لە نێوانی دوو چرکەدا جارێک پەرداخێکی لێڵی پڕ و جارێک خاڵی وەکوو سکی جارێک خۆی وەکوو مارمێلکە دێتە بەرچاو جارێکی دی وەکوو بەورێ لەناکاویش بەسەزمان و زەلیل زەلیل لە نێوان دوو چرکەدا گریانێکی زۆر بەکوڵ و ئینجا قاقای پێکەنینێ زوڵاڵ زوڵاڵ دووکەرت دووکەرت کەرتێکی بووە بە گەدا و کەرتەکەی تری بە پاشا کز کز، پەرت پەرت دووکەڵێکی پچڕ پچڕ گزنگێکی ساوا وتی: تۆ نیشتیمان! من نازانم ئەڵێن ڕۆژێک بووە جوان بووی پڕ بووی لە شەوبۆی گەنجێتی و ورشەورشی خەوی بەفر و پڕ بووی لە ئاوازی سپی و باڵی پرشنگ بۆ هەڵفڕین ئەڵێن ئەو ڕۆژەی تۆ لەگەڵ ئازادیدا قۆڵ لە قۆڵا بە زریوە و بریسکەوە هاتوونە ناو حەوشەی شەوی زیندانەکەی ئەم شارەوە کەس نەماوە ماچی دەست و ماچی قاچ و خاک و خۆڵی ژێر پێڵاوی ئێوە نەکا! نەونەمام و پیرەدار و پیرەبەرد و گوڵی باخچە و سنەوبەر و نۆتەی مۆسیقا و پەردەی شانۆ و قافییەی شیعر و شەپقەی چیرۆک و دەسەسڕی سەرچۆپی و چوارچێوەی تابلۆ و زەردەخەنەی پەیکەرەکان و پەپوولە و مێروولە و گۆچانی پیرەمێردەکان و سەرپۆشی پیرێژنەکان و فڕفڕۆکەی مناڵان و بووکەشووشەکان و شمشاڵەکانی شاخ و گیتارەکانی شەقام و پرچی کچەکانی زانکۆ و بۆنی خۆشی گەڕەکەکان و بەشێک مردووی سەرقەبرانیش لەگەڵیانا و لە پێشەوە ڕەفیق حیلمی و بێکەس و لە هەڵەبجەوە مەولەوی و لە خاک و خۆڵەوە نالی و هەموو هاتوون بە پیرتەوە تۆ و ڕاپەڕینیان هەڵکێشاوە لە گوڵاو و بۆ شەویش لە دڵیانا دابەزیون و تا چەند ڕۆژێ هەر لەو ماڵە ماونەتەوە من نازانم وەکو ئەڵێن موستیلە و بازنی خەونەکان ئەوەندە زۆر بوون کچێ نەماوە ژنێ نەماوە نەیانکردبێتە دەست و پەنجەیان هیواکان ئەوەندە جوان بوون ماڵ نەماوە بە تەنیشت گوڵەباخەکانەوە نەیانڕوێنن من نازانم ئەڵێن تۆ لەو دەمەدا ئەم پیاوە گرژ و مۆنەی ئەمڕۆ نەبووی عاشقان خۆزگەیان بووە لە ناو پارکی ئازادیدا وێنەیەکت لەگەڵا بگرن یان دەسێک بکەنە ملت و ماچت بکەن تۆ ئەو ڕۆژانە لە شەبەقەوە تا بوولێڵ لە ژێر چادری ئاوارەکانی کەرکووکا بوویت و ئەچوویتە ناو کۆڵانی خەمەکانیانەوە و لەبەر دەرگا لە گەڵیانا دائەنیشتی و گۆرانیت بۆ ئەوتن و بە سبەینێت ئەناسانن وەکو ئەڵێن تۆ ئەو سەردەمە ئەم پیاوە ناشیرینەی ئەمڕۆ نەبووی ئا ئەم باخچە پاسفندەیە و ئەم ئەلبوومە زشتە نەبووی تۆ ئیسا منداڵەکان لێت ئەترسن ژنەکان کە ئەتبینن دەرگای ماڵەکانیان دائەخەن ئەگەر وا بڕوا تۆ ڕۆژێک بە تەنیا ئەمریت و لەگەڵ دارەمەیتەکەتا هەر ئەو قاچاخچی و دزانە ئەڕۆن کە خۆت کردنت بە میر و سەردار! ئەو ڕۆژە لە سایەی گوڵی ژاڵەیەکا هەنگێکم بینی لەسەر گەڵایێک پفیو پفیو ئێجگار شەکەت ڕاکشابوو لێم پرسیی: ئەوە بۆچی وات لێ هاتووە!؟ بەبێ ئەوەی باڵ بجووڵێنێ وتی: بڵێم چی!؟ ئەوەی ئەمساڵ کردم و ئەوەی کۆم کردەوە و ئەوەی پاڵاوتم کۆمەڵێ زەردەواڵە و زەردەزیڕەی چەکدار هاتن و لە چاوترووکانێکا هەر هەموویان خستە پشتی کوللەیێکی پیکابەوە و بردیان! لە پێشا چۆلەکەیێک وتی: بۆنێکی ئەوەنە ناخۆش دێت سەردار بێ سەر ئەکا ئەو بۆنە ناخۆشە لەو درەختەوە دێت درەختەکە وتی: نا لەو ماڵەوە دێت ماڵەکەیش وتی: نا نا لەو کۆڵانەوە دێت کۆڵانەکەیش وتی: نا نا لەو شەقامەوە دێت شەقامەکەیش وتی: لە شارەوە دێت شاریش وتی: نا نا ئەوە بۆگەنی هەموو وڵاتە وڵاتیش وتی: هەرگیز هەرگیز ئەو بۆگەنە لە ڕاستییا لە دەست و دەم و داوێنی ئەو کەساونەوە دێن کە درەخت و ماڵ و کۆڵان و شەقام و شار و وڵاتیان گشت دزی! ئەی پیاوە بەردینە بێوەفاکە بەرامبەر سەری خۆت و چاوی خۆت و بناری خۆت! تۆ قەت ڕۆژێ نەهاتویتە ئەم ماڵی 'کامەران'ە سەردانی خەم و هەناسەی ساردی دایکم و سەردانی ژووری بەوبەختی خوشکەکانم بکەیت تۆ ئاگات لە