شەوە دونیا وەکوو زولفت سیاپۆش
وەرە با دەردی دڵ بکرێ فەرامۆش
دەسم دەستۆکە با بتگرمە باوەش
ئەگەر مردم لە خۆشیان چاوی تۆ خۆش
بە سەرگەردانی ژێرگەردانەکەت بم
بەڵاگەردانی باڵا جوانەکەت بم
ئەوا تۆم دی لە سەر کوشتەم دەکەی شین
بە گۆڕی چاوی پڕ گریانەکەت بم
شەوە ئەستێرە بەزریوەن لە سەرمان
لە مانگی ڕووت هەناسەم بۆتە خەرمان
تکەی ئاونگی کوڵمت تەڕ دەکا لێو
گەزۆ باری لە شەرمان و لە گەرمان