هەی شەمی شەوان هەی شەمی شەوان
هەی شەمی بە شەوق چلچرای شەوان
هەی ژیانی من هەی ڕۆحی ڕەوان
هەی گلێنەکەی دیدەی بێخەوان
هەی عەنبەرین خاڵ سۆسەنی کڵاف
هەی ڕووناکایی ڕەشماڵانی جاف
هەی من پەروانەی پەڕ سووتاوی تۆ
هەی من گیرۆدەی زۆلفی خاوی تۆ
تۆ جارێ نایەی بۆ سەر وەختی من
گوێ نادەی بە ئاهـ زامی سەختی من
ناپرسی ئاخۆ من بۆ تۆ چۆنم
بێباکی لە تین قرچەی دەروونم
بێ مروەتیت کرد ئەی شەم دەربارەم
من بۆ تۆ قەیسی سیا ستارەم
هەوای کوێستانت وا بۆ بووەوە
حەیفت کرد منت لە بیر چووەوە