ئەی نیشتیمانی یەکدەنگ و جێگیر لەناو ڕەش و سپی و گرژ و مۆنیش لە ئاوێکی ڕاوەستاوا! ئەم سروودە وەکوو پارەی قەڵب ناچێ! هیچ کەسێک و هیچ دووکان و هیچ بازارێ و هیچ عەقڵێک و هیچ گوێچکەیەکی بێزاری ئەم سەردەمە لێم وەرناگرێ! ئەم سروودە هەر بۆنی قەڵای دمدم و ئەسپەکانی دوانزە سوارە و بۆنی کەوای پاشاکۆرە و بۆنی تۆپەکەی وەستا ڕەجەب و بۆنی کەڕووی سەدەکانی ناوەڕاست و بۆنی قلیانی باپیر و بۆنی ئەشکەوتەکەی 'هەزارمێرد'ی لێ دێ! من ئەزانم ئەم سی-دییە هیچ هەتاوێکی سبەینێ خۆشی ناوێ! هەرگیز هەرگیز ناوسکی کاکی بە کاکی و خاڵی و بەتاڵ وشەی سروود و بانگەشەی تیا شین نابێ! سروود نە جێگەی قەمسەڵە و شیعر نە جێگەی بەتانی و ئاگردانێ ناگرنەوە وتار ناکرێ بە ڕاخەر و مانشێتی هیچ ڕۆژنامەیەک ناکرێ بە پاڵتۆ و ملپێچ و کام خوتبەی گەرم و گوڕ هەیە ئاگرێ بۆ پەنجەی تەزیوی مناڵێکی ناو بەفرانبار ناکاتەوە! من ئەم سروودە چی لێ بکەم!؟ نە ئەتوانم بیدەم بە قاتێکی لەنگە نە ئەتوانم بیدەم بە جووتێ پێڵاوی تازە لەباتیی کرێی یەک ڕۆژیش خاوەنماڵیش لێم وەرناگرێ! ئەم قسانە نە ئەتوانم وردی کەمەوە بۆ پاس و نە شەربەتێکی مێوژگی پێ ئەکڕدرێ و نە سەلکێ سابوونی ڕەقی بۆ دایکم و نە بە دەم ڕێوە خواردنی سەندویچ و هامبورگەرێ گەر وایش نەبێ ئەم سروودە زۆر پیر بووە پیر پیر پیر چقەی مێژووی دەرکردووە و ڕۆحی گەنجم لەو ناگات و لەم لەشەدا یەک دەماری خۆشەویستیی نابزوێنێ! من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە بەم هاوینە قاڵبێکە لە سەهۆڵی چاوەڕوانی و دڵۆپ دڵۆپ ئەتوێتەوە من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە وەکوو پشیلەی بۆنکەری بەر دەم دەرگای ڕستورانت و یا خود وەکوو قوتوی کۆکای لەشقوپاوی لێ هاتووە! ڕۆژتان باش! ڕۆژ باش! من ناوم پشیلەیە بە نەتەوە کوردم و بە ئایین مەسیحی هەندێ کەس بە 'جۆرج'یش بانگم ئەکەن ئیستە بێکارم بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر ساعووری تاقە کڵێساکەی ئەم شارە بووم منی پشیلە یان جۆرج، باپیرە هەرە گەورەم یەکێک بووە لە پشیلە دەوڵەمەن و خێرخوازەکانی ناو ماڵی کەریمی ئەلەکە ئەو باپیرە پشیلەیە، ئەوەندە پشیلەچاک و بەخشندە بووە لە گرانییە گەورەکەدا نەیهێشتووە یەک پشیلەی هەژار لەم شارەدا، لەبەر برسێتیی بمیاوێنێ و هەموویانی تێر کردووە جا پشیلەی مەسیحی بووبن یان موسڵمان من بەو دواییە و هەر لەسەر ئەم جادەی سەهۆڵە "کامەران"م ناسی گەلێ جار ئەو باسی دایکە کڵۆڵەکەی و خوشکە قەیرە بەدبەختەکانیم بۆ ئەکات و منیش باسی چوار بێچووە ڕەش و ڕووتەکانم ئیستە هەردووکمان ڕۆژانە لەتاو برسێتی و بێکاری بەردەوام ئەمیاوێنین من بەرامبەر خاوەنی ئەو ڕستۆرانتەو کامەرانیش بەرامبەر بە نیشتیمان! بەڵام هەردووکیشیان لە ختەلێکردن زیاتر هیچی ترمان نادەنێ! ئەو ڕۆژە نیشتیمان بووبوو بە خاوەنی ئەو کارگەیەی کە من دووکەڵکێشی عومری و کە من تۆزی چیمەنتۆیم هەموو ڕۆژێ وەک برووسکە پەیا ئەبێ دەستی ڕاستی لە گیرفانە و بۆینباخی هەتا خوار ناوک هاتووە و گوڵێکی سوور بە یەخەوە و بە سەرمانەوە ئەوەستێ لێدانی دڵمان ئەژمێرێ چاو ئەبڕێتە کرانەوە و نوشتانەوەی پەنجەی دەستمان پەیتا پەیتا بە ناوماندا دێت و ئەچێ لە دەقیقەیێک، چرکەیێک لە یەک وچانی ئازار و لە پشوویەکی هەناسە و لە یەک دانیشتنی خەم و لە بەگیروەستانی پشتێ و لە سڕینی فرمێسکی کەس نابوورێ وا هەست ئەکەم نیشتیمان خۆی دەڕنەفیزە و سەرم بورغوو نیشتیمان بۆ خۆی چەکوشە و منیش بزمار من قاڵب و ئەو چیمەنتۆ ئەو مەنگەنە و منیش هاوار نیشتیمان بۆتە پاسەوان بەسەر دەنگ و ڕەنگمانەوە گاردە بە دیار نیگامان و وەردیانیش بە دیار جوونی پارۆکانی دەممانەوە ئەمشەو نیشتیمان لە خەوما بووبوو بە یەک نانی گەورە منیش برسی برسی برسی وەختێ ویستم پارچەیێکی لێکەمەوە نان بووەوە بە هەویر و هەویر بووەوە بە ئارد و ڕێچکە ڕێچکەیش لە ئاردەوە کێچ و ئەسپێ هاتنە دەرێ! ئەم کاتەو باش! من ناوم بەهارە و لە تۆ ئەچم وەکو یەک جوانین و وەکو یەکیش بە دەم گوڵەکانی ئایندەوە پێئەکەنین! بەڵام جەخار وەکو یەکیش و پێکەوە لە نیشتیمانی کلۆرا کلۆر ئەمرین! ئەم نیشتیمانە! بە تەنها و بە تەنها منی بۆ خۆی ئەوێ نیوەی سەوزاییمی داوە بە کەنیزەکەکانی نیوەی درەختی بەخشیوم بە بەغا نیوەی سەیرانگەکانمی لەسەر پێکەنینەکانی خۆی و خزمەکانی تاپۆ کردووە نیوەی ڕووبار و دەریاچەمی داوە بە کۆمەڵێ گردی عەمامەبەسەر! ئەم نیشتیمانە منی بەهاری ڕاپەڕینی پیر کرد گۆرانیەکانی کردم بە پۆلێ باڵندەی باڵشکاو بە خەونی دەم با ئەم نیشتیمانە وەکوو تۆ ئەی گەنجی سەر جادەی سەهۆڵەکە گۆرانییە سەوزەکانی منیشی زەرد کرد وەک چاوی تۆ چاوی گەڵاکانی منیشی تاریک کرد وەک دەستی تۆ دەستی لقەکانی منیشی