مت و موورووی غەمگین و کراسی گریاویان نییە تەنها جارێ و بۆ ژەمێکیش پەتاتەیێکی کوڵاو و چۆڕێ شۆربات لەگەڵ ئێمە نەخواردووە تەنها جارێک لەگەڵ ڕازی پێڵاوی شڕی ئێمەدا نەدواوی و مەراقێکی کون کونی ئێمەت نەداوە بە خۆتا سەرت نەخستووەسە سەر بەردی سەرینێکی ئێمە و شەوێک لە ناو هۆدەی ئازارمانا نەنووستوویت و کەوچکێ دەرمانت نەکردووە بە دەمی شەوێکی نەخۆشی ئێمەدا تۆ ئەی نیشتیمان! تۆ چووزانی کرێچێتی چییە و ڕەنگی چۆنە! تۆ لەرز و تای سکی خاڵیت نەگرتووە تووشی لەت و پەت بوونی دەروون و پووکانەوەی هیوا نەبوویت خۆبەستنەوە بە تۆوە جۆرێکە لە خۆبەستنەوە بە سەرابەوە من وەک ئەو پیاوە غەریبانە ئەتناسم کە بەلاتا تێئەپەڕن و لەوانەیە جارێکی دی هەرگیز نەتبیننەوە من پێناسەی تۆ بخەمە گیرفانەوە یان نەیخەم چی لە بێکاریم و لە بێزاریم و لە دڵتەنگیم ئەگۆڕێ! چی!؟ ڕێ و بانتان باش! من جووتە پێڵاوە لاستیکە بەوبەختەکەی دایکی 'کامەران'م چەن ساڵە هاودەمی قاچەکانیم کە من تەزیم، ئەوانیش ئەتەزن کە من پڕووکام، ئەوانیش ئەپڕووکێن! کە من ئاودزم کرد، ئەوانیش ئەخنکێن کە لە ماڵ چووە دەرەوە تا ئەگەڕێتەوە منی لەگەڵم کە چووە ژوورەوە ئەوسا ئیتر من بە تەنیا لەبەر دەرگا ئەمێنمەوە و دائەنیشم و چاوەڕێم من زۆر نزیکم لە دایکی 'کامەران'ەوە ئەو لە سەرەوە ئاخ هەڵئەکێشێ و منیش لە خوارەوە دۆش دائەمێنم ئەو تەماشای خەمەکانی خۆی ئەکات و منیش هەنگاوەکانی ئەژمێرم ئای کە ئەم قاچانە ڕاکەڕاکەیانە ئای کە ئەو پەنجانە داماون بەم ڕۆژگارە بە دەم هەناسە سارد و گەرمەکانمەوە لە پێڵاوە گەنجەکان ورد ئەبمەوە ئەوانەی ڕوومەتیان بریقەی دێ پێڵاوە قژڕەشەکان، قژسوورەکان قۆنەرە کەڵەگەتەکانی ژنان سفورەکانیان ئەوانەی بە هاوین هەموو پەنجەکانیان ڕووت و بە دەرەوەن موحەجەبەکانیان ئەوانەی هەموو جەستەیان تا لای پووز ئەشارنەوە لە وەرزە جیاجیاکانا من گوێم لێیە ئەم دایکی 'کامەران'ە ئەم ژنە پاقلە فرۆشە، قەزوان فرۆشە، گوڵەبەڕۆژە فرۆشە ئەو دەنکە پاقلانە چۆن ئەلاوێنێتەوە! ئەو دەنکە قەزوان و دەنکە گوڵەبەڕۆژانەی چەند خۆش ئەوێ! من ئەزانم چ حەسرەتێ لەو دڵەدا و چ فرمێسکێکی لانەواز و چ تەماشایەکی بێوەژن لەو چاوانەدایه! من ئەزانم تا نووزەی تیا بێ فڕێم نادا و تا دواهەنگاویش بەجێم ناهێڵێ! خانمەکان! گوێچکەتان باش! من جووتێ گوارەی خوشکێکی قەیرەی 'کامەران'م هێشوویەکم کەڵەگەت و سپی سپی و بە لاملا وەختێ کە شۆڕشۆڕ ئەبمەوە هەتا نزیکی سەرشانم من زۆر کەم ئەچمە دەرەوە و لە ناو قوتووە شینەکەما وەڕس وەڕس پاڵ کەوتووم و هەر لە ماڵم مەگەر دەگمەن هەوای دەرێ هەڵمژم و مەگەر ڕێکەوت قژی کوڕێکی سەر جادە ببینم و یاخود بۆنی خۆشی نێرێ بێتە لووتم بێزار بێزار هەر لە ماڵێ و هەر لە ماڵێ! پێرێ خۆشترین ڕۆژم بوو ئێوارە بوو چووینە دەرێ بۆ ئاهەنگێ بۆ کۆنسێرتی 'کامکار'ەکان کە دانیشتین وەختێ گۆرانی هەڵفڕی مۆسیقا کەوتە لەنجە و لار ئیتر منیش لای خۆمەوە لەگەڵیانا کەوتمە سەما و لە خۆشییانا گەرم بووم و خەریک بووم خۆم بترازێنم و لەو گوێچکانە بێمە خوارێ و ڕاکەم هەتاکو سەر شانۆ بەڵام ئیتر خانمەکەم توند گرتمی و داینامەوە و وتی نابێ! هەتا کۆنسێرتیش تەواو بوو من هەر دڵم لای ئەو کوڕە 'کەمان'ە بوو کە بە دەنگی عاشقانەی پڵپڵەی جەستەمی لەرزان! وەختێ چووینەوە ماڵەوە هەر ئەو شەوە لەناو قوتووەشینەکەما من لە خەوما دەستم لە ملی کەمانچەی ئازیزا بوو تا بەیانی! ئەم کاتەت باش من ناوم 'شیعر'ە خەڵکی ئەم زمانی کوردییەم ڕۆژێ لەگەڵ سێ چوار چیرۆک و چەند شانۆنامەیەک و یەک دوو ڕۆمان و چەند ستوونێکی ڕۆژنامەوانییا چووین بۆ لای نیشتیمان من بە شیعر سەربوردەی باخچە بێوەژنەکانم بۆ خوێندەوە چیرۆک