هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ های بە فڕینێی خاسەکەوە
های پۆلێ شەهێن و شمقار گوڵێ هەی تەڕلان لێکیان تێکڕاوە
هەی دەمرم هۆ دەبەر چاوانت هەی سوار و پیادەی ڕۆناوە
هاتەوەی تەیرێی گەرمێنێ هەی هێستا زستانی ماوە
هات گەیشتە چۆمی کەڵوێ ئەی گەردن کێل گوڵاوە
ئاخ ئەوساڵ زستانی سەختە دەی وەرە جووت بین پێکەوە
هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ های لە دوور دێ شەقەی باڵی
جا بۆ هەر لایەک پێی خۆش بێت و دەڕوا وای هەزار خۆزگەم بە حاڵی
هاتەوە تەیرێی گەرمێنێ هەی بە فڕینێی خاسەکەوە
های پۆلێک شەهێن و شمقار گوڵێ هەی تەڕلان لێکیان تێکڕاوە
هەی دەمرم هۆ دەبەر چاوانت هەی سوار و پیادەی ڕۆناوە
چیرۆکی گۆرانیی تەیرۆکێ
بە گوتەی 'خدر حەسەن'ی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی دارەلەک، خڕناڵ خەڵکی گوندی 'گاپیس'ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە. لە وتووێژێکدا کە ١٦ی ١٠ی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵم کردووە، ئەو داستانەی گێڕاوە: "خڕناڵ و هەڵکەتی [دوو بەیتبێژی ناوچەی موکریان] جارێکی دەچنە ئاوایی 'گردک سپییان' بۆ داوەتێ. لەوێ هەڵکەتی ئاشقی بێوەژنێکی دەبێ، سێ برای دەبن؛ نایدەنێ. لەوێوە دەچنە خزمەت میری ڕەواندزێ. میر خۆشخوانێکی دەبێ. لێیان دەپرسێ چ کارەن و لە کوێ ڕا هاتوون؟ دەڵێن لە کوێستانێ ڕا هاتووین و کوتنێ دەڵێین. میر دەڵێ ئەوەش خۆشخوانی منە. ئەگەر چاکترتان زانی ئەوە ڕاتان دەگرم. دەودەمیدا دەستەیەک تەیر لە گەرمێنێ ڕا بەرەو کوێستان دەگەڕێنەوە. هەڵکەتی بە خڕناڵ دەڵێ ئەمن لە گەرمێنێڕا بە پێهەڵکوتن دەیهێنمە ئێرە و ئەتۆش لێرەڕا بیبە بەحرێ [گۆلی ورمێ]. 'تەیرۆکێ' ئەودەمی ئەوان دایانناوە. میر خۆشخوانی خۆی بۆ ئەوان ڕووت دەکاتەوە. نامەیەکیش دەنووسی ئەو ژنەی بدەنێ. هەتا دێنەوە ژنە مێرد بە یەکی دیکە دەکا.
سەرچاوە: گەنجی سەر بە مۆر - ئەحمەدی بەحری