سەرمای گەلێ شارانم دی
بەڵام پەنجەم لە گۆ نەچوون
چونکە سەرمای هەموو جێیە
تیشکی ڕۆژی نیشتیمانی منی تیایە
گەرمای گەلێ شارانم دی
بەڵام گیانم وەڕس نەبوو
چونکە گەرمای هەموو جێیە
سروەیەکی نیشتیمانی منی تیایە
چاوی کچی ئەوروپایی گەر شینیش بێ خۆشم ئەوێن
وا تێدەگەم شینترین چاو سەوزترین چاو لەم دونیایە
تۆزێ ڕەشیی چاوی کچی نیشتیمانی منی تیایە
نیشتیمانم تۆ وەک تانەی، تۆ وەک تانەی لەسەر چاوم
تۆ وەک تەمی لە گشت لاوە، لە گشت لاوە دەورەت داوم
تۆ ئاوێنەی لە ناو تۆدا هەموو دونیا بەدی ئەکەم
تۆ تەیمانی بە هۆی تۆوە هیچ نابینم
نە کەل دەبینم نە زەوی، نەخوا دەبینم نە ئاسمان
جا نازانم نیشتیمانم نە جیهان وەک تۆ بچووکە
نە تۆش گەورەی بەقەد جیهان