حیکایەتی ئەو تاقمە چاویلکەیەم بۆ گێڕایەوە کە تەزویری خۆشەیستی ئەو ئەکەن و مەتر بە مەتر زەوی قووت ئەدەن و کە وەختێکیش نیشتیمان بە شەو ئەنوێ لە گەرمەی خەوا پەنجەمۆری پێ ئەکەن شانۆیەک هەستایە سەر پێ و ئەو شانۆنامە تراژیدیایەی بۆ نیشتیمان نمایش کرد کە چۆن هەموو شەوێ بستێ دوو بستی جەستەی ئاودیو ئەکرێ و ئەکتەرەکانیش ئەوانە بوون کە پێشتر دایکیان و باوکیان و برا و خوشکەکانیان لە مەزاتێکی نێوان نیشتیمان و ئەودیودا حەڕاج کرابوون ڕۆمانێکیش لە هەمووان زیاتر قسەی کرد لە ڕێگەی دیالۆگی درەختێک و بەردێکەوە ویستی ئەوە لە نیشتیمان بگەیێنێ کە دەریاچەی متمانەکەی جارانی خەریکە قەترەبڕ بێ چیرۆکی کورتەبنەی سوورفلیش کە تا ئەو کاتە هەر لە پێش خواردنەوەدا بوو بوو بە پشکۆ و بە ڕووی نیشتیماندا هەڵشاخاو و وتی: پێئەچێ لێرە بە دواوە ئارامگرتن لە گۆمێکی مەکسەوە ببێتە ڕووبارێکی تووڕەی بە چەپۆکانی سەرکێش و شەپۆل شەپۆل لەگەڵ خۆیدا بەندەرەکانی درۆ ڕاماڵێ ستوونی ڕۆژنامەوانیش ڕووبەڕوو بە نیشتیمانی وت: قوربان هەزار پینەمان داوە لە قسەکانت لە لەشت، لە هەڵس و کەوتت بەڵام ئیتر پینەکانیش وەڕس بوون و ڕزیون و هیچیان پێ ناکرێ وا چاکە منیش بچمەوە بە لای عەشقە گەڕیدەکەی خۆمەوە لێرەدا بوو نیشتیمان تووڕە بوو دەمی کەفی کرد نیشتیمان شێت بوو قژی خۆی ڕنییەوە نیشتیمان بوو بە ڕەشەبا و شاخ و دەشتی بە 'با' کرد و وتی: ئێوە بریتین لە تاقمێ بوختان و وشەی چەتە ملی شەعری گرت و بە قاچە زلەکانی شەقێکی تێ هەڵدا و شەعر بەرز بووە و لە دواییدا کەوتە ناو بەرمیلێکی بەتاڵەوە یەخەی چیرۆکی گرت و بە دەستە زلەکانی چەند جارێک ڕایتەکان و هەر لەوێدا چیرۆک وەکوو ملوانکەیێک پچڕایەوە و ئەوسا گسکێک هات و ئەو ناوەی ماڵی و خستییە تەنەکەی خۆڵی بەر ماڵی نیشتیمانەوە نیشتیمان لە ڕۆمان نەوی بیدڕێنێ بەڵام ڕۆمان زۆر کەتە بوو بۆی نەدڕا و لە دواییدا فڕێی دایە ناو ئاگردانێکەوە و نەختێ نەوتی کرد بە سەرا و یەک دەنکە شقارتەی لێدا لە دوای ئەو نیشتیمان لچ و لێوی شانۆنامەکەی کرد و بە پاسەوانێکی وت: ئەم لچ و لێوە هەر لەسەر شانۆکەی خۆمان بۆ عیبرەت نیشانی خەڵکی بدەن لە دواییشا ستوونی ڕۆژنامەوانەکەیان کرد بە پاژنەهەڵکێشێکی گەورە و لە تەنیشت پێڵاوەکانی نیشتیمانەوە هەڵیان پەسارد ئەی مێژووە بێدەربەستەکە ئەی نیشتیمانی بێ سفەت من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە هەموو ڕۆژێ چون ئاوێنەیەکی ورد و خاش لە ژێر قاچە زلەکانتا ئەبینم و کەچی خۆتی لێ گێل ئەکەی! ئەی باوکە بێ دڵەکەم تۆ لە دەفتەرە گچکەکەی بیرەوەریی منا لە چەند لاپەڕەیەکی خۆڵەمێشی زیاترت نییە من بیرم نایە لە شاخا تۆ چەند ڕەشەبای ژەهراوی دوژمنت کوشتووە!؟ یان چەند ئەستێرەی سەرکەوتنت لەسەر ئەو لوتکانە ڕیز کردووە!؟ ئەوەیشم بۆ ئەژمار ناکرێت کە نیشتیمان خۆی بە دەستی خۆی چەند مێرگ و چەند کتێب و چەند کێڵگە و چەند گڵۆپی کوڕ و کچی خۆی کوشتووە من بە حاڵ هەر ئەوەندەم لە بیرە: ڕۆژێک چوار ڕەنگی کوژراویان هێنایەوە بۆ گەڕەکەکەمان دوو تابووتی سەوزە و دوو تابووتی زەرد دوو دایکیشم بینی نە سەوز بوون و نە زەرد هەردووکیان خوشکی یەک بوون و ڕەنگە کوژراوەکانیش کوڕی هەردووکیان. ئەم کاتەو باش! من ناوم 'گابەرد'ە لەسەر ئەم بەرزاییە ئەژیم چاوم لە هەموو شتێکە! ئەمەوێ بەر لەوەی بەر بارووت و جادە بکەوم و نەهێنیەکان لەگەڵ خۆما ورد و خاش کەن هەندێ قسە هەیە بیکەم: جارێکیان هەر لە پاڵ منا بۆسەیێکیان بۆ دوو جۆگەی بێگوناه دانا جۆگەکان بە دەم گۆرانی وتنەوە ئەهاتن وەختێ گەیشتنە بەردەمیان کوشتیانن تەنها لەبەر ئەوەی سەرچاوەکانیان جیا بوون تەنها لەبەر ئەوەی ئاوەڕۆیان لەوان نەبوو من