شکاندەوە و وەک شەعری تۆ ئەی گەنجی سەر جادەی سەهۆڵەکە شەعری منیشی وێران کرد لە ئێستەدا لەناو جەستەی ئەم نیشتیمانە بەڕێزەدا لە گەلەرییەکانی سەری ئەوا دەگمەنن ئەو تابلۆیانەی تۆ حەزیان لێ بکەیت و هەڵیانبژێری و بتەوێ بە دیواری ڕۆحتا هەڵیان واسی لەناو گەرووی ئەم نیشتیمانە ئازیزەدا لەسەر هەموو شانۆکانی لەبەر دەم هەموو مایکرۆفۆنەکانیا زۆر کەمن ئەو پەیڤانەی تۆ حەز بکەی لە دڵەوە گوێیان لێبگری لە دڵەوە تەوقەیان لەگەڵا بکەیت بە دڵ پیاسەیان لەگەڵا بکەیت لە ئێستەدا دەم و چاوی نیشتیمان لە دەم و چاوی پەنجەرەیەکی چڵکن ئەچێ کە بەردەوام داخرا بێ و گرژ و مۆن و ساڵێ جارێک پێنەکەنێ! ئەم کاتەو باش منیش ناوم گوڵی دار هەرمێیە بەڵام وەک ئەبینن ڕەشیان کردووم ئەم نیشتیمانە ڕقی لە ڕەنگی سپییە هەر لەدوای گەشانەوەم دووکەڵێکیان هێنا و بە زۆر کردیان بە هاوسەرم دوێنیش تەیرێکی ناو مەملەکەتی بەفر تەیرە کچێ هات و لە سەرم نیشتەوە پێم وت بڕۆ و لە چاو ون بە هەتاکوو نەیان بینیوی ئەگینا ئەتدەن بە ڕەژوو من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە هەموو ڕۆژێ تەنها دوو چاوی ئەبڵەقی ناو بۆشایی و سەر شەقامی بێهوودەیین لە دوورەوە ئەڕوانن و دەستیان نییە من گەنجێتیم هەتا ئێستا کچێکی بۆن نەکردووە دەستی بە تریفەی مەمک و بەر خەرمانەی شان و مل و بەر لەنجە و لاری باڵایەک نەکەوتووە من گەنجێتیم کەوتووتەوە ناو شارەکانی 'حەرام'ەوە و جەڵدە جەڵدە کفریان لە ناویا چاندووە ئەوە کچە؟! یاخود خەونە؟! بە بەردەمما دێت و دەچێ؟! ئەوە لەنجە و لاری مێیە؟ یاخود کەروێشکەی سەرابی دوورە دەشتێ؟! ئەوە مەمکە؟! یاخود وەهمێکی ناسکی ناو خەیاڵە وا لەرەی دێ؟! ئەم کاتەو باش! من ناوم کۆترە شینکەیە و کچم ماڵەکەم وا لەو گەڕەکی منارەیە من لە پەڕوباڵی خۆم و لە دەنووکم و لە ماڵەکەم و گەڕەک و لە هەموو شتێ بێزارم! من گمەگمی حەرامی ناو ئاین و نیشتیمانم من بۆم نییە دوور لەو منارەیە بفڕم! من بۆم نییە دوور لە دەنگی منارەکە گوێ لە دەنگێکی تر بگرم! یان سەمایەک لەگەڵ بەفر و 'با'دا بکەم یاخود دەستی کوڕی خەون و خۆزگەم بگرم! من ناتوانم قژی خۆم بۆ جادەکان و بۆ مۆسیقا و بۆ کۆترە شینکە نێرەکان هەرگیز دەرخەم! من مێینەی ناو بەهاری قەدەغەم و شەو و ڕۆژیش لەژێر چاودێری دووربینی منارەدام باڵەکانم بۆیان نییە بە دوو پەنجەیش تەوقە لەگەڵ باڵە نێرەکانا بکەن! من چارەنووسی حەرامم وەکو جەستەم گوڵێک حەرام ئاوێک حەرام گۆرانییەکی حەرام و شەرابی ناو قەسیدەیەکی حەرامم ئەی کۆترە شینکە نێرەکەی سەر شەقامی سەهۆڵەکە وا گریمان داواشم کەی وا ڕازیش بووی بە پێی ڕێنومایی بەردەکانی شەریعەت و داری حەددیش تۆ من بێنی! بەڵام ئەی کۆترە شینکە نێرەکەی سەر شەقامی سەهۆڵەکە ئەوسایش من هەر بۆ تۆ نابم! تۆ چیت هەیە؟! تۆ هەر هەوا و خۆڵت هەیە تۆ هەر زیوی مانگەشەو و تۆ هەر زێڕی هەندێ پەیڤ و مشتێ مرواری ناو شیعر و خانوویەکی خەونت هەیە! بەڵام منارەکەی باوکم زێڕ و زیوی هەڵواسراوی ئەودیو جامخانە گەورەکەی زەڕنگەری ڕاستەقینە و پارە و پووڵی زیندووی ئەوێ! تۆ چیت هەیە؟ جگە لە خۆت و دایکت و خوشکەکانت کە لە بازاڕی خودادا بە هەموویان خوتبەیەکی جومعە ناکەن! سڵاوێکی دوورو درێژ! من ناوم 'پرچ'ە نیشتیمانم سەری ژنێکە لە سێ لاوە گەمارۆ دراوم بە حیجاب! چەندین ساڵە زیندانیم نە هەتاو ئەتوانێ سەردانم بکاو نە 'با' و نە ئەهێڵێ بچمە دەرێ و ڕێگەش نادا بە هیچ شیعرێ یان ئاوازێ کە بێنە لام وەلێ ئیتر من بە نەهێنی لەگەڵ پەنجەکاندا ڕێکەوتووم ئەمشەو زیندانەکە ئەبڕین ئازاد ئەبم لە دواییشا حیجابەکەیش ئەدەینە دەست چەخماخەیەک لەسەر بەرزترین لوتکە بە بەرچاوی مێزەرەکانی دنیاوە بیسوتێنێ! لە ناکاوێ لەو سەرەوە، لەگەڵ خۆڵبارینی تازەی دیاریی بیابانی خواروو دیسان نیشتیمان دێتەوە و وەک دیوار بم ئەمجارەیان بانگەشەیەک چۆن بەروانکە بە بەر سنگما هەڵئەواسێ و هەر ئەوەندە و ئەو ئەڕوات و لەگەڵ دەستەیەک تفەنگدا بە خێرایی بە لای من و عەرەبانەی هاندیکاپێ و دوو سواڵکەرا تێئەپەڕێ ئەوسا منیش چۆن هەورێکی نزمی سەرشار وەک برینێکی بێ هەتوان یاخود وەکوو گۆرانیی عەشقێکی گیراو لەناو قەفەزی مەرگێکا ئازارم ئەبێ بە دەنگ و ئازارم ئەبێ بە ڕەنگ و لەو قەفەزە ڕائەپەڕێ و بەروانکەکەم ئەدەمە دەست 'با'یێک لە خۆم وەڕستتر و تووڕەتر و لەو ساتەدا لە ناخی ناخی ناخەوە و لە بنەوە کڵپەکڵپێ لە شێوەی ئاگرێکی گەنجا لرفە ئەکا و سەر دەردێنێ! بەیانیتان باش! من ناوم 'دیوار'ە کەوتوومەتە سەر شەقامێکی گشتی بە درێژایی بێزاریی درێژم و بە بەرزی تووڕەبوونیش بەرز! هەرچی دروشمەکانە بە منا هەڵئەواسرێن هەرچی پۆستەرەکانە لە من ئەدرێن لە سەد دروشم یەکێکی تیا نییە شتێکم فێربکات! لە سەد پۆستەر یەکێکی