وەرە یارم وەرە ئەی تازە یارم
وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم
وەرە ئەی شاپەڕی باڵی خەیاڵم
وەرە ئەی شەوچرای ڕووناکی ماڵم
وەرە یارم وەرە ئەی تازە یارم
وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم
وەرە خاسەکەوی ڕام و کەویی من
وەرە ئیلهامەکەی نیوە شەوی من
وەرە ئۆخژنی سینەی پڕ گڕی من
وەرە پیرۆزەکەی بەرزەفڕی من
وەرە ئاونگی سەر پەلکی گوڵی سوور
وەرە ئاورینگی گەرم و مەشخەڵی نوور
وەرە ڕێژنە بارانی بەهاری
وەرە شێعری تەڕی پڕ وردەکاری
وەرە یارم وەرە ئەی تازە یارم
وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم
وەرە ئەی نەونەمامی باخی ژینم
وەرە ئەی شاگوڵی مێرگی ئەوینم
وەرە کاروانکوژەی کاتی بەیانیم
وەرە بیرەوەری و ئاواتی جوانیم
وەرە ئەی خەج وەرە ئەی خاتووزینم
وەرە با بەژن و باڵاکەت ببینم
وەرە یارم وەرە ئەی تازە یارم
وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم