوایە، پشتم ڕاست ڕاست دەکردەوە و ئەچوومە سەر نووکی پەنجە و دامئەگرت و ئەمدا بە تۆ یەکەمجار بوو، عەشق بێت و پڕمان بکا لە شەونم و لە تریفە و لە تریقەی پێکەنینی گوڵە هێرۆ دروێنە بوو
مەڵۆی ئێمە و شارای ئێمە لە هەموویان گەورەتر بوو، چونکە ئەوان هەر دەستەکانی خۆیانیان لەگەڵا بوو بەڵام عەشق، دوو دەستی تازەی ئێمە بوو ئەوان هەموو هیلاک هیلاک بەڵام عەشق لە ئێمەدا سروەیێکی بەردەوامی حەسانەوە و کلووی بەفری ئارەقسڕ بوو! ئەوان هەموو، پەلەیان بوو
بەپەلەتر لە گەڕانەوەی باڵنەی پێش تاریکی بۆ هێلانە
بەپەلەتر لەو هەورانەی ڕائەکەن و کۆڵەپشتیان پڕ لە بارانی پەڵەیە و عەرد خەمیانە ئەوان هەموو خواخوایان بوو چی زووترە، وەخت وەکوو کەفەژیکلە بتوێتەوە و داسەکانیان فڕێدەن و بڕۆنەوە بەڵام تۆ و من خواخوامان بوو زەمان وەکوو گای ناو خمخۆرک بچەقێت و داس لە دەسمان نەبێتەوە و دەغڵی دروێنەکراویش لە دوای خۆمان جارێکی تر بڕوێتەوە پێشکەوتبووین، گەیشتینە ناو پەڵەیێ دەغڵی هەڵچووی هەتا بەرسنگ قامک بزێو تۆ ئاوڕێکت دایەوە و نەتهێشت ئەو دەرفەتە بمرێ
بە ئەسپایی ڕاتکێشام و شەرمی دەغڵمان شکاندوو، دوو مامزی نێر و مێ بووین لەسەر ئاوریشمی مانگەشەو ڕاکشاین و چاومان نوقان ماچێک لە سیروان درێژتر  ماچێک لە گۆمەکەی دەربەنیخان قووڵتر هەر بردینی و هەر بردینی و تا لە خەرمانەی ناو مانگا گیرساینەوە لە پڕێکا چەند جارێ لەسەریەک پژمینی پورە نازێ کە لە تەنیشتمەوە دانیشتبوو دایچڵەکاندم و هێنامیەوە ناو ماشێنەکە. لەم ساتەدا سەرنجمدا، عەسکەرەکە چەکەکەی هەڵبڕیووە و لە نزیکەوە لە لوولەکەی ورد ئەبێتەوە، لەم چەکی کڵاشینکۆفەیش لای ئێمە زۆر بوو، بەڵام ئێستا... ئێستا لە ناو چرپە ئەیانوت: هەندێ دەس و هەندێ چەکی کوڕی بەردی «پیرەمەگروون» ماونەتەوە
بڕێ لە برینی نەسرەوت بڕێ لە سروودی بەفر
هەندێ لەوانەی کە ڕۆحیان، وەک پارچەنان و ئاوێنە و نوقڵی شێعر و ڕەسمی هاوسەر و مناڵیان خستۆتە ناو هەگبەی پشت و لەگەڵ سووتوو و خۆڵەمێشی بەجێماوی خەم و ئەوینی ئێمەدا ماونەتەوە! ئازاریان چۆڵ نەکردووە گریانیان چۆڵ نەکردووە خەزانیان جێنەهێشتووە دووکەڵیان جێنەهێشتووە ماونەتەوە لەگەڵ هەتاوی بریندار... لەگەڵ تەنیایی سێبەرا... لەگەڵ نەمامی بێ باوک... لەگەڵ بنچکی بێ دایک... لەتەک گۆمی حەپەساو و لە تەک داری سەرسوڕماوا ماونەتەوە! لە ناو چرپەدا ئەیانوت: لە هەندێ کەژ گوڵ لە مەرگا ڕواونەتەوە هەواڵی فیراریش ئەیوت: هەندێ درەخت گڕیان لە خۆیان بەرداوە و یەکەم مەفرەزەی مەشخەڵن و لە سنوورەوە بە دزی دەیجوورەوە بۆ زەڵم گەڕاونەتەوە لە ناو چرپەدا ئەیانوت: چرپە ئەترسا لە چرپە و گومان داوی ئەنایەوە بۆ گومان و بەڵام ترووسکایی مۆمێک لە ناو قسەدا ئەسووتا لە کوولەکەدا ئەیانوت لە ناو چرپەدا ئەیانوت: نە یەک نە دوان و نە سەدان