بۆخۆم تا دوو ڕۆژ لە باتیی ئاو خوێناوم ئەخواردەوە! ڕۆژێکی تر تاقمێ هاتن و هەر لە پاڵ منا تفەنگەکانیان خستە سەر پێ و لوولەکانیان کردە خوارێ و ئەو سنەوبەرانەیان کوشت کە هەموو بەیانییەک سروودێکی سووریان بە دەم سەمایەکی سوورەوە بۆ باڵندە هەژارەکان ئەخوێند ئەو سروودەی کە لە سروودە باوەکەی ئەوان نەئەچوو ئەو سروودەی لە پێناسەی ئەوانی هەڵنەگرتبوو بەڵام ئەوەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە ئەو ژنە بوو کە بە ناوی خوا و پێغەمەر و شەرەفەوە چەند بەردێکی دراوسێی منیان لێ بەست و هاویشتیانە گۆمێکەوە! ئەمڕۆ خەمێکی سەرباڵ شین لە گۆمەکەی 'دوکان'ەوە بە دەم هەنیسکی بای وەشت و بە دەم گریانی شەعرەوە فڕی و هات و هات و هات و وەختێ گەیشت بوو بە لۆکەیەکی مۆر و بوو بە سێبەری کۆستێک و بە ئەسپایی لە تەنیاییما نیشتەوە ئەی قومری ئاوی ڕەنجەڕۆ ئەی هەواڵی سەرباڵ شینی ژنی خنکاو دەنگی خنکاو! 'مانگ'ی خنکاو! عەشقی خنکاو! ئەی شاژنی فرمێسکی چاو! تۆ پێم ناڵێی؟ لە ناو ئەم هەموو پاییزە جوانانەدا لە ناو ئەم هەموو گوڵاڵە زەردانەدا لە ناو ئەم هەموو شیوەنە شۆخانەدا ئەم هەموو چرا ڕەشپۆشە و ئا ئەم هەموو زایەڵە کەمەرباریکە و لە ناو ئەم هەموو کۆتەڵە گەرمانەدا تۆ پێم ناڵێی؟ ماڵی منت چۆن دۆزییەوە!؟ لەبەر شەعر!؟ ئاخر شیعر هەرگیز هەرگیز لەو پرچانەت جوانتر نییە! ئاخر شەعر هەرگیز هەرگیز لەو نووستنەت قووڵتر نییە! لەو جەستەیەت سپی تر و زمانیشی لە بێدەنگیی ژێر ئاوی تۆ ڕەوانتر و پاکتر نییە! ئەی سترانە خنکاوەکەی بەرد لێ بەستراوی بنی ئاو منیش ئەمڕۆ خەمی گران و قورسی تۆم لە شەعرەکانم بەستووە بۆیە بەرەو بنی خەیاڵ وەک تاڵەمووی جێماوی تۆ کەوتوومە ڕێ و ئەڵێم خوایە بەشکوو شەوان شەعرم لەوێ ببن بە شەمی داگیرساو لە ژێر ئاودا و بە لاکێشێکی نارنجی بە بریقەی دەوری لەشت و من ئەزانم لە سەرەوەیش نەوڕەسی عەشق هەموو ساڵێ لەم ڕۆژەدا بە باڵ لەسەر قەراغی نزمی هەر هەورێ لە بان دەریاچەکەی دوکان یادی ئەم غەدرە ئەنووسێ! ئێوە نازانن ئەم نیشتیمانە بە ناوی پیرۆزیی خاک و خۆڵەوە بە شایەتیی باڵندەکان بە شایەتیی ئەو هەموو دارستانانە ئەو هەموو مار و مێر و بۆق و مارمێلکە و سیسرکەوە بە شایەتیی ئەو هەموو سمۆرانە ئەو هەموو قەتێ و مامز و کەروێشکانەوە بە بێدەنگی بە دزیی ئازادییەوە بە دزیی ڕەنگی سپییەوە بە دزیی درەختەکانەوە بە دزیی چاوی بارانەوە ئێوە نازانن بە دزیی خۆرەتاوەوە چەند شەعریان کوشتووە چەند چیرۆکیان سەر بڕیوە چەند شانۆنامەیان فڕاندووە چەند خەویان زیندەبەچاڵ کردووە ئاخر ناوەکان زۆرن و بە من ڕیز ناکرێن ئاخر من و 'سۆرانی مامە حەمە' وەکوو درەخت و ئاو مەل و هەوا دوو دۆستی گیانی بە گیانی بووین ئەو هەموو جارێ ئەهات و لەسەر سنگم مۆمێکی دائەگیرسان و ئەیوت: ئەمەشیان بە یادی قومرییێکی کوژراو ئەمەشیان بۆ وتارێکی تیرۆرکراو ئەم دووانەش بۆ کەرکووک و عەلی مەردان ئا ئەمەیش بۆ قژی 'جەبار جەباری' ئاخر 'سۆران' دوا گەنم و جۆی وتاری خۆی هەر لەسەر سنگی من نووسی ئێوە نازانن ئێمەی دار و بەرد ئەیزانین بە دزییەوە نا بە بەرچاوی خوا خۆیەوە بە بەرچاوی ئازادییەوە بە بەرچاوی کورسییەکانی پەرلەمانەوە بە بەرچاوی منارە و کڵێسەوە خوێنی چەند ڕەز و مەزاریان دزی بە مردوویی چەند بازن و موستیلەیان لە دەست و پەنجەی عاشقان دەرهێنا چەند پەڵەهەوری سکپڕیان فرۆشت چەند پەنجەرەی قوربانییان لە تاریکیا مەزات کرد! چەند ڕیشی وەک ڕیشی 'مەولەوی'یان کرد بە یەک و ڕستیانەوە و بۆ گۆرەویی ئاخوندێک و بۆ تان و پۆی جبەیەک و قەدەکانی عەمامەیەک! تیترواسکێکی حەکیم و بە ئەزموونی ڕیش سپی لە کەنار گۆمێ پیاسەی ئەکرد و لەبەر خۆیەوە ئەیوت و