تیا نییە دڵم خۆشکات! هەر دوێنێ بوو لە 'سەر'مەوە تا کەڵەموستی پێم دروشمێکیان پیا هەڵواسیم کە خوێندمەوە شەرم تەریقی کردمەوە من دیواری وڵاتێ بم درۆی کەتە و گەورەی وەهای پیا هەڵواسرێ! ئەم کاتەتان باش! من ناوم 'ناڕەزایی'ە لە دایکبووی شاری یاخیبوون و گەڕەکی برسێتی و کۆڵانی کوێرەوەریم لێرە بەدواوە من سەر بە هۆزی بێدەنگیی نیم من ڕێبواری سەر ڕێ و بانی هەتا هەتای چاوەڕوانی و دروشمی بێدەست و قاچ نیم لەمڕۆ بەدواوە من هاووڵاتیی خەریتەی نیشتیمانێکی دزراو نیم نیشتیمانێ هەموو جارێ یان پەنجەیەکی ئەفڕێنن یان گوێچکەیێکی و یان چاوێکی ون ئەکەن و یان وشەیێکی زیندەبەچاڵ ئەکەن و کەچی نە هاوارێ ئەکات و نە برینێکی ڕائەچڵەکێ! سڵاو لە هەمووتان هەرمەووتان من ناوم 'دەرد'ە پاشای بەشێکی زۆری ئەم مەملەکەتەم بنکە دیار و بڵاوەکانم لەناو ئەو گوند و گەڕەک و کۆڵان و ناوچە خامۆشانا دروست کردووە کە ملکەچی یاساکانمن هاووڵاتییانم بەردەوام لە تەنیشتمەوە ڕاکشاون کەسیان تیا نییە بە پێوە ڕابوەستێ پادشای تەندروستیش لە منەوە دوورە ناو بە ناو هەڕەشەم لێ ئەکا بەڵام دەستی نامگاتێ زۆر جاریش منی بیر ئەچێتەوە من لە وڵاتی وەکوو ئێرەدا بەختیارم و عومرم درێژ 'ناڕەزایی' لە شێوەی گەردەلوولێکی تووڕەدا گەڕایەوە و لەو سەری شەقامە بێزارکەوە هاواری کرد: تۆش ئەی بینینی بێ خەون و نزمفڕی ناو ڕۆژگاری هەر بە تەنها ڕەش و سپی ئەی سەعاتی خەولێکەوتووی سەر سەهۆڵ و زەنگی بێدەنگ تۆ ئەو چاوانەو بۆ چییە؟ تۆ ئەو دەستانەو بۆ چییە؟ گەر تەماشات گەر فڕین و گەرووی خۆت و سەر و ملی خۆت نەگۆڕی؟ مردن بینینی بێ خەونی زیندووانە و ئایندەش دەستی زەنگلێدان ئەم مێژووەی من خەمساردە گالیسکەیەکە تا گوێچکەی ئەسپەکانی لە ڕابوردوودا چەقیون و باکی نییە خۆشەویستیی باڵندەکانی هەر هەموو لەناو هەوایێکی کپ و وەفای هەموو ژنەکانی لە نزارێکی ڕەشپۆشا جێهێشتووە ئەم مێژووەی من کلیلی دەرگای ساڵ و دەرگای هەتاوی داهاتووی لێکەوتووە و بۆی ناگەڕێ و باکی نییە ئەو بە تەنها نینۆکەکانی خۆی داوە بەم نەوەیە و دەروازەی ئەم نیشتیمانەی لەسەر حەیرانی ڕووبار و لەسەر هاواری شەقام و لەسەر پووکەپووکی نان و لەسەر هەناسەی عاشقان داخستووە ئەی مێژووی فوودراو بە هەوای غوروری شاخ و داخ شانازیی هەڵئاوساو لە جەستەی ئەفسانە و دارستانی درۆدا چیت هەیە؟ ڕێزبەندی سەروەریت بە تەنها زنجیرەبەردێکی ڕزیون زنجیرە سەدەیەک، زنجیرە دووکەڵێ زنجیرە پەیڤێکی بێ قاچن و ناڕۆن و لە لەزمی خۆیانا چەقیون ئەی مێژووی ساتووری هەمیشە پاڵکەوتوو باوێشکی جیهان و کیسەڵی زەمانە من لێرە بە دواوە ناتوانم قەت هەرگیز ناتوانم پێو بڵێم کە ڕیزەشانازیی ئاوساوت زۆر جوانە پاسارییەک بە باوکی وت: سەری من سەری تۆ نییە بابە سەری من سەری تۆ نییە من فڕینێکی جیاوازم سەری من پڕ جریوەیە و سەری تۆ پڕ خۆڵەمێشە تۆ سەرت داوەتە دەستی 'با'ی ڕابردووی باپیرەم و کونەبۆری ئەشکەوتەکان ئەوەندە کۆن و بەسەرچوون هێندە ڕەش و هێند نسرمن بۆنی گۆگردی مردن و بیرچوونەوەتان گرتووە من لە سەرما ڕووباری ئاوێنە هەیە و من لە دڵما ڕەنگ هەڵئەکا و ڕەنگ هاژەی دێ و تۆ فڕینت گرمۆڵەی ناو هێلانەیە من فڕینم بە چاوی باڵ قووڵایی ئاسمان ئەبینێ! تۆ دەنگی باڵت نووساوە و گەوجێتیت بۆتە یەقین و من شەقژنم پڕ پرسیارە و گومان چاومە و خۆشەویستیی لە دەنووکما بۆ سبەیڕۆژم ئەخوێنێ! شاعیرێکیش لە نیوەشەوا چڕاندی: من باوکم نیم هەتا لە ڕێی شاخ و داخ و دووکەڵ بۆنی بارووت و شەهیدەوە ئەم نیشتیمانەم ناسیبێ من ئەو مێژووەم نەدیوە بۆ ڕۆژێکیش نەچوومەتە ژێر دەواری و بۆ جارێکیش چییە سواری ئەسپی دەربەنێکی نەبووم یەک خەویشم بە خوێنی داروبەردەوە بە زریکە و قیژەی ئاو و بە ڕاکردنی درەخت و بە سێدارەی حەپەساو و بە پایتەختی قەمەکانەوە نەدیوە! من بڵێم چی؟! ئەو ئەشکەوتانە ناناسم کە هاوڕێی شەمشەمەکوێرە و باوکم بوون حیکایەتی ئەو حیلانەشم بیر نییە کە ئەو ئەیانگێڕێتەوە چاوی من دوور دوور ڕۆشتووە ئەو تخووبەی جێهێشتووە کە لای باوکم دوامەنزڵە و لەو ڕەنگەی تێپەڕاندووە کە لای باوکم تاقە ڕەنگە و ئەو دەنگەشی لە گوێیا نازرنگێتەوە کە لای باوکم تەنها دەنگە گوێی لێبووە! ئەم باوکەی من لە ئیستەدا لە دۆڵابێکی تەختەی کۆن زیاتر نییە کە هەر بۆ فڕێدان باشە! لە ڕادیۆیێکی پەڕپووتیش زیاتر نییە کە هیچ کەس نایکاتەوە تا بیبیسێ لە شووشەیەک مەرەکەبی وشکەوبوو زیاتر نییە کە یەک وشەی پێ نانووسرێ! ئەم نیشتیمانەی من تاقە نیشتیمانە ساڵی جارێکیش خۆی ناشوات هەتا ئەمڕۆیش هەموو جارێ باوکم لەگەڵ نیشتیمانا قڕەقڕی ئەوەیانە ئەرز خڕە یاخود تەختە! هەر شەوێکیش کە نیشتیمان باوێشکی دا باوکیشم ڕێک بەرامبەری باوێشک ئەدا! هەردووکیشیان درەنگانێ لەسەر چرپایەکی داری