لەو دەوروبەری «لەیلان»ە بانگی شێوان «مامە ڕیشە»یان بینیوە هاتووەتەوە ئەستێرەیێکی بچووک لە سنگیا شەڵاڵ بە جریوەی سوور و لەسەر دەفەی هەردوو شانی گوڵە کێویلە ڕواوە و ناو کاکۆڵی پڕ پەپوولە و لە ناو ڕیشیا گوڵ ئەستێرە ترووکاوە! بینیویانە هاتووەتەوە
ئاخر خۆ دەربەند باسەڕە و داری قۆپی و کەوەکانی ناوچەی شوان و دەشتی حەمک درۆ ناکەن!  بینیویانە و هاتووەتەوە
هەر لە ڕێوە لایداوەتە «تەنگی سەر» و ژێر کەپرە کەسکەکەی «ئارام» لەوێشەوە چەند بولبولێ دەلیلی بوون وەرچەرخاوە و سەریداوە لە باخچەکەی «عەلی مەردان» بڕوا بکەم!؟ بڕوا نەکەم!؟  نا نا نا نا! هەر ئەبێ هاتبێتەوە!  کە باران بگەڕێتەوە گوڵی دار هەنار بێتەوە! ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە!؟ کە دوو چاوی کوێرەکانی ترووسکایی بۆ بێتەوە ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە!؟ کە شمشاڵ گەڕابێتەوە بۆ بەرقەدی خەمەکانمان! ئەی ئەم بۆ نەگەڕێتەوە!؟
کە «با»ی وەشت گەڕابێتەوە
چووبێتەوە ناو باخەڵی دارستانێکی بێتاقەت! ئەی ئەم بۆ نەگەڕێتەوە!؟ کە مەرەکەب چووبێتەوە بۆ ناو پاندانەکەی «بێکەس»  ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە!؟ کە سدارەکەی «پیرەمێرد» گەڕابێتەوە لای سەری شێعر و چیرۆک ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە!؟ هاتووەتەوە! ڕەنگە ئێستا لە کاولاشەکەی ئێمەدا هەتاوێ بێ و لەسەر بەردێ دانیشتبێ  ڕەنگە بووبێ بە کەڵێکی گوێ کانییێک بە گلۆپی سەر شەقامێ لە کەرکووکا ڕەنگە لەپڕ ببێ بە دەنکە چوکلێتێ لە ناو مشتی مناڵێکا هاتووەتەوە! هاتووەتەوە و لەوانەیە ساتێکی تر یان هەر ئێستا وەک چەخماخە و موعجیزەی خوا لەم شوێنەدا پەیدا ببێ و پێش بە ماشێنی دۆزەخ و ئەم قافڵەی ڕێی نەهاتەی ئێمە بگرێ فریادڕەس بێ و نەجاتمان با!  -قافڵە بوو
من خۆم ڕەزێکی وێران و سەر هێشوویەکی قرپۆکی ناو کۆشم بوو. کوللەیەک هاتبووە ژوورێ و بە داوێنمەوە نووسابوو! لە کوێوە هات!؟ کوللەیەک بوو، زەردێکی کاڵی پووشوویی قاچی درێژ، ڕیشاڵی ورد، سەری درێژ، چاوی خۆڵین. لە کوێوە هات!؟ چۆن تێپەڕی و هاتە ژوورێ!؟ شێوەی ئەکەم
ناسیمەوە
هێشتا کچ بووم نیوەڕۆیەک ڕەوەکوللە بەری دڵ ئاسمانی گرت ڕووناکی کەوتە گیانەڵا و کوللە چاوی گوڵەگەنمی هەتاوی خوارد هەورێکی زەرد. سێبەری زەرد. کەوتە دەشت و کەوتە شاخ و هەموو دەرگامان پێوەدا! وتیان کوللەی بیابانە و ئافاتێکە لە ناو لمەوە هاتووە و لە دۆزەخەوە باڵیگرتووە و تاعوونێکە و هاتۆتە سەر ناوچەکەمان! کوللەیەک هاتبووە ژوورێ! لە کوێوە هات
زەردێکی کاڵ بۆ خوا چییە منیش بکا بە کوللەیێک لەگەڵ ئەمە بچمە دەرێ! بەڵام کوللە نەچووە دەرێ لە پڕێکدا لەسەر داوێنی منەوە بەرزبۆوە و بەناو هەموومانا ڕۆیشت و لەسەر پشتی دەستی ڕاستی عەسکەرەکە ڕێک نیشتەوە ئەو داچڵەکی و بە دوو پەنجەی دەستی چەپی کوللەی گرت و لە پێشا باڵی دەرکێشا و لە دواییدا ئەویتری فڕێدایە ژێر پێیەوە! نەحس
