چاوەکانت بێدەنگ ئەدوێن
نیگا ئەکەن زۆر شت ئەڵێن
ئەوەی بە دەم نایدرکێنی
ئەوەی لات بۆتە نهێنی
هەر کاتێ سەرنجیان ئەدەم
ئاشکرا لێیان تێ ئەگەم
چاوەکانت جووتێ چران
بۆ ڕووناکی ڕێم هەڵکران
لە ڕێی سەختی بەرەو ژوورا
بە شوێن هیوای بەرز و دوورا
نیگایان وزە و تینمە
تێشووی سەفەری ژینمە
چاوەکانت جووتێ خۆرن
وان بە ئاسمانی دڵەوە
سروشت تیشکی لێ دزیوە
وا بە ڕوومەتی گوڵەوە
گوڵیش بۆیە پێکەنیوە
خەندەی لە لێوت دزیوە
چاوەکانت بێدەنگ ئەدوێن
نیگا ئەکەن زۆر شت ئەڵێن
ئەوەی بە دەم نایدرکێنی
ئەوەی لات بۆتە نهێنی
هەر کاتێ سەرنجیان ئەدەم
ئاشکرا لێیان تێ ئەگەم