وا خەریکە بازی غوربەت
چاوی دڵم هەڵئەکۆڵێ
هەر بە نینۆک لە دەشتی لاخ
شەمامەی ڕۆح هەڵئەکۆڵێ
لە من گەڕێ ئەی بازی گەڕ
بە مردنیش پێت ناخورێم
من لە خۆما دیوارێکم
سەد نیشتمان پێت ناڕوخێم
چاوم خێوەتی گەرمیانە و
دڵم دەشتی شارەزوورە
دەسم خوێنی سلێمانی و
سەرم سنەی بە مەهجوورە
قامەتم خۆ نەخشی قەڵای
پیرە شاری هەولێریانە
هەناسەم خۆ بۆن دووکەڵ
نەورۆزەکەی کوردستانە
با سەریشم لە هەڵاڵەی
بەفرا سپی بچێتەوە
لە دووکەڵا بە سەر کوانووی
بەر بارانا بشکێتەوە
با ڕەنگیشم بە ڕەنگی زام
بە وەنەوشەی بێ ئاو بچێ
لە ژێر زەڵمی فرمێسکا دڵ
هەر بە بەردی چەمان بچێ
وا خەریکە بازی غوربەت
چاوی دڵم هەڵئەکۆڵێ
هەر بە نینۆک لە دەشتی لاخ
شەمامەی ڕۆح هەڵئەکۆڵێ
ئەی بازی گەڕ لە من هەڵێ
من خۆم غوربەت بە ڕۆح دێنم
ئیتر من چۆن لە گەڵ تۆدا
شەڕی غوربەت ئەدۆڕێنم