خاکی کووچەی یارەکەم ئکسیری ساغی و ژینمە
جوانی ڕوخسار و نگاری هێزی ئەژنۆ و تینمە
بۆچی بەم دەردەم ئەبا خۆ خۆی ئەزانێ حاڵەکەم
بۆ قژی ئاڵۆز و لوولی دایمە هەر شینمە
هەر وەکوو پووش و پەڵاش کەوتووم لە کووچەی یاردا
گێژەلووکەش نامفڕێنێ چوونکە کەعبەی دینمە
گەر بە بێ تۆ بچمە سەیری سەرو و باخ و شۆڕەبی
تف لە سەرو و شۆڕەبی، بێ تۆ لە هەردوو قینمە
خەڵک ئەڵێن کفرە مەکە بەم تەرحە مەدحی یاری خۆت
گوێگرانی خۆشەویست من یارەکەم ئایینمە