لەو دیو سنووری تەریقەتەوە
تۆ دەپەرستم شەیدایی وایە
بێباکم لەوەی خوێنم حەڵاڵ کەن
کوا عاشقی ڕاست گوێی لە دنیایە
منیش مەنسوورم ئەم ڕێیە دەگرم
ڕێگای بەرەو تۆ بۆ من بڕوایە
جاڕی فیدابوون ئەمجار من ئەیدەم
چونکە مەعبوودم لەناو دڵمایە
بانگی عەشق ئەدەم تا دوا هەناسەم
چوون عەشق پاکە و پیرۆزیی تیایە
فەنا بووم لەناو دنیای ئەوینا
کەچی پێم وایە هەر سەرەتایە
من لە پەروانە فێری ئەوین بووم
هەتاکوو سووتان ڕووم لە چرایە
چۆن سوجدە دەبەم بۆ عاشقێکیتر
کە باڵای عەشقی تۆ لە هەورایە