جیڕەجیڕکەر بە جووت خەویان لێ ئەکەوێ بۆ سبەینێش چێشتهەنگاوێ هەڵئەسن و دیسانەوە ئەو خەوانە بۆ یەکتری ئەگێڕنەوە کە بە دوێنێوە دیویانن ئەگێڕنەوە من دوای مەرگی ئەو نەورۆزە لەدایک بووم تابووتەکەی لە گوڵاڵە و داری چوالە و لاسکە نێرگز چێ کرابوون ئەگێڕنەوە تاریکی مامانم بووە چاوم لەناو سەر هەورێکی بەتاڵدا پشکووتووە ئەو کاتە تازە بە تازە لە شاخەوە هەتاو گەیشتبووە شار و ئەو کاتە تازە بە تازە جادەی ترساو پێی گرتبوو تۆ نیشتیمان! هەمووی کۆمەڵە وەرزێکە ناوت بە گوێم ئاشنا بووە من تۆم تەنها لەناو بازاڕی ڕێکلام و زمانلووسی دروشم و شاشەی تیشکەکانا دیوە من تۆم تەنها لە ڕێ و بانی ئەو حیکایەت و شەعرانەدا بینیوە کە هەندێ جار باوکم لەگەڵ ڕیش و سمێڵێکی زبرا ئەیهێنایە ژێر لێفەوە و هەڕەشەیان لێ ئەکردم و مناڵیمیان وەکوو کۆترێ ئەتۆقاند و بە دارێکی ئەستووروە پرسیاریان تیا ڕاو ئەنام و لە دواییشدا باوکم بە زۆر بە بێ ئەوەی خۆشم بوێن دەستی پێ ئەکردمە ملیان دووراودووریش لەو زیافەتە گەورانەدا و لەسەر خوانی دوور و درێژی ورگن و غەبغەبەدار تۆیان نیشانی من داوە یاخود لەبەردەمی بانکە بەرزەکانی ئەوروپادا کە هەموویان نهۆم نهۆم پێ ئەکەنن و تۆیش لایانەوە وەستاوی تۆیان نیشانی من داوە لەسەر بورجی بەختی گەورەی بەندەرێکی بازرگانی یاخود لەناو وێنەیەکا کە شەڕی ناوخۆ بە دەستە سوورەکانی خۆی گرتوێتی و قاتەکەت خوێن ئەچێتەوە و چۆن تەپ و تۆزی پشتەوەیش بێ دەربەستی من تۆم بەو جۆرە بینیوە ئەم کاتەتان باش! من ئەسپێکی کوردی کوژراوی شەڕی ناوخۆم 'کادانە'م و ڕەسەن ڕەسەن ئەو ئەسپەی تر کە منی کوشت ئامۆزام بوو ئەویش دیسان ڕەسەن ڕەسەن هەروەکو من کادانە بوو ژنەکەی ئەو ماینێکی یاڵزێڕینی کچی خۆم بوو وەلێ ئەو وەختەی نیشتیمان ئەحیلێنێ حیلەی ئێمە بێدەنگ ئەبێ! شەوێک مەیتەرەکەم وتی: ئەبێ ئەو ئامۆزایەت بکوژی وتم بۆچی؟! وتی چونکە ئەو ئەسپێکە لە حیلەی ئێمە لایداوە و ڕەنگێکیکەی لەخۆ داوە و سمکۆڵانی و چەپۆکانی هەڕەشەن بۆ ئەم هەوارە و وا بڕیارە ئیتر نەژی، تازە نەژی! بەلاڕێیەکی ناو فێڵا چوومە سەری بەڵام بەر لەوەی بیکوژم ئەو کوشتمی! تۆ نیشتیمان! ئەی ئەو پیاوەی لە قوللەی بەرزی غوروری ناو سەرتەوە ئەڕوانیتە خواری خۆت و بۆ جارێکیش دانابەزیت بۆ ناو گوردەمی برین و لای پاییزی ئەم هەموو ژانە چاوەڕوانانە! ئێوارەیەک لە پیاسەیێکی درێژا درێژ بە قەد تونێلەکانی بەدبەختی و ئازاری خەڵک تەنیاییم دوور دوور بردمی بۆ ئەو بناری خەمانە و بۆ لای پاییزی ژیان و بۆ لای گژوگیای جوانەمەرگ لەوێ بۆ یەکەم جار تووشی لادێیەکی کەڕوکاڵ بووم هەر چۆنێک بوو، بە دەست، بە سەر، بە چاو، بە قاچ، تێی گەیاندم: ئەوەتەی ئەو هەیە نە خوا ڕۆژێ سەرێکی لێداوم و نە پێغەمبەر و جوبریل و نە بوراق و نە خەلیفە و نە ئەمیر و نە والییەکانی حکومەت دوای ئەو قەلەباچکەیێکم بینی بێوەژنێکی یەک باڵی نابینا بوو وتی: ئەوەتەی منیش هەم جارێ نەمدی نە چرایێک بێت بۆ لام و نە یەک کەوچک دەوای دەرد و نە بەتانی و بەڕەیێک و نە کراس و کۆڵوانەیێک پیاسەی درێژم بردمی، هەر بردمی مراویی یەک قاچم بینی کۆتری بێ دەنووکم بینی کەروێشکی بێ گوێچکەم بینی گوێدرێژی بێ قەپۆز و مانگای بێ گوان ڕێوی بێ کلک، ئەسپی بێ یاڵ ئاوی لاڵ و دار و درەختی بێ قژ و ڕەزی مردووی زۆرم بینی کۆتەڵی درێژ بردمی و هەر بردمی وەختێ لەو سەر گەڕامەوە، نیوە شەوێ هەوری چاوم هەر ئەوەندەی ئاو پێ مابوو بە بێدەنگیی هەڵیگرێ بۆ دوایین قوڵپی گریانی قەسیدەیێک! کامەران ئەو کز کز، پەرت پەرت دووکەڵێکی پچڕ پچڕ ئاوازێکی دووکەرت دووکەرت جادەیێکی شەکەت شەکەت بیرکردنەوەی بڵاوبڵاو درزێ لە درزێکی ترا ترسێ لە ترسێکی ترا چون ڕایەڵی تەرمی ڕێ ڕێ سەر بەرەوخوار وەکوو جەستەی شەمشەمەیێک خۆ هەڵواسیو بە بنمیچی ئەشکەوتێکا تەریو تەریو، لە سووچێکی بەزەییدا دیار و نادیار، هەیە و نییە، ئەژی و ناژی، ئەمرێ و نامرێ دەنگ ئەبیسێ دەنگی جیا جیا، دەنگی چەقۆ، دەنگی سیسرک، هاواری شەو دەنگی پێی بەرد چرپەی چرپە، نووزەی نووزە، دەنگ ئەبیسێ ئەو دەنگانە بەیەکا دێن دەنگن یەکتری ئەشکێنن ئەو گوێی لێیە هاڕەیان دێ دەنگێک فەرمانی ئەداتێ: خۆی بکوژێ دەنگێکی تر دەستی ئەگرێ ئەو دەنگانە لەناو یەکا چڕ ئەبنەوە ئەڕژێنە ناو ئەمەوە دائەچڵەکێ ئارەقێکی سارد دەرئەدا لەبەردەمی دیوارێکا ئەحەپەسێ دووکەرت دووکەرت ئیتر دەستێکی لێرەیە و دەستەکەی تری لە سەفەر قاچێکی جێگیر لە ماڵا و قاچەکەی دیکەی دەربەدەر دووکەرت دووکەرت، نیوەی مشار، نیوەکەی تری کڕ کڕ کڕ ئەبڕێتەوە لە یەک ساتا، نیوەی جەستەی بە بەرزایی ڕووانینێکا هەڵئەگەڕێ و نیوەکەی دیکەی بۆ خوارێ بەرە و گڕی کڵپەکردووی ناو دۆڵی قووڵ دائەگەڕێ
Ey nîştîmanî yekdeng û Cêgîr lenaw reş û sipî û Girj û monîş Le awêkî rawestawa! Em sirûde wekû parey qelb naçê! Hîç kesêk û hîç dûkan û hîç bazarê û Hîç ’eqlêk û hîç gwêçkeyekî bêzarî Em serdeme lêm wernagrê! Em sirûde Her bonî qelay dimdim û espekanî dwanze sware û Bonî keway paşakore û bonî topekey westa receb û Bonî kerûy sedekanî nawerast û Bonî qilyanî bapîr û Bonî eşkewtekey 'hezarmêrd'y lê dê! Min ezanim em sî-dîye hîç hetawêkî sibeynê Xoşî nawê! Hergîz hergîz Nawiskî kakî be kakî û xalî û betal Wişey sirûd û bangeşey tya şîn nabê! Sirûd ne cêgey qemsele û Şî’ir ne cêgey betanî û agirdanê nagirnewe Witar nakirê be raxer û Manşêtî hîç rojnameyek Nakirê be palto û milpêç û Kam xutbey germ û gur heye Agirê bo pencey tezîwî minalêkî naw befranbar nakatewe! Min em sirûde çî lê bikem!? Ne etwanim bîdem be qatêkî lenge Ne etwanim bîdem be cûtê pêlawî taze Lebatîy kirêy yek rojîş xawenmalîş lêm wernagrê! Em qisane Ne etwanim wirdî kemewe bo pas û Ne şerbetêkî mêwijgî pê ekridirê û Ne selkê sabûnî reqî bo daykim û Ne be dem rêwe xwardinî sendiwîç û hamburgerê Ger wayş nebê Em sirûde zor pîr buwe Pîr pîr pîr Çiqey mêjûy derkirduwe û Rohî gencim lew nagat û Lem leşeda Yek demarî xoşewîstîy nabziwênê! Min gencêtîm leser cadey seholeke Bem hawîne Qalbêke le seholî çawerwanî û dilop dilop etwêtewe Min gencêtîm leser cadey seholeke Wekû pişîley bonkerî ber dem dergay risturanit û Ya xud wekû qutwî kokay leşqupawî lê hatuwe! Rojtan baş! Roj baş! Min nawim pişîleye Be netewe kurdim û be ayîn mesîhî Hendê kes be 'corc'yiş bangim eken Îste bêkarim Belam maweyek lemewber Sa’ûrî taqe kilêsakey em şare bûm Minî pişîle yan corc, bapîre here gewrem Yekêk buwe le pişîle dewlemen û xêrxiwazekanî naw malî kerîmî eleke Ew bapîre pişîleye, ewende pişîleçak û bexşinde buwe Le giranîye gewrekeda neyhêştuwe yek pişîley hejar lem şareda, leber birsêtîy bimyawênê û hemûyanî têr kirduwe Ca pişîley mesîhî bûbin yan musliman Min bew dwayye û her leser em cadey sehole "kameran"m nasî Gelê car ew basî dayke kilolekey û xuşke qeyre bedbextekanîm bo Ekat û minîş basî çwar bêçuwe reş û rûtekanim Îste herdûkman rojane letaw birsêtî û bêkarî Berdewam emyawênîn Min beramber xawenî ew ristorantew kameranîş beramber be nîştîman! Belam herdûkîşyan le xitelêkirdin zyatir hîçî tirman nadenê! Ew roje nîştîman bûbû be xawenî ew kargeyey ke min dûkelkêşî ’umrî û Ke min tozî çîmentoym Hemû rojê wek birûske peya ebê Destî rastî le gîrfane û Boynbaxî heta xwar nawik hatuwe û Gulêkî sûr be yexewe û Be sermanewe ewestê Lêdanî dilman ejmêrê Çaw ebrête kiranewe û nuştanewey pencey destiman Peyta peyta be nawmanda dêt û eçê Le deqîqeyêk, çirkeyêk Le yek wiçanî azar û Le pişûyekî henase û Le yek danîştinî xem û Le begîrwestanî piştê û Le sirînî firmêskî kes nabûrê Wa hest ekem Nîştîman xoy dernefîze û serim burxû Nîştîman bo xoy çekuşe û minîş bizmar Min qalb û ew çîmento Ew mengene û minîş hawar Nîştîman bote pasewan Beser deng û rengimanewe Garde be dyar nîgaman û Werdyanîş be dyar cûnî parokanî Demmanewe Emşew nîştîman le xewma bûbû be yek nanî gewre Minîş birsî birsî birsî Wextê wîstim parçeyêkî lêkemewe Nan buwewe be hewîr û Hewîr buwewe be ard û Rêçke rêçkeyş le ardewe Kêç û espê hatne derê! Em katew baş! Min nawim behare û le to eçim Weku yek cwanîn û weku yekîş Be dem gulekanî ayndewe pê’ekenîn! Belam cexar Weku yekîş û pêkewe le nîştîmanî kilora kilor emrîn! Em nîştîmane! Be tenha û be tenha minî bo xoy ewê Nîwey sewzayîmî dawe be kenîzekekanî Nîwey dirextî bexşîwim be bexa Nîwey seyrangekanmî leser pêkenînekanî xoy û xizmekanî tapo kirduwe Nîwey rûbar û deryaçemî dawe be komelê girdî ’emamebeser! Em nîştîmane minî beharî raperînî pîr kird Goranyekanî kirdim be polê balindey balişkaw Be xewnî dem ba Em nîştîmane wekû to ey gencî ser cadey seholeke Goranîye sewzekanî minîşî zerd kird Wek çawî to çawî gelakanî minîşî tarîk kird Wek destî to destî liqekanî minîşî şikandewe û Wek şe’rî to ey gencî ser cadey seholeke Şe’rî minîşî wêran kird Le êsteda