ئەمە کام شاری ڕەنگینە کە وێنەی کوڵمی بۆکانە
بە مانا بووکی شارانە بە ڕاسی شاری بۆکانە
دەوایە سورمەیە بۆ چاوەکانم خاکی کوردستان
دڵم هەر وا لەوێ هەر چەند لەشم تاراوی تارانە
دڵم هەر وا لەوێ هەر چەند لەشم تاراوی تارانە
لە پایەندازی بۆکاندا ئەوەی کەم دێ سەر و ماڵە
کە بۆ سەرگەردی بۆکانی ئەوەی زۆرە دڵ و گیانە
بەیانی کیژی بۆکانی کە دێ و دەڕوا لە بۆ کانی
بریقەی گوڵبەرۆکانی لە چاوی خۆر ئەدا تانە
بریقەی گوڵبەرۆکانی لە چاوی خۆر ئەدا تانە
شەماڵ ماچ کە بە جێی من باغی میراوا و قڵای سەردار
کە ئەم جێ بەزمی میرموکری ئەویش ڕاوگەی عەزیزانە
ئەگەر گیانیش فیدا کەم دڵ لە بۆکان ناکەنم گیانا
کە دڵ کەندن لەوێ سەختە بەڵام گیان کەندن ئاسانە
کە دڵ کەندن لەوێ سەختە بەڵام گیان کەندن ئاسانە
گەلێ هونەر وەکوو سوارە و ئەدەب لەو خاکە هەڵکەوتن
کە ئێستاش چاوی دایکی نیشتمان بۆیان بە گریانە
لە ناڵەشکێنە دەنگی زیر و بەم گوێی دڵ ئەلاوێنێ
چریکەی زیرەکە یا خۆ زریکەی مورغی خۆشخوانە
چریکەی زیرەکە یا خۆ زریکەی مورغی خۆشخوانە