نەحس بوو ئەم ڕێکەوتەیش و کوللە کوژرا و لە دەرکێشانی باڵەوە تا کوشتنی چارەنووسی هەر هەمووانم تیا بینییەوە!  قافڵە بوو
خەیاڵ و ئاو
خەیاڵ ئەڕوا و ماشێن ئەڕوا و ئاو هەر نەبوو
ئاو هەر نەهات نە قومێ هات نە تنۆکێ! کوێربوون لە ناو تینویەتییا هەر وڵاتی خۆی ئەبینێ! وا ئەبینم عەسکەرەکە زەمزەمیەکەی لە لاقەدی ئەکاتەوە، زاری گەورەی بۆ بەرەوژوور دائەپچڕێ. چەند قومێکیش بەسەر سینەیا ئەڕژێ، ئەو ئەڕژێ و من کوێر ئەبم. خەیاڵ و ئاو، لە پاش قەیرێ خەیاڵ مردوو ئاو هەر نەهات. نە قومێک و نە تنۆکێ. دنیا ون و کات بزر و بەڵام ئیستا بۆنی لم و بۆنی کوللە و بۆنی سەحرا و چۆڵەوانی و بۆنی هەوای ڕقاوی دێ شۆفێرە سەربازەکە بەردەوام چاوی بڕیبووە ڕێگای درێژی بەردەمی و دەمێکیش بوو بێوچان لێی ئەخوڕی لە ماوەی یەک ساڵی جەنگا دوو برای و دوو ئامۆزای لە شەڕەکانی دزفوول و شووشا کوژرابوون. زۆر لە دوور و لە ئاسۆیەکی تەڵخا سەرەتای هەڵکردنی گێژەڵووکەیێکی بیابانی بەدیکرد.
بیری ئەکردەوە، شۆفێرەکە بیری ئەکردەوە
خۆی لەگەڵ خۆیا ئەدوا
لە دڵی خۆیدا ئەیوت: «ئەترسم ڕۆژێ دڵی خۆم، دڵی کەس نە هەر دڵی خۆم وەختی نووستن، یان لێخوڕین کاتێ ئەڵێم کە من هیچ ئاگام لەو نەبێ فرسەت بێنێ و لە ناو قەفەزەی سنگمەوە بە پێ دزکێ و بە بێ خشپە خۆی قوتار کا و هەڵبێ و بچێ لە دەرگای دڵی عەریف «سائیر» با و ئەویش بڵێ فەرموو ژوورێ و لەسەر کورسی حەوتی نیسان دابنیشێ و ئەوسا خەبەرم لێبا کە ناوبەناو لە کونی کونی ژوورەوەی ناو دەروونما من چی ئەڵێم! من ئەترسم خەیاڵی خۆم تۆقین زۆری بۆ بهێنێ و ڕۆژێ بڕوا و دەرگای ژووری شیر و شمشێر بکاتەوە و قاچ لەسەر قاچ بەرامبەری وێنەی «قەعقاع» دابنیشێ و چی ئەزانێ دەربارەی ناو و چرپەچرپ و وڕێنەکانی شەوگارم هەمووی بڵێ! من ئەترسم لچ و لێوم یان مەڵاشووم یا خود زمانە بچکۆلەم یان ددانم
ڕۆژێ حاشام لێبکەن و خەبەر لەم زمانە گەورە و لە گەرووم و لە ژێکانی ناو دەنگم بەن! من ئەترسم هەندێ «با» هەن سست و تەمەڵ نەفس نزم و لەم دەشتانەدا کەوتوون و قەت هەڵناکەن من ئەترسم «با»یەکی وایان کڕیبێ و کردبێتیان بە جاسوس و «با»ی جاسوسیش نیوەشەوێ هەر بە ناو درزی دەرگادا بە ئاسانی بێتە ژوورێ و گوێ لە هەناسە و یان پرخە و یاخود نەبزی خوێنم بگرێ و دوایی بڵێ: لەوە ئەچێ ئەم سەربازە بۆ «بەووابەی شەرقی» نەمرێ و بە مردنی خوایی بمرێ و بۆ بەیانیی قیڕ بمگرن! من ڕۆژێ چووم، دیارە هەر بە تاقی تەنیا بەسەر قامیشەڵانی زەردەڵەی مل باریک و بەسەر ئاوی بێوەژنی ناو ئەهوار و سەریفە لەش سووتاوەکەی کۆنەماڵا تۆزێ گریام لەو ڕۆژەوە ئۆقرەم هەر لەسەر ئاگرە و دەسم لەسەر دڵی ترسە و ئەڵێم نەوەک قامیشێکیان سیخوڕ بووبێ و چووبێ بۆ لای ماسییە نقەی ئاسایش و ڕاپۆرتێکی لە من دابێ چۆن گریاوم! هەر لە بیرمە من جارێکیان خەونم بینی خەونێکی سەیر! لەو خەوەدا ڕائید «حەمدان» بووبوو بە بەرازێک ڕەش و لە ساحەکەی موعەسکەرا یاری فتبۆڵی ئەکرد و خێرا خێرا بە پاشەڵی لە فتبۆڵەکەی هەڵئەدا تا ئەکەوتە سەر لمۆزی! وەختێ کە خەبەرم بۆوە کێشام بە کەللەی نەگریسما و لە ترسانا یەکەندەردوو گەرما و گەرم بینەقاقای خەوم گرت و هەر لە جێدا خەوم کوشت و چوومە دەرێ و لاشەکەیم دوور فڕێدا! وتم نەبادا ئەم خەوە بۆ شەوێ فریا بکەوێ و بڕوا و بچێتە ناو خەوی حەمدانەوە و بڵێ کە من ئەوم لە ناو خەوێکی خۆما بینیوە بۆتە بەراز من ناوێرم سەیری ئەم کوردانە بکەم ئەڵێم نەوەک چاوی «خەڵەف»ی پاسەوان لەپڕێکدا قەترەیێکی بەزەیی خوا یان یەک بریسکەی بچووکی لێبوردنی پێغەمبەرێ لە ناو چاوانما ببینێ و بەگرتمبا! ئەیانبینم و نایانبینم! زۆر نزیکن و زۆریش دوورن لە ماشێنان و تیاشیا نین بە ئێمەیان وا وتووە ئەبێ ئێوە وابزانن ئەم قافڵانە درۆن و ئەم ماشێنانە سێبەرن و کورسی چۆڵن و ئەبێ ئێوە وابزانن کە بەردەوام خەو ئەبینن خەوێ کە ناگێڕدرێتەوە هەتا هەتا! خەوێ نابێ دەقی بشکێ هەتا ئەیبەنە لای خودا» خەڵەف کۆکی و ئەم داچڵەکی و گەردەلوولی کلک کڵافەی دووری سەحرا هەتا ئەهات لە قافڵەی ڕوو لە عەدەم نزیک نزیک ئەکەوتەوە و لە پڕێکا لە ناو بەرایی تەماشای خۆڵاویا قەڵایەک و چەند قوللەیەک هەڵتۆقین و لە ناو ئێوارەی ژەنگاوی و لە ناو وەڕەی سەگی ڕەش و لە بەردەمی زەمانێکی مڕومۆچا ماشێن وەستا خەڵەف بە دەنگی بەرز وتی: «نوگرە سەلمان»
Min le dwawe desim girtuwe be pirçî «kalê»û herdûkman benaw xeyalêkî şîna efrînû ew leser gêranewey yaddaştekanî rojî heşir berdewame!
- qafle bû
Pencerey maşênman kwêrû dinya winû her xoman xoman ebînî kat bizir bû, şwên bizir bû
Şew bizrû roj bizrû peyvîn legel yeka bizir! leş
Etut twêkle henarî konû wişkew dem pelasû henaw kûlekey betalû endêşeman şirîtêkî piçripiçir. colanewe be astemû ger pêy rastit le pêy çepit bikewtaye da’eçlekît. tirsiman wek mirîşkekre leser deqîqew se’atî em sefere kir kewtibû. sefer nadyar, dîwarî tem le mabênî ew menzilew êmeda bû. kame menzil!? kes nayzanêw pirsyar ebê le naw xaney bêdengya rakşêtû bo xoy bimrê! dewlet le naw maşînêkî dapoşrawa, be tenha her demû çawî bêderbestî ’eskerêkî xewalû bû «erê emîş daykî heye!? kiçî heye!? kurî heye!? xew ebînê yan naybînê!? bîrî pêxefekey ekat!? bîrî hewşey malekeyan!? bîrî jinê!? bîrî teyrê!? bîrî gwêlkê yan merê!? erê emîş xemî geranewe exwa bo lay yekê!? be xoşewîstî aşnaye!? zînnewerêkî xoş ewê!? em seferey bîr emênê!?»