ئەیوتەوە! کام ئاواز سپییە، بە یەک پەڵەی ڕەشی دەنگ لەلای گوێ ئەبێزرێ! یەک غەدر بەسە بۆ ئەوەی دادپەروەریی پێ عەیبدار بێ! یەک چاوی قرپۆک و یەک دومەڵی گەڤار بەسە بۆ ئەوەی هەموو جوانییەکانی دیکەی ڕوخسار و لەش بشێوێنێ! لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم ئەم ئێوارەیە من پڕم لە وردەشووشەی شکاوی پەنجەرەی گەنجی ئەم شارە وردەشووشە هەڵئەچەقێن لە خەیاڵ و خەونەکانم خوێنیان لێ دێ و زامانیش ئەبن بە فوارە ئێوارەیێکی درەنگە و پڕم لە ڕووناکیی کوێر و پڕم لە شەپۆلی لاڵ و پڕم لە پاییزی دایکم و لە خۆرنشینی خوشکەکان هەموو جارێ ڕووناکیی کوێر دەستێک ئەگرێ بە درەختە سووتاوەکەی ناو دڵمەوە و ئینجا هەڵئەسێتە سەر پێ خوشکەکانم بەم ڕۆژگارە لە ماڵەوە جریوەی مردوو ئەژمێرن پاییز دایکمی کردووە بە جێگری هەڵوەرینی و خۆی ڕۆیشتووە بە سەفەرێ بۆ لای کچەکانی 'عەرعەر'. ڕۆژێ کورتەچیرۆکێکی بێکار لە ناو پارکی ئازادییا 'نیشتیمان'ی لەگەڵ ژنی سێهەمیا دی کورتەچیرۆک زۆر دەمێ بوو وشەی پەنگی ئەخواردەوە و بووبوو بە دەریاچەی سەری بۆیە تووڕە تووڕە تووڕە یەخەی نیشتیمانی گرت و وتی: ئەی نیشتیمان! گریمان تۆ نیشتیمانم نەبوویتایە لەمە زیاتر چیم لێ ئەهات!؟ ڕەنگە لە جادەیێکی بەغا من تەنەکەی خۆڵ بوومایە! تەنەکەی خۆڵی کوردستان یان عێراق بی هەر تەنەکەی! لەوانە بوو لە مەیانێکی تارانا فڵچەی قۆنەرەی بۆیاخچییەکی ئازەری و فارس بوومایە فڵچەی قۆنەرەی کورد بی یاخود فارس یان ئازەری تۆ هەر فڵچەی! لەوانە بوو لە بازاڕی ئەنقەرەدا سێوێکی گلار بوومایە گلاری بازاڕی کورد بی یاخود هی تورک هەر گلاری! لەوانە بوو لە چایخانەیەکی ناو شاما ببوومایە بە تڵپەی چا تڵپەی چای کورد بی یان عەرەب تۆ هەر تڵپەی! ئەی نیشتیمانی تازە پیاکەوتوو! لە ئیستەدا تۆ ئەگەر لەبەر سەرقاڵی بە بۆنکردنی نەوتەوە سەرنەپەرژان بە هۆی گەمەی سێ ڕیزکێی دیموکراسی و سەرنەخورانت بە هۆی کورسیی وەزارەت و بە سەفەری هەندەران و خەلیجەوە بیرت نەبێ! منی لە چرای بێ نەوت بێکارتر باش لە بیرمە! ئێوارە بوو لە قەراغ شار بە ڕێکەوت تووشی یەکتر بووین تۆ هێشتا هەر کڵاوەکەی ڕاپەڕینت لە سەرا بوو! هێشتا بۆنی یەکەم شەفەقی بەیانیی ئەمنە سوورەکەت لێ ئەهات! جارێ نەبووبووی بە تاوس ڕەنگی پۆلیس و چاوەشت نەگرتبوو! هێشتا جلی چاڵەنەوتت نەپۆشیبوو! فێری گەمەی ڕۆڵێت و پۆکەر نەبووبوویت! هێشتا تۆ هەر خەیاڵەکانت باخچە بوون بۆ گوڵی خەم و هەژاری تۆ ئەوساکە ژنی دووهەم و سێهەم و چوارەمیشت نەهێنابوو هێشتا نەبووبوویت بە والی ئەو کاتە بوو وتم گیانە: تۆ کە لای خۆت وات داناوە نیشتیمانی هەموو دارێکی قوربانیت نیشتیمانی هەموو ئاوێکی قوربانیت نیشتیمانی هەموو گەڵایەکی سووری ئەم مێژووەیت بەڵام ئاخر تەماشا کە لە ئیستەوە تۆ هەر لە مەل و باڵندەی باخەکانی کۆشکی خۆتمان بۆ ئەهێنی لە جیاتی ئێمە بخوێنێ تۆ هەر گۆڕی چرای کوڕت و گۆڕی گوارەی ژنەکەت و گۆڕی عەینەکی براکەت هەڵئەبەستی کەچی مەزاری هەزاران باڕەکەو و ئاسکەکێوی و شینەشاهۆ لەبەر ئەوەی ناچنەوە سەر شەجەرەکەی چواردەوری تۆ ناوەکانیان لەم ساتەوە، ئەدرەسیان و پێناسەیان 'با' بردوونی بۆ بۆشایی بیرچوونەوە و دەنگیان پڕ بووە لە خۆڵ و شوێنەواری هیچ زامێکیان لە ئیستەوە دیار نەماوە! بولبولێکی دەربەدەرەی وڵاتان کوڕێکی بەستەیێکی شەهید بەستەیێکی لەبیرکراو دوای چەندین ساڵ گەڕایەوە بۆ شارەکەی ویستی بچێتە سەر گۆڕی باوکی و تێر تێر بە دەم گریانەوە بچڕێت وەلێ هەرچەند گەڕا و هەرچەند پرسی و چووە لای نیشتیمان و چووە لای سروودەکان و بەڵام گۆڕی باوکی بۆ نەدۆزرایەوە هەتا ڕۆژێ لە مەراقا ئەویش لەسەر گۆڕی نەناسراوێ ناکام مرد شمشاڵی عاشقێ ئەیوت: ئەی نیشتیمانی بێ گوێچکەم! تۆ ئەتەوێ هەر چۆنێک بێ و هەرچییەک بیت خۆشم بوێی!؟ بەفر بی یان قوڕ و لیتە و هەتاو بی یان تەم و مژ و تەپ و تۆز بی و یاخود فەوزایەکی بێگەرد هەر وەکو یەک تەماشات کەم!؟ هەر چۆنێ بی... خۆشم بوێی!؟ ببی بە ئەسپی قاچاخچی و باری تلیاک و هێرۆین بێنی و بەری... خۆشم بوێی!؟ ببی بە چەکمەی چەرمینی ژەنەڕاڵێکی دراوسێ یاخود ببی بە مێزەری فەتوایەکی ڕق و تۆڵە من هەر ئەبێ خۆشم بوێی؟ تۆ ئەتەوێ هەر چیت کرد و هەر چیت وت و هەرچیشت ویست لەبەر ئەوەی تۆ نیشتیمانی تاقانەی من بیانخەمە سەر چاوم!؟ یەعنی ئەگەر بەیانییێک هەستای لە خەو داوای خوێنی چیرۆکێکی تازەمت کرد تا خوتبەیێکی نەخۆشت بیکاتە جەستەی خۆیەوە بڵێم باشە و من بتدەمێ و خۆشم بوێی!؟ یاخود ئەگەر ئێوارەیێک لەسەر خوانێ بۆ سەخاوەت بێ بە سەرتا و بۆ یادگار چاوێکم بدەیتە دەستی پادشایەکی یەک چاوی میوانی خۆت بڵێم باشە و خۆشم بوێی!؟ من ناتوانم هەر چۆنێ بی خۆشم بوێی!؟ ببی بە دەرد و نەخۆشی بۆ قەڵەم و ببی بە کوللە و بە ئافات بۆ سەمەل و بۆ کتێب و بۆ ڕۆژنامە و خۆشم بوێی!؟ ببی بە دڕکی تەلبەند و بە ساحرێکی چاوبەست و بە لێبووکێکی سەر شانۆ و خەوی موگناتیسیم لێ بخەیت و تەنها و تەنها لەبەر ئەوەی نیشتیمانی خۆشم بوێی؟ ڕۆژێ بەردێکی خزمی نیشتیمان بە کانییێکی نەناسراوی وت: ئەبێ لەو دەشتەدا بۆم بنووسی کە من لە تۆیش ناسکترم کانییەکە وتی: من هەرگیز درۆی وا ناکەم بەردەکە پێی وت: ئەتکوژم -بشمکوژی من هەرگیز درۆی وا ناکەم بەردی نەگریس خۆی خل کردەوە هەتا سەردەمی کانییەکە و نەیهێشت کانی هەناسە بات هەتاکو مرد! لە دوورتریش زێیەک لە خۆی بایی بووبوو هەرچی ئەبینی پێی ئەوت: من تۆم نەکرد بەم پێکەنینی پێدەشتە!؟ بە ڕەنگ و بۆ و سەمای سەوزی ئەم دارستانە زەبەندە!؟ بە کوڕژن و حیلەی بەردی دیرۆکی ناو ئەم دەربەندە!؟ لەبەر ئەوە من هەرچیم وت هەموو ئەبێ بڵێن وایە! بەڵام جارێ باران پێی وت: مەغروور مەبە ئەوەی هەتە و بۆخۆت ئەیڵێی من کردوومە ئەوەی کردەی هەمووانە مەغروور مەبە ئەگەر من ساڵێ دامنەکرد بچووک بچووک ئەبیتەوە و قسەت ناگاتە گوێی کەس و لە دواییدا کۆتاییشت لە چۆمێکی وشکدایە!
Le nêwanî dû çirkeda Carêk perdaxêkî lêlî pir û carêk xalî wekû sikî Carêk xoy wekû marmêlke dête berçaw Carêkî dî wekû bewrê Lenakawîş besezman û zelîl zelîl Le nêwan dû çirkeda giryanêkî zor bekul û înca qaqay pêkenînê zulal zulal Dûkerit dûkerit Kertêkî buwe be geda û kertekey tirî be paşa Kiz kiz, perit perit Dûkelêkî piçir piçir Giznigêkî sawa witî: to nîştîman! Min nazanim elên rojêk buwe cwan bûy Pir bûy le şewboy gencêtî û Wirşewrşî xewî befir û Pir bûy le awazî sipî û balî pirşing bo helfirîn Elên ew rojey to legel azadîda Qol le qola be zirîwe û birîskewe Hatûne naw hewşey şewî zîndanekey em şarewe Kes nemawe maçî dest û maçî qaç û xak û xolî jêr pêlawî êwe neka! Newnemam û pîredar û pîreberd û gulî baxçe û Sinewber û notey mosîqa û perdey şano û Qafîyey şî’ir û şepqey çîrok û Desesrî serçopî û çwarçêwey tablo û Zerdexeney peykerekan û Pepûle û mêrûle û goçanî pîremêrdekan û Serpoşî pîrêjnekan û firfirokey minalan û bûkeşûşekan û Şimşalekanî şax û gîtarekanî şeqam û Pirçî kiçekanî zanko û bonî xoşî gerekekan û Beşêk mirdûy serqebranîş legelyana û Le pêşewe refîq hîlmî û bêkes û le helebcewe mewlewî û Le xak û xolewe nalî û hemû hatûn be pîrtewe To û raperînyan helkêşawe le gulaw û Bo şewîş le dilyana dabezîwin û Ta çend