
هۆ دوورێ گیان هۆ باوانم هۆ خۆشەویستترین کەسم
گەر ئەتوانی لە خەوێکا بێ و بە توندی بیگرە دەسم
ئاخ دوورێ گیان ئاخ باوانم بمبە بۆ ئەو دوور دوورانە
بەڵێنی ڕاستیم بدەرێ بڵێ ئەتبەم بەم زووانە
شەوە و دیسان بۆ هاتنەوەت فەرشی دڵم ڕاخستووە
درگام لەسەر هەرچی خەمە بۆ ئەو ساتە داخستووە
بگە فریام بە هاتنت دیدەم پڕ کە لە سەیری خۆت
ئەمشەو دڵم تاسەی کردووی هیچم ناوێ بە غەیری خۆت
هۆ دوورێ گیان هۆ باوانم هۆ خۆشەویستترین کەسم
گەر ئەتوانی لە خەوێکا بێ و بە توندی بیگرە دەسم
نازانی چەند بیرت ئەکەم نازانی چەند بە تاسەم بۆت
نازانی وەختە وشک بێت لە سینەما هەناسەم بۆت
لە تۆدا خۆمم بینیوە لە ئاوێنە هەر ناڕوانم
مەڵێ نێوانمان شێواوە، دڵنیا بە چون ناتوانم
هۆ دوورێ گیان هۆ باوانم هۆ خۆشەویستترین کەسم
گەر ئەتوانی لە خەوێکا بێ و بە توندی بیگرە دەسم