Maşên zeman ecnêtû kat qût edaw rêgay dirêj hel’elûşê erwaw erwa her berew xwar, cade gêjû em wirey dêw her wirey dê. virevrî tenî asin rû le başûr, areq be xeyal der’edaw tirsû lerzîş da’egîrsê, yadgarîş wekû çawanî pişîley naw tarîkayî naw be naw birîskey dê. le zîkezîkû wireda wam hest ekird, min gwêm le dengî tir ebê: gevînî segelî naw dê
Garegarî mirîşkekan
Sûranewey berdaşî aş
Ya xud horeyek perit pertû ya xud qîrey qelereşêkî êwaran ya dengî terî pyawekem leber baran ya xud şewan lûre lûrey rewe gurgû ya xud giçgiçey pijalî naw daristan yan xulanewey bagirdên leser serban yan dengî simî wilaxî ser rêy zaxan oh pyawekem! «em şufêre serukelley le piştewe her lew eçê»
Oh pyawekem! ehatîtewe le naw ran yan le mezraw le kêlgewe, ta nawqed ter, bonî pungew bonî xurîw bonî rêhanet lê ehat wextê bêleket da’ena, le pêş xota bonû beramey gilû gyay ber yekem baranî dinya, ehate naw malekewe minit edîw îtir hîlakît raw ena
Da’enîştîw her leser la serit ebirde naw bêşkey noberewe. xenînewey minalekew maçekanit, minyan ekird be gul xenderanê lewê. qapê dokulîwî germ leber demtaw ser be halaw mîlî radyoket ba’edaw mêrgîlanî hesen zîrek, be şewnmû be kenêrû be qurî jêr biniçkewe, ehatne ser berew libad.
Têrit exward
Ewsa îtir zewqêkî şîn le naw çawta eycirîwan. ke pir ebûy le hewesû le pyawetî, serit ekird bê oqreyît bo helweday naw amêzim tya epja
Min emzanîw eçûm derga tenekekem pêwe eda
Îtir ewsa hel’esaytû be hêwaşî meçekî rastit egirtmû kemê pêş xotit exsitmû etbirdime ser doşekekey yekem şewû îtir îtir îtir... gelê carîş lew sateda
Her be «ba»yekî espayîş cestey tenekey dergake zîkezîkî lêwe ehat! oh pyawekem! to tabaz bûy le baweşta etut askî şilû milim le ewelda henaseman swarû germû le dwayîşda ebû be pirûkey befir
Oh pyawekem! ebê îse le amêzî kam agir
û zîgarî kam meynetî bî? ebê îste to le kwê bî!? minal le kwêw bêşke le kwêw mirîşkekanû cûcelew goranîyekanî zîrekû pêkenînî darû barû doşekew dergay teneke le kwê bin!?
Oh korpekem
Lew rojeda, lew kosteda, daykim bûbû be bahozê
Zerdû şêtû le tawana be bêşkewe «las»y firfan. -bo kwê daye? bo kwêy ebey?
Bo derû deşt. bo eşkewtê. bo bin berdê. bo lay xuda! -belam daye ewan le hemû şwênêkan!
Katû cêge, şew, rûnakî, derû deştû daristanû şaxû kêlgew kwêrerêge! ewan le hemû şwênêkan le naw awdan, le hewadan
Ewan zemanyan girtuwe çawî rojgarû destî deqîqew se’atû qaçî çirkeyan bestuwe
Ewan zemanyan girtuwe bo kwê daye? bo kwêy ebey?
Ewan zemînyan legele
Ewan asmanyan legele
Ewan le pencey xomanû ewan le çawî xomanû lem zimanew lem camanew lem cilanew lem deştanew lem şaxaneyan legele
Oh korpekem! ger to berin! le pakjîw le sawayî to tê’egen? xenînewetyan xoş ewê? le naw çawta ke le ziney aw rûntirew le nimey şewnimîş paktir, lew çaweda bêgunahî ewxiwênnewe? be giçkeyî xwaw xoşewîstî ebînin, wek hemû carê embînîn!?
Ewan le yarî ezanin?
Yarî legel herdû destî xirpinoktû kirdinewey miştî nûqawtû leranewey xebxebetû heldanit bo berewjûrû girtinewetû ewan le yarî ezanin? ewan pêkenînyan heye? ey ewan firmêskyan heye? qet çawekanyan ter buwe?
Rûmetî xoyan sirîwe? xew ebînin? xewyan bînîwe tya bibin be çolekew be naw heway rengawrenga bifirn? xewyan bînîwe tya bibin bew wirdemase cwananey hêwaş hêwaş le bindînda dênû deçnû êsk sûknû le to eçin? oh korpekem! ewan gulegenmû genmeşamî ekujnû nanîş exon! ewan cogey naw baweşî şax ekujnû belam awîş exonewe! reng epoşnû eşîkujin! ewan nawyan mihemedû ebûbekrû ’umerû ’elîw ’usmanew nawyan hesenû huseynew belam le pêş gişt nawêka nawekanû nûrekanî xwa ekujin
«bo kwê daye? bo kwêy ebey?»
