نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ
نەچم شەرتە هەتا ئەم خوارە بێ تۆ
دەروونم خاڵییە وەک نەی دەناڵم
هەوارێکی چ پڕ هاوارە بێ تۆ
قەسەم بەو شەربەتی دیداری پاکت
شەرابم عەینی ژەهری مارە بێ تۆ
لە کن تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من
لە لای من خەرمەنی گوڵ خارە بێ تۆ
بیناییم کوێرە هەڵنایە بە ڕووی کەس
موژەم یەک یەک ئەڵێی بزمارە بێ تۆ
لە لای من با وجوودی ناس و ئەجناس
کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ
هەموو ڕۆژێ لە تاو هیجرانی ئەمساڵ
تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ
هەتا تۆم ئاشنا بووی، ئاشنام بوون
ئەمێستا موو بە مووم ئەغیارە بێ تۆ