ڕۆژنامە بێ ڕۆژگارەکان
شەونامە بێ دیوارەکان
لە وڵاتی نەفەس بۆ با
هەواڵی وا بە ڕی ئەکا
وشەیەک بە چەقۆ کۆژرا
ماسییەک بە تەناف خنکا
یادێک بە ساتوور لەت لەت بوو
جوانی قژی پێو نەما
هەرچی پەپوولەی باڵ ڕووتە
ڕۆحی ورد بوو، باڵی شکا
ئەڵێن نامەیەک عاشقانە،
چەند زەربە شەللاقیان لێ دا
ئەڵێن ئاواتێ خوەی سووتان
بەهاریش کولیەی خوەی فرۆشت
ئەیژن ئیتر خوێن پووڵ ناکا
هەر لە داخا ڕەگێ خوەی کوشت
ئەڵێن ماچێ لەم بەر جادە
تا گەییشتە ئەو بەر جادە
هەم ئابڕووی چوو،
هەم شێت کرا
وریا بن جادەیەک نەما
ئەیژن دووکەڵ ئەونە فرەس
هەورەکانی خنکاندووە
قەنارییەکانیش خومارن
هیوا خەوی لێ کەوتووە
ئەڵێن سەفی کۆپین نەما
بەڵام سەرەی زیندان زۆرە
دایکێ لەباتی مولاقات
نایلۆنێ لیباسیان پێ دا
عەجەب شارێکی نامۆیە
بڕوا باوەڕی نەماوە
ئینسان ئیتر ئابڕووی چووگە
خەڵکیش ئیتر خوای نەماوە
ئەڵێن خەونێک سەکتەی لێ دا
قەرزاری سەگ و سووتک بوو
ئەیژن نانی تاکسیەکان،
ڕۆژێ سەد جار چوو بە هینا