Ewan etwanin biçne naw kun be kunî katjimêrû henasewew «ba» destigîr ken! «bo kwê daye? bo kwêy ebey?» oh korpekem! to îsake le naw baweşî giryanû le naw henîskî neneday!? yan le berdemî sîsarkû dalekana!?
Oh korpekem!
Leber çawme gewre ebûy wek bawkit deng xoş der’eçûy
Wek bawkit ’aşiq der’eçûy
Eçûyte ser miley «şaho» têt eçrîkan, ’elî esxer ehatewew ehepesa
Eçûyte ser «pîremegrûn» têt eçrîkan kiçe kafroş ehatû şeydat ebû legel xoya eybirdî bo sekirî sekiran
Be cût le naw lokey hewra ra’ekşan
Ebû be werzî ramûsan
Le naw maça heng şaney dirust ekirdû pepûle balî egirtû xoşewîstî da’egîrsa
Gewre ebûy gilopî şar eybirdî bo jûrî xwêndin qelem destî egirtîtû leser kursî xor day’enayt kitêbxane pêş dekewt dinyay pê leber ekirdî
Behrî pê leber ekirdî gewre ebûy swarî teyare ebûytû zimanî estêrey dûrû zimanî çînû maçînû zimanî melû balnew zimanî sîhrîş fêr ebûy
Lewane bû
Firya kewî be çawî xot pilîkaney tîşk bibînî çon eçête ser kêwanû
Lewane bû aw bibînî birîqû baq be hewraza ser bikewêw lewane bû, be çawî xot xew bibînî hatote dîw her dû berî şeqamî qîr???* çiraxanû çirayş heta naw eşkewtû ta rewezî helokanû rikey biznekêwî erwat
Lewane bû, firya kewî be çawî xot le zemanêkî sipîda, xale «salar»t bibînî be bergî gule jalewe carêkî dî hatotewew destî rasî leser şanî «heme reş»û be destî çep silaw le germyan eka! lewane bû! oh korpekem ay ’eşqekem. ay şuwekem. min awênew toyş le nawma dêytû eçî. her le bîrme bo yekemcar
Le dirwêney genmû coy ber mangeşewa yekman bînî ew şewe mang le tewqeserî bemoda leser çîçkan danîştibû herçî çirayekî hebû bexoya helîwasîbû xirû gewre etut sînîyekî tazey zîwew direwşedar hênd nizîk bû, eger dirwêne nebwaye, piştim rast rast dekirdewew eçûme ser nûkî pencew dam’egirtû emda be to yekemcar bû, ’eşq bêtû pirman bika le şewnmû le tirîfew le tirîqey pêkenînî gule hêro dirwêne bû
Meloy êmew şaray ême le hemûyan gewretir bû, çunke ewan her destekanî xoyanyan legela bû belam ’eşq, dû destî tazey ême bû ewan hemû hîlak hîlak belam ’eşq le êmeda sirweyêkî berdewamî hesanewew kilûy befrî areqsir bû! ewan hemû, peleyan bû
Bepeletir le geranewey balney pêş tarîkî bo hêlane
Bepeletir lew hewraney ra’ekenû kolepşityan pir le baranî peleyew ’erd xemyane ewan hemû xwaxwayan bû çî zûtre, wext wekû kefejîkle bitwêtewew dasekanyan firêdenû bironewe belam tow min xwaxwaman bû zeman wekû gay naw ximxork biçeqêtû das le desman nebêtewew dexlî dirwênekirawîş le dway xoman carêkî tir birwêtewe pêşkewtibûyn, geyştîne naw peleyê dexlî helçûy heta bersing qamk bizêw to awrêkit dayewew nethêşt ew derfete bimrê
Be espayî ratkêşamû şermî dexliman şikandû, dû mamzî nêrû mê bûyn leser awrîşmî mangeşew rakşaynû çawman nuqan maçêk le sîrwan dirêjtir maçêk le gomekey derbenîxan qûltir her birdînîw her birdînîw ta le xermaney naw manga gîrsaynewe le pirêka çend carê leseryek pijmînî pure nazê ke le tenîştimewe danîştibû dayçilekandmû hênamyewe naw maşêneke. lem sateda serincimda, ’eskereke çekekey helbirîwwew le nizîkewe le lûlekey wird ebêtewe, lem çekî kilaşînkofeyş lay ême zor bû, belam êsta... êsta le naw çirpe eyanut: hendê desû hendê çekî kurî berdî «pîremegrûn» mawnetewe
Birê le birînî nesrewt birê le sirûdî befir