rojê her lew male mawnetewe Min nazanim weku elên mustîle û baznî xewnekan ewende zor bûn Kiçê nemawe jinê nemawe neyankirdibête dest û penceyan Hîwakan ewende cwan bûn Mal nemawe be tenîşt gulebaxekanewe neyanriwênin Min nazanim elên to lew demeda Em pyawe girj û money emro nebûy ’aşiqan xozgeyan buwe le naw parkî azadîda Wêneyekit legela bigirin yan desêk bikene milit û maçit biken To ew rojane le şebeqewe ta bûlêl le jêr çadrî awarekanî kerkûka bûyt û Eçûyte naw kolanî xemekanyanewe û Leber derga le gelyana da’enîştî û Goranît bo ewtin û be sibeynêt enasanin Weku elên To ew serdeme em pyawe naşîrîney emro nebûy A em baxçe pasfindeye û em elbûme zişte nebûy To îsa mindalekan lêt etirsin Jinekan ke etbînin dergay malekanyan da’exen Eger wa birwa to rojêk be tenya emrît û Legel daremeyteketa her ew qaçaxçî û Dizane eron ke xot kirdinit be mîr û serdar! Ew roje le sayey gulî jaleyeka hengêkim bînî Leser gelayêk pifîw pifîw êcgar şeket rakşabû Lêm pirsîy: ewe boçî wat lê hatuwe!? Bebê ewey bal bicûlênê witî: bilêm çî!? Ewey emsal kirdim û ewey kom kirdewe û ewey palawtim Komelê zerdewale û zerdezîrey çekdar hatin û Le çawtirûkanêka her hemûyan xiste piştî kulleyêkî pîkabewe û birdyan! Le pêşa çolekeyêk witî: bonêkî ewene naxoş dêt serdar bê ser eka Ew bone naxoşe lew dirextewe dêt Direxteke witî: na lew malewe dêt Malekeyş witî: na na lew kolanewe dêt Kolanekeyş witî: na na lew şeqamewe dêt Şeqamekeyş witî: le şarewe dêt Şarîş witî: na na ewe bogenî hemû wilate Wilatîş witî: hergîz hergîz Ew bogene le rastîya le dest û dem û dawênî ew kesawnewe dên Ke dirext û mal û kolan û şeqam û şar û wilatyan gişt dizî! Ey pyawe berdîne bêwefake Beramber serî xot û çawî xot û binarî xot! To qet rojê nehatwîte em malî 'kameran'e Serdanî xem û henasey sardî daykim û Serdanî jûrî bewbextî xuşkekanim bikeyt To agat le mit û mûrûy xemgîn û kirasî giryawyan nîye Tenha carê û bo jemêkîş petateyêkî kulaw û Çorê şorbat legel ême nexwarduwe Tenha carêk legel razî pêlawî şirî êmeda nedwawî û Meraqêkî kun kunî êmet nedawe be xota Serit nexsituwese ser berdî serînêkî ême û Şewêk le naw hodey azarmana nenûstûyt û Kewçkê dermanit nekirduwe be demî şewêkî nexoşî êmeda To ey nîştîman! To çûzanî kirêçêtî çîye û rengî çone! To lerz û tay sikî xalît negirtuwe Tûşî let û pet bûnî derûn û pûkanewey hîwa nebûyt Xobestinewe be towe corêke le xobestinewe be serabewe Min wek ew pyawe xerîbane etnasim ke belata tê’epern û Lewaneye carêkî dî hergîz netbînnewe Min pênasey to bixeme gîrfanewe yan neyxem Çî le bêkarîm û le bêzarîm û le diltengîm egorê! çî!? Rê û bantan baş! Min cûte pêlawe lastîke bewbextekey daykî 'kameran'm Çen sale hawdemî qaçekanîm Ke min tezîm, ewanîş etezin Ke min pirûkam, ewanîş eprûkên! Ke min awdizim kird, ewanîş exnikên Ke le mal çuwe derewe ta egerêtewe minî legelim Ke çuwe jûrewe ewsa îtir min be tenya leber derga emênmewe û Da’enîşim û çawerêm Min zor nizîkim le daykî 'kameran'ewe Ew le serewe ax hel’ekêşê û minîş le xwarewe doş da’emênim Ew temaşay xemekanî xoy ekat û minîş hengawekanî ejmêrim Ay ke em qaçane rakerakeyane