شۆڕش مەحموودی

دەردی ئەوین

بە دەنگی: شۆڕش مەحموودی
شێوەزار: سۆرانی
104
یاران یادم کەن ئەی هاوار یاران یادم کەن
یادی دڵەکەی ئا توخوا نامرادم کەن
بە ویسالی یار ئەی هاوار دەمێک شادم کەن
لە بەندیخانەی ئا توخوا خەم ئازادم کەن
عیلاجی ژانی ئەی هاوار کۆنەبرینم کەن
ئاو لە دەروونی ئەی هاوار ئاگرینم کەن
یاران یادم کەن ئەی هاوار یاران یادم کەن
یادی دڵەکەی ئا توخوا نامرادم کەن

نامە بە خوێنی ئەی هاوار هەناوی بریان
بنووسن ئەمما ئا توخوا مەیدەن بە زریان
بیدەن بە شەماڵ ئەی هاوار هەناسەی پەریان
بیباتە حوزوور ئا توخوا شۆخی موکریان
بانگی تەبیبێک ئەی هاوار بۆ سەرینم کەن
سۆراغی یاری ئەی هاوار نازەنینم کەن
یاران یادم کەن ئەی هاوار یاران یادم کەن
یادی دڵەکەی ئا توخوا نامرادم کەن

یاران پێم خۆشە ئەی هاوار گۆڕم لە بان بێ
با گوێم لە قاسپەی ئا توخوا خۆشی کەوان بێ
با گوێم لە ڕازی ئەی هاوار شمشاڵی شوان بێ
با گوێم لە قاقای ئا توخوا بێریانی جوان بێ
خانەخوێی بەزمی ئەی هاوار پڕ ئەوینم کەن
نەکەن هەر بێن و ئەی هاوار گەرمەشینم کەن
یاران یادم کەن ئەی هاوار یاران یادم کەن
یادی دڵەکەی ئا توخوا نامرادم کەن
هۆنراوە: ناسر ئاغابرا (ژاکاو)