lenaw cestey em nîştîmane berêzeda Le gelerîyekanî serî ewa Degmenin ew tabloyaney to hezyan lê bikeyt û helyanbijêrî û bitewê be dîwarî rohta helyan wasî lenaw gerûy em nîştîmane azîzeda Leser hemû şanokanî leber dem hemû maykirofonekanya Zor kemin ew peyvaney to hez bikey le dilewe gwêyan lêbgirî Le dilewe tewqeyan legela bikeyt Be dil pyaseyan legela bikeyt Le êsteda dem û çawî nîştîman le dem û çawî pencereyekî çilkin eçê Ke berdewam daxra bê û girj û mon û salê carêk pênekenê! Em katew baş Minîş nawim gulî dar hermêye Belam wek ebînin reşyan kirdûm Em nîştîmane riqî le rengî sipîye Her ledway geşanewem dûkelêkyan hêna û be zor kirdyan be hawserim Dwênîş teyrêkî naw memleketî befir Teyre kiçê hat û le serim nîştewe Pêm wit biro û le çaw win be hetakû neyan bînîwî egîna etden be rejû Min gencêtîm leser cadey seholeke hemû rojê tenha dû çawî ebleqî naw boşayî û ser şeqamî bêhûdeyîn le dûrewe erwanin û destyan nîye Min gencêtîm heta êsta kiçêkî bon nekirduwe Destî be tirîfey memk û Ber xermaney şan û mil û ber lence û larî balayek nekewtuwe Min gencêtîm kewtûtewe naw şarekanî 'heram'ewe û Celde celde kifryan le nawya çanduwe Ewe kiçe?! yaxud xewne?! be berdemma dêt û deçê?! Ewe lence û larî mêye? yaxud kerwêşkey serabî dûre deştê?! Ewe memke?! yaxud wehmêkî naskî naw xeyale wa lerey dê?! Em katew baş! Min nawim kotre şînkeye û kiçim Malekem wa lew gerekî minareye Min le perubalî xom û le denûkim û Le malekem û gerek û Le hemû şitê bêzarim! Min gimegmî heramî naw ayn û nîştîmanim Min bom nîye dûr lew minareye bifirim! Min bom nîye dûr le dengî minareke gwê le dengêkî tir bigirim! Yan semayek legel befir û 'ba'da bikem Yaxud destî kurî xewn û xozgem bigirim! Min natwanim qijî xom bo cadekan û bo mosîqa û bo kotre şînke nêrekan hergîz derxem! Min mêyney naw beharî qedexem û Şew û rojîş lejêr çawdêrî dûrbînî minaredam Balekanim boyan nîye be dû penceyş Tewqe legel bale nêrekana biken! Min çarenûsî heramim weku cestem Gulêk heram awêk heram Goranîyekî heram û şerabî naw qesîdeyekî heramim Ey kotre şînke nêrekey ser şeqamî seholeke Wa girîman dawaşim key Wa razîş bûy be pêy rênumayî berdekanî şerî’et û darî heddîş to min bênî! Belam ey kotre şînke nêrekey ser şeqamî seholeke Ewsayş min her bo to nabim! to çît heye?! To her hewa û xolit heye To her zîwî mangeşew û to her zêrî hendê peyv û miştê mirwarî naw şî’ir û xanûyekî xewnit heye! Belam minarekey bawkim zêr û zîwî helwasrawî ewdîw camxane gewrekey zeringerî rasteqîne û pare û pûlî zîndûy ewê! To çît heye? cige le xot û daykit û xuşkekanit ke le bazarî xudada be hemûyan xutbeyekî cum’e naken! Silawêkî dûru dirêj! Min nawim 'pirç'e Nîştîmanim serî jinêke Le sê lawe gemaro dirawim Be hîcab! Çendîn sale zîndanîm Ne hetaw etwanê Serdanim bikaw Ne 'ba' û Ne ehêlê biçme derê û Rêgeş nada Be hîç şî’rê yan awazê Ke bêne lam Welê îtir Min be nehênî Legel pencekanda rêkewtûm Emşew zîndaneke ebrîn Azad ebim Le dwayîşa Hîcabekeyş edeyne dest Çexmaxeyek Leser beriztirîn lutke Be berçawî mêzerekanî dinyawe Bîsutênê! Le nakawê lew serewe, legel xolbarînî tazey dyarîy byabanî xwarû Dîsan nîştîman dêtewe û wek dîwar bim Emcareyan bangeşeyek çon berwanke be ber singima hel’ewasê Û her ewende û ew erwat û legel desteyek tifengida be xêrayî be lay min û ’erebaney handîkapê û dû swalkera tê’eperê Ewsa minîş çon hewrêkî nizmî serşar Wek birînêkî bê hetwan Yaxud wekû goranîy ’eşqêkî gîraw lenaw qefezî mergêka Azarim ebê be deng û azarim ebê be reng û Lew qefeze ra’eperê û Berwankekem edeme dest 'ba'yêk le xom weristitir û tûretir û Lew sateda le naxî naxî naxewe û le binewe Kilpeklipê le şêwey agirêkî genca lirfe eka û ser derdênê! Beyanîtan baş! Min nawim 'dîwar'e Kewtûmete ser şeqamêkî giştî Be dirêjayî bêzarîy dirêjim û Be berzî tûrebûnîş berz! Herçî diruşmekane be mina hel’ewasrên Herçî posterekane le min edrên Le sed diruşim yekêkî tya nîye şitêkim fêrbikat! Le sed poster yekêkî tya nîye dilim xoşkat! Her dwênê bû Le 'ser'mewe