Ay ke ew pencane damawin bem rojgare Be dem henase sard û germekanmewe le pêlawe gencekan wird ebmewe Ewaney rûmetyan birîqey dê Pêlawe qijreşekan, qijsûrekan Qonere kelegetekanî jinan Sifurekanyan Ewaney be hawîn hemû pencekanyan rût û be derewen Muhecebekanyan Ewaney hemû cesteyan ta lay pûz eşarnewe Le werze cyacyakana min gwêm lêye Em daykî 'kameran'e Em jine paqle firoşe, qezwan firoşe, guleberoje firoşe Ew denke paqlane çon elawênêtewe! Ew denke qezwan û denke guleberojaney çend xoş ewê! Min ezanim çi hesretê lew dileda û çi firmêskêkî lanewaz û Çi temaşayekî bêwejin lew çawanedayh! Min ezanim ta nûzey tya bê firêm nada û ta dwahengawîş becêm nahêlê! Xanmekan! Gwêçketan baş! Min cûtê gwarey xuşkêkî qeyrey 'kameran'm Hêşûyekim keleget û sipî sipî û Be lamla wextê ke şorşor ebmewe heta nizîkî serşanim Min zor kem eçme derewe û le naw qutuwe şînekema Wers wers pal kewtûm û her le malim Meger degmen heway derê helmijim û Meger rêkewt qijî kurêkî ser cade bibînim û Yaxud bonî xoşî nêrê bête lûtim Bêzar bêzar her le malê û her le malê! Pêrê xoştirîn rojim bû Êware bû Çûyne derê bo ahengê Bo konsêrtî 'kamkar'ekan Ke danîştîn wextê goranî helfirî Mosîqa kewte lence û lar Îtir minîş lay xomewe Legelyana kewtime sema û Le xoşîyana germ bûm û Xerîk bûm xom bitrazênim û Lew gwêçkane bême xwarê û Rakem hetaku ser şano Belam îtir xanmekem tund girtimî û Daynamewe û witî nabê! Heta konsêrtîş tewaw bû Min her dilim lay ew kure 'keman'e bû Ke be dengî ’aşiqaney pilpiley cestemî lerzan! Wextê çûynewe malewe Her ew şewe lenaw qutuweşînekema Min le xewma destim le milî kemançey azîza bû ta beyanî! Em katet baş min nawim 'şî’ir'e xelkî em zimanî kurdîyem Rojê legel sê çwar çîrok û çend şanonameyek û yek dû roman û Çend sitûnêkî rojnamewanîya çûyn bo lay nîştîman Min be şî’ir serburdey baxçe bêwejnekanim bo xwêndewe Çîrok hîkayetî ew taqme çawîlkeyem bo gêrayewe ke tezwîrî xoşeystî ew eken û Metir be metir zewî qût eden û ke wextêkîş nîştîman be şew enwê Le germey xewa pencemorî pê eken Şanoyek hestaye ser pê û ew şanoname tirajîdyayey bo nîştîman nimayş kird Ke çon hemû şewê bistê dû bistî cestey awdîw ekirê û Ekterekanîş ewane bûn ke pêştir daykyan û bawkyan û bira û xuşkekanyan Le mezatêkî nêwan nîştîman û ewdîwda herac kirabûn Romanêkîş le hemuwan zyatir qisey kird Le rêgey dyalogî dirextêk û berdêkewe wîstî ewe le nîştîman bigeyênê ke Deryaçey mitmanekey caranî xerîke qetrebir bê Çîrokî kurtebney sûrfilîş ke ta ew kate her le pêş xwardineweda bû Bû be pişko û be rûy nîştîmanda helşaxaw û Witî: pê’eçê lêre be dwawe aramgirtin le gomêkî meksewe bibête rûbarêkî tûrey be çepokanî serkêş û şepol şepol legel xoyda benderekanî diro ramalê Sitûnî rojnamewanîş rûberû be nîştîmanî wit: qurban hezar pîneman dawe le qisekanit Le leşt, le hels û kewtit belam îtir pînekanîş wers bûn û rizîwin û hîçyan pê nakirê Wa çake minîş biçmewe be lay ’eşqe gerîdekey xomewe Lêreda bû nîştîman tûre bû Demî kefî kird nîştîman şêt bû Qijî xoy rinîyewe Nîştîman bû be reşeba û şax û deştî be 'ba' kird û Witî: êwe birîtîn le taqmê buxtan û