کێ بێ لە من ماندووتر بێ
من خۆشەویستێکم هەبوو
وەکوو دڵۆپە فرمێسکێک
لە گلێنەی چاوەکانما قەتیس مابوو
لە ڕۆژێکی بەهاری ساڵی حەفتادا
لە چاوەکانم جیا بۆوە
لەو ڕۆژەوە تاکوو ئەمڕۆ
من دێوانەی
ئەو دڵۆپە فرمێسکە بێ سەروشوێنەم
هەرچەند دەکەم جارێکی دی
بۆم ناکرێ بیگێڕمەوە ناو گلێنەم
کێ بێ لە من ماندووتر بێ
من خۆشەویستێکم هەبوو
وەکوو هەناسەیەکی پاک
لە سییەکانما
هێلانەی خۆی چێکردبوو
لە ڕۆژێکی بەهاری ساڵی حەفتادا
وەک باڵندە
تۆرا و سییەکانمی بەجێهێشت
لەو ڕۆژەوە تاکوو ئەمڕۆ
هەرچەند دەکەم ئاخ ناتوانم
ئەو هەناسەی ئاوارەیە
بدۆزمەوە
کۆی کەمەوە
بیگێڕمەوە ناو سییەکانم