ta kelemustî pêm Diruşmêkyan pya helwasîm Ke xwêndimewe Şerim terîqî kirdimewe Min dîwarî wilatê bim Diroy kete û gewrey wehay pya helwasrê! Em katetan baş! Min nawim 'narezayî'e Le daykibûy şarî yaxîbûn û gerekî birsêtî û kolanî kwêrewerîm Lêre bedwawe min ser be hozî bêdengîy nîm Min rêbwarî ser rê û banî heta hetay çawerwanî û Diruşmî bêdest û qaç nîm Lemro bedwawe min hawwilatîy xerîtey nîştîmanêkî dizraw nîm Nîştîmanê hemû carê yan penceyekî efrênin Yan gwêçkeyêkî û yan çawêkî win eken û Yan wişeyêkî zîndebeçal eken û Keçî ne hawarê ekat û Ne birînêkî ra’eçlekê! Silaw le hemûtan Hermewwitan Min nawim 'derd'e Paşay beşêkî zorî em memleketem Binke dyar û bilawekanim lenaw ew gund û gerek û kolan û nawçe xamoşana dirust kirduwe ke milkeçî yasakanmin Hawwilatîyanim berdewam le tenîştimewe rakşawin Kesyan tya nîye be pêwe rabwestê Padşay tendirustîş le minewe dûre Naw be naw hereşem lê eka Belam destî namgatê Zor carîş minî bîr eçêtewe Min le wilatî wekû êreda bextyarim û ’umirim dirêj 'narezayî' le şêwey gerdelûlêkî tûreda gerayewe û Lew serî şeqame bêzarkewe hawarî kird: Toş ey bînînî bê xewn û nizmifirî naw rojgarî her be tenha reş û sipî Ey se’atî xewlêkewtûy ser sehol û zengî bêdeng To ew çawanew bo çîye? To ew destanew bo çîye? Ger temaşat ger firîn û gerûy xot û ser û milî xot negorî? Mirdin bînînî bê xewnî zînduwane û ayndeş destî zengilêdan Em mêjuwey min xemsarde galîskeyeke ta gwêçkey espekanî le raburdûda çeqîwin û bakî nîye Xoşewîstîy balindekanî her hemû lenaw hewayêkî kip û wefay hemû jinekanî le nizarêkî reşpoşa cêhêştuwe Em mêjuwey min kilîlî dergay sal û dergay hetawî dahatûy lêkewtuwe û boy nagerê û bakî nîye Ew be tenha nînokekanî xoy dawe bem neweye û derwazey em nîştîmaney Leser heyranî rûbar û Leser hawarî şeqam û Leser pûkepûkî nan û Leser henasey ’aşiqan daxsituwe Ey mêjûy fûdraw be heway xururî şax û dax Şanazîy hel’awsaw le cestey efsane û daristanî diroda Çît heye? Rêzbendî serwerît be tenha zincîreberdêkî rizîwin Zincîre sedeyek, zincîre dûkelê zincîre peyvêkî bê qaçin û naron û Le lezmî xoyana çeqîwin Ey mêjûy satûrî hemîşe palkewtû Bawêşkî cîhan û kîselî zemane Min lêre be dwawe natwanim qet hergîz natwanim pêw bilêm Ke rîzeşanazîy awsawit zor cwane Pasarîyek be bawkî wit: Serî min serî to nîye babe Serî min serî to nîye Min firînêkî cyawazim Serî min pir cirîweye û serî to pir xolemêşe To serit dawete destî 'ba'y rabirdûy bapîrem û Kuneborî eşkewtekan Ewende kon û beserçûn Hênde reş û hênd nisirmin Bonî gogirdî mirdin û bîrçûnewetan girtuwe Min le serma rûbarî awêne heye û Min le dilma reng hel’eka û Reng hajey dê û To firînit girmoley naw hêlaneye Min firînim be çawî bal qûlayî asman ebînê! To dengî balit nûsawe û gewcêtît bote yeqîn û Min şeqjinim pir pirsyare û Guman çawme û Xoşewîstîy le denûkma bo sibeyrojim exwênê! Şa’îrêkîş le nîweşewa çirandî: Min bawkim nîm heta le rêy şax û dax û dûkel bonî barût û şehîdewe Em nîştîmanem nasîbê Min ew mêjuwem nedîwe Bo rojêkîş neçûmete jêr dewarî û Bo carêkîş çîye swarî espî derbenêkî nebûm Yek xewîşim be xwênî daruberdewe Be zirîke û qîjey aw û Be rakirdinî dirext û Be sêdarey hepesaw û be paytextî qemekanewe nedîwe! Min bilêm çî?! Ew eşkewtane nanasim Ke hawrêy şemşemekwêre û bawkim bûn Hîkayetî ew hîlaneşim bîr nîye Ke ew eyangêrêtewe Çawî min dûr dûr roştuwe Ew tixûbey cêhêştuwe ke lay bawkim dwamenzile û Lew rengey têperanduwe Ke lay bawkim taqe renge û Ew dengeşî le gwêya naziringêtewe Ke lay bawkim tenha denge gwêy lêbuwe! Em bawkey min le îsteda Le dolabêkî textey kon zyatir nîye Ke her bo firêdan başe! Le radyoyêkî perpûtîş zyatir nîye Ke hîç kes naykatewe ta bîbîsê Le şûşeyek merekebî wişkewbû zyatir nîye Ke yek wişey pê nanûsrê! Em nîştîmaney min taqe nîştîmane Salî carêkîş xoy naşwat Heta emroyş hemû carê bawkim legel nîştîmana Qireqrî eweyane erz xire yaxud texte! her şewêkîş ke nîştîman bawêşkî da Bawkîşim rêk beramberî bawêşk eda! Herdûkîşyan direnganê leser