Hendê lewaney ke rohyan, wek parçenanû awênew nuqlî şê’rû resmî hawserû minalyan xistote naw hegbey piştû legel sûtûw xolemêşî becêmawî xemû ewînî êmeda mawnetewe! azaryan çol nekirduwe giryanyan çol nekirduwe xezanyan cênehêştuwe dûkelyan cênehêştuwe mawnetewe legel hetawî birîndar... legel tenyayî sêbera... legel nemamî bê bawik... legel biniçkî bê dayk... letek gomî hepesawû le tek darî sersurmawa mawnetewe! le naw çirpeda eyanut: le hendê kej gul le merga rwawnetewe hewalî fîrarîş eyut: hendê dirext giryan le xoyan berdawew yekem mefrezey meşxelnû le sinûrewe be dizî deycûrewe bo zelim gerawnetewe le naw çirpeda eyanut: çirpe etirsa le çirpew guman dawî enayewe bo gumanû belam tirûskayî momêk le naw qiseda esûta le kûlekeda eyanut le naw çirpeda eyanut: ne yek ne dwanû ne sedan
Lew dewruberî «leylan»e bangî şêwan «mame rîşe»yan bînîwe hatuwetewe estêreyêkî biçûk le singya şelal be cirîwey sûrû leser defey herdû şanî gule kêwîle rwawew naw kakolî pir pepûlew le naw rîşya gul estêre tirûkawe! bînîwyane hatuwetewe
Axir xo derbend baserew darî qopîw kewekanî nawçey şwanû deştî hemk diro naken! bînîwyanew hatuwetewe
Her le rêwe laydawete «tengî ser»û jêr kepre keskekey «aram» lewêşewe çend bulbulê delîlî bûn werçerxawew serîdawe le baxçekey «’elî merdan» birwa bikem!? birwa nekem!? na na na na! her ebê hatbêtewe! ke baran bigerêtewe gulî dar henar bêtewe! îtir em bo neyêtewe!? ke dû çawî kwêrekanî tirûskayî bo bêtewe îtir em bo neyêtewe!? ke şimşal gerabêtewe bo berqedî xemekanman! ey em bo negerêtewe!?
Ke «ba»y weşt gerabêtewe
Çûbêtewe naw baxelî daristanêkî bêtaqet! ey em bo negerêtewe!? ke merekeb çûbêtewe bo naw pandanekey «bêkes» îtir em bo neyêtewe!? ke sidarekey «pîremêrd» gerabêtewe lay serî şê’rû çîrok îtir em bo neyêtewe!? hatuwetewe! renge êsta le kawlaşekey êmeda hetawê bêw leser berdê danîştibê renge bûbê be kelêkî gwê kanîyêk be gilopî ser şeqamê le kerkûka renge lepir bibê be denke çuklêtê le naw miştî minalêka hatuwetewe! hatuwetewew lewaneye satêkî tir yan her êsta wek çexmaxew mu’cîzey xwa lem şwêneda peyda bibêw pêş be maşênî dozexû em qafley rêy nehatey ême bigrê firyadres bêw necatman ba! -qafle bû
Min xom rezêkî wêranû ser hêşûyekî qirpokî naw koşim bû. kulleyek hatbuwe jûrêw be dawênmewe nûsabû! le kwêwe hat!? kulleyek bû, zerdêkî kalî pûşûyî qaçî dirêj, rîşalî wird, serî dirêj, çawî xolîn. le kwêwe hat!? çon têperîw hate jûrê!? şêwey ekem
Nasîmewe
Hêşta kiç bûm nîweroyek rewekulle berî dil asmanî girt rûnakî kewte gyanelaw kulle çawî gulegenmî hetawî xward hewrêkî zerd. sêberî zerd. kewte deştû kewte şaxû hemû dergaman pêweda! wityan kulley byabanew afatêke le naw limewe hatuwew le dozexewe balîgirtuwew ta’ûnêkew hatote ser nawçekeman! kulleyek hatbuwe jûrê! le kwêwe hat
Zerdêkî kal bo xwa çîye minîş bika be kulleyêk legel eme biçme derê! belam kulle neçuwe derê le pirêkda leser dawênî minewe berizbowew benaw hemûmana royştû leser piştî destî rastî ’eskereke rêk nîştewe ew daçlekîw be dû pencey destî çepî kulley girtû le pêşa balî derkêşaw le dwayîda ewîtrî firêdaye jêr pêyewe! nehis
Nehis bû em rêkewteyşû kulle kujraw le derkêşanî balewe ta kuştinî çarenûsî her hemuwanim tya bînîyewe! qafle bû
Xeyalû aw
Xeyal erwaw maşên erwaw aw her nebû
Aw her nehat ne qumê hat ne tinokê! kwêrbûn le naw tînuyetîya her wilatî xoy ebînê! wa ebînim ’eskereke zemzemyekey le laqedî ekatewe, zarî gewrey bo berewjûr da’epçirê. çend qumêkîş beser sîneya erjê, ew erjêw min kwêr ebim. xeyalû aw, le paş qeyrê xeyal mirdû aw her nehat. ne qumêkû ne tinokê. dinya winû kat bizrû belam îsta bonî limû bonî kullew bonî sehraw çolewanîw bonî heway riqawî dê şofêre serbazeke berdewam çawî birîbuwe rêgay dirêjî berdemîw demêkîş bû bêwçan lêy exurî le mawey yek salî cenga dû birayû dû amozay le şerekanî dizfûlû şûşa kujrabûn. zor le dûrû le asoyekî telxa seretay helkirdinî gêjelûkeyêkî byabanî bedîkird.
