بەهار بوو فەسڵی زستانم ئەگەر یارم لەگەڵ بایە
درۆیە گەر گوتوویانە بە خونچێکی بەهار نایە
لە بارانێ مەپرسە تا هەور بگرێ بەری ڕۆژێ
دەبێ بگریم هەتا ڕووی تۆ لە ژێر چارشێوی ڕەشدایە
هەناسەم لادەدا ڕووبەند و چارشێوی ڕەشت ئاخر
هەور هەرچەندە پڕ بێ کوا حەریفی قودرەتی بایە؟
لە ژێر سایەی برۆکەتدا حوکمڕانی دەکا چاوت
لە سایەی دووخی شمشێرە کە حاکم حوکمی ئیجرایە
لەسەر بەفرێ بەکار نایە وەکو بیستوومە داوی ڕەش
لەسەر کوڵمەت ئەدی بۆ دڵگرە ئەو بسکە تاتایە؟
هونەر ناتوانێ جوانی تۆ بە هیچ شێوێکی بنوێنێ
لە مەڕمەڕ چۆن دەتاشرێ هەیکەلی ئەم بەژن و باڵایە؟
بە ڕیشی بۆزەوە سوجدەی دەبەم من بۆ جەماڵی تۆ
ئەدی بۆچی دەیانگوت دار کە پیر بوو تازە دانایە؟
بزەت نایەتە سەر لێو و بەزەییت نایە بە حاڵمدا
ئەگەرچی زۆر لە مێژساڵە لە دووت دەخشێم وەکوو سایە
دەزانی بۆچی من هێندە پەرێشان و خەفەتبارم
لە بازاڕی ژیان غەیری هونەر نیمە چ سەرمایە
بەتوو تووش تووشی مەکتەب بۆ دەهاتم من کە زانیبام
خەفەت، مەینەت، کەسەر، حەسرەت، بەشی ئینسانی زانایە
لەگەڵ چارەڕەشی و دوورەبەشی و نەگبەت دەبێ هەڵکەم
لەمێژە چارنووسی شاعیرانی کوردی هەر وایە