جادە چۆڵ و سێبەر بوو، کاتی بەیانی
ئەڕۆییشتم خەیاڵاوی ئەمڕوانی
بۆ سەوزایی دەوروپشتم، بۆ ئاسمان
بۆ شاخی بەرز، خانووی تازە، دنیای جوان
ئەڕۆییشتم بە ئەسپایی، کش و مات
لاشە سست و دڵ کەیلی تاسە و ئاوات
جادە چۆڵ و سێبەر بوو، کاتی بەیانی
ئەڕۆییشتم خەیاڵاوی ئەمڕوانی
لەپڕ، نازانم چۆن سەرم هەڵبڕی
بەرامبەرم بەژنێ دەرکەوت وەک پەری
لەگەڵ ئەوەی لە عاباوە ئاڵا بوو
لە دیمەنی شیرینی ئاشکرا بوو
جادە چۆڵ و سێبەر بوو، کاتی بەیانی
ئەڕۆییشتم خەیاڵاوی ئەمڕوانی
باڵابەرز و بچکۆلەپێ و ئیسکارپین
گۆرەوی و پووز: سفت و سپی و ئاوریشمین
ئەڕۆییم و دزەی نیگام جارجارێک
لە ژێر عابای ڕەشا ئەیدی نازدارێک
جادە چۆڵ و سێبەر بوو، کاتی بەیانی
ئەڕۆییشتم خەیاڵاوی ئەمڕوانی
بە ڕەوتی کەو، لەنجەی تاوس و قومری
گورج گورج، جوان جوان ئەهات و جادەی ئەبڕی
مابووی بگاتە عاستم چەن هەنگاوێ
درزێ کەوتە پەچە و دیم نیگای چاوێ
جادە چۆڵ و سێبەر بوو، کاتی بەیانی
ئەڕۆییشتم خەیاڵاوی ئەمڕوانی
دەست و پەنجە و مەچەکێک و نیگایێک
چی بنووسم؟ خوایە هێزی ئینشایەک
قۆڵ و مەچەک ساف و سپی وەک شووشە
سەرپەنجەکان یاقووتێ بوون بە ورشە
جادە چۆڵ و سێبەر بوو، کاتی بەیانی
ئەڕۆییشتم خەیاڵاوی ئەمڕوانی