çirpayekî darî cîrecîrker Be cût xewyan lê ekewê Bo sibeynêş çêştihengawê hel’esin û Dîsanewe ew xewane bo yektirî egêrnewe Ke be dwênêwe dîwyanin Egêrnewe min dway mergî ew newroze ledayk bûm Tabûtekey le gulale û darî çwale û laske nêrgiz çê kirabûn Egêrnewe tarîkî mamanim buwe Çawim lenaw ser hewrêkî betalda pişkûtuwe Ew kate taze be taze le şaxewe hetaw geyştibuwe şar û Ew kate taze be taze cadey tirsaw pêy girtibû To nîştîman! hemûy komele werzêke nawit be gwêm aşna buwe Min tom tenha lenaw bazarî rêklam û Zimanlûsî diruşim û şaşey tîşkekana dîwe Min tom tenha le rê û banî ew hîkayet û şe’raneda bînîwe Ke hendê car bawkim legel rîş û simêlêkî zibra eyhênaye jêr lêfewe û Hereşeyan lê ekirdim û Minalîmyan wekû kotrê etoqand û Be darêkî estûrwe pirsyaryan tya raw enam û Le dwayîşda bawkim be zor be bê ewey xoşim bwên destî pê ekirdime milyan Dûrawdûrîş lew zyafete gewraneda û leser xwanî dûr û dirêjî wirgin û xebxebedar toyan nîşanî min dawe Yaxud leberdemî banke berzekanî ewrupada ke hemûyan nihom nihom pê ekenin û toyş layanewe westawî Toyan nîşanî min dawe leser burcî bextî gewrey benderêkî bazirganî yaxud lenaw wêneyeka Ke şerî nawxo be deste sûrekanî xoy girtiwêtî û Qateket xwên eçêtewe û Çon tep û tozî pişteweyş bê derbestî Min tom bew core bînîwe Em katetan baş! Min espêkî kurdî kujrawî şerî nawxom 'kadane'm û resen resen Ew espey tir ke minî kuşt amozam bû Ewîş dîsan resen resen Herweku min kadane bû Jinekey ew Maynêkî yalzêrînî kiçî xom bû Welê ew wextey nîştîman ehîlênê Hîley ême bêdeng ebê! Şewêk meyterekem witî: Ebê ew amozayet bikujî Witim boçî?! Witî çunke ew espêke Le hîley ême laydawe û Rengêkîkey lexo dawe û Simkolanî û çepokanî hereşen bo em heware û Wa biryare îtir nejî, taze nejî! Belarêyekî naw fêla çûme serî Belam ber lewey bîkujim ew kuştimî! To nîştîman! Ey ew pyawey le qulley berzî Xururî naw sertewe erwanîte xwarî xot û bo carêkîş danabezît Bo naw gurdemî birîn û lay payîzî em hemû jane çawerwanane! Êwareyek le pyaseyêkî dirêja Dirêj be qed tunêlekanî bedbextî û azarî xelk Tenyayîm dûr dûr birdimî bo ew binarî xemane û Bo lay payîzî jyan û Bo lay gijugyay cwanemerg Lewê bo yekem car tûşî Ladêyekî kerukal bûm Her çonêk bû, be dest, be ser, be çaw, be qaç, têy geyandim: Ewetey ew heye ne xwa Rojê serêkî lêdawim û Ne pêxember û cubrîl û ne buraq û ne xelîfe û ne emîr û ne walîyekanî hikumet Dway ew qelebaçkeyêkim bînî Bêwejnêkî yek balî nabîna bû Witî: ewetey minîş hem Carê nemdî ne çirayêk bêt bo lam û Ne yek kewiçk deway derd û Ne betanî û bereyêk û Ne kiras û kolwaneyêk Pyasey dirêjim birdimî, her birdimî Mirawîy yek qaçim bînî Kotrî bê denûkim bînî Kerwêşkî bê gwêçkem bînî Gwêdrêjî bê qepoz û mangay bê gwan Rêwî bê kilk, espî bê yal Awî lal û dar û dirextî bê qij û rezî mirdûy zorim bînî Kotelî dirêj birdimî û her birdimî Wextê lew ser geramewe, nîwe şewê Hewrî çawim her ewendey aw pê mabû Be bêdengîy helîgrê Bo dwayîn qulpî giryanî qesîdeyêk! Kameran ew kiz kiz, perit perit Dûkelêkî piçir piçir Awazêkî dûkerit dûkerit Cadeyêkî şeket şeket Bîrkirdinewey bilawbilaw Dirzê le dirzêkî tira Tirsê le tirsêkî tira Çun rayelî termî rê rê Ser berewxiwar wekû cestey şemşemeyêk Xo helwasîw be binmîçî eşkewtêka Terîw terîw, le sûçêkî bezeyîda Dyar û nadyar, heye û nîye, ejî û najî, emrê û namrê deng ebîsê Dengî cya cya, dengî çeqo, dengî sîsirk, hawarî şew dengî pêy berd Çirpey çirpe, nûzey nûze, deng ebîsê ew dengane beyeka dên Dengin yektirî eşkênin ew gwêy lêye hareyan dê Dengêk fermanî edatê: xoy bikujê Dengêkî tir destî egrê ew dengane lenaw yeka çir ebnewe Erjêne naw emewe da’eçlekê Areqêkî sard der’eda leberdemî dîwarêka ehepesê dûkerit dûkerit Îtir destêkî lêreye û destekey tirî le sefer Qaçêkî cêgîr le mala û qaçekey dîkey derbeder Dûkerit dûkerit, nîwey mişar, nîwekey tirî kir kir kir ebrêtewe Le yek sata, nîwey cestey be berzayî ruwanînêka hel’egerê û Nîwekey dîkey bo xwarê bere û girî kilpekirdûy naw dolî qûl da’egerê
Sherko Bekas