لەپاش کۆچت هەنگی ڕۆحم لە ناو ڕۆحما بەجێ ماوە
چاوەکانم دەریای ئەشکی چاوەکانتیان تێ ڕژاوە
سروەی دەنگە بەسۆزەکەت لە ناخمدا سەما دەکا
هەموو ڕۆژێک بۆ دیتنەوەت دڵم هەر بە تەما دەکا
هەتا ماوم هیچ ئاوازێ هەستی هەناوم ناگۆڕێ
بەو کۆچەی تۆ خەم لەناخی دڵی تاساوم دەچۆڕێ
خاتوونێ خاتوونەکەم نیشتمانم جێ مەهێڵە
نیشتمانی ئەم دڵەی من ڕێبوارێکی ماندووی وێڵە
تۆ دەزانی چەند هەناسەی یادگاریم لە سینگتایە
چەند دیمەنی پڕ ژوانمان لە ئالبۆمی دیدەتایە
تۆ دەزانی ڕۆژانێک بوو نیوەی جەستەی لاوازم بووی
نەغمەی تاری پڕ لەسۆز و چەلۆی دەنگ و ئاوازم بووی
کەچی ئێستا منی بێ تۆ شەپۆلێکی بێ کەنارم
میوانێکی بێ خانەخوێ و کوێستانێکی بێ هەوارم
باڵندەکانیش وەکوو من بۆ هاتنەوەت دەم بە دوێتن
تێکڕا کۆڕی پەپوولەکان بە سروودێک چاوەڕێتن
دڵنیا بە و چاوەڕێ بە خاتوونەکەم هەر دێمە لات
دیاری دەستم بەراتێکە پڕ لە ماچی دەمی وڵات