Bîrî ekirdewe, şofêreke bîrî ekirdewe
Xoy legel xoya edwa
Le dilî xoyda eyut: «etirsim rojê dilî xom, dilî kes ne her dilî xom wextî nûstin, yan lêxurîn katê elêm ke min hîç agam lew nebê firset bênêw le naw qefezey singimewe be pê dizkêw be bê xişpe xoy qutar kaw helbêw biçê le dergay dilî ’erîf «sa’îr» baw ewîş bilê fermû jûrêw leser kursî hewtî nîsan dabnîşêw ewsa xeberim lêba ke nawbenaw le kunî kunî jûrewey naw derûnma min çî elêm! min etirsim xeyalî xom toqîn zorî bo bihênêw rojê birwaw dergay jûrî şîrû şimşêr bikatewew qaç leser qaç beramberî wêney «qe’qa’» dabnîşêw çî ezanê derbarey nawû çirpeçirpû wirênekanî şewgarim hemûy bilê! min etirsim liçû lêwim yan melaşûm ya xud zimane biçkolem yan didanim
Rojê haşam lêbkenû xeber lem zimane gewrew le gerûmû le jêkanî naw dengim ben! min etirsim hendê «ba» hen sistû temel nefis nizmû lem deştaneda kewtûnû qet helnaken min etirsim «ba»yekî wayan kirîbêw kirdibêtyan be casusû «ba»y casusîş nîweşewê her be naw dirzî dergada be asanî bête jûrêw gwê le henasew yan pirxew yaxud nebzî xwênim bigrêw dwayî bilê: lewe eçê em serbaze bo «bewwabey şerqî» nemrêw be mirdinî xwayî bimrêw bo beyanîy qîr bimgirin! min rojê çûm, dyare her be taqî tenya beser qamîşelanî zerdeley mil barîkû beser awî bêwejnî naw ehwarû serîfe leş sûtawekey konemala tozê giryam lew rojewe oqrem her leser agir
ew desim leser dilî tirsew elêm newek qamîşêkyan sîxur bûbêw çûbê bo lay masîye niqey asayşû raportêkî le min dabê çon giryawim! her le bîrme min carêkyan xewnim bînî xewnêkî seyr! lew xeweda ra’îd «hemdan» bûbû be berazêk reşû le sahekey mu’eskera yarî fitbolî ekirdû xêra xêra be paşelî le fitbolekey hel’eda ta ekewte ser limozî! wextê ke xeberim bowe kêşam be kelley negrîsmaw le tirsana yekenderdû germaw germ bîneqaqay xewm girtû her le cêda xewm kuştû çûme derêw laşekeym dûr firêda! witim nebada em xewe bo şewê firya bikewêw birwaw biçête naw xewî hemdanewew bilê ke min ewm le naw xewêkî xoma bînîwe bote beraz min nawêrim seyrî em kurdane bikem elêm newek çawî «xelef»y pasewan leprêkda qetreyêkî bezeyî xwa yan yek birîskey biçûkî lêburdinî pêxemberê le naw çawanma bibînêw begirtimba! eyanbînmû nayanbînim! zor nizîknû zorîş dûrin le maşênanû tyaşya nîn be êmeyan wa wituwe ebê êwe wabzanin em qaflane dironû em maşênane sêbernû kursî çolnû ebê êwe wabzanin ke berdewam xew ebînin xewê ke nagêrdirêtewe heta heta! xewê nabê deqî bişkê heta eybene lay xuda» xelef kokîw em daçlekîw gerdelûlî kilk kilafey dûrî sehra heta ehat le qafley rû le ’edem nizîk nizîk ekewtewew le pirêka le naw berayî temaşay xolawya qelayekû çend qulleyek heltoqînû le naw êwarey jengawîw le naw werey segî reşû le berdemî zemanêkî mirumoça maşên westa xelef be dengî berz witî: «nugre selman»

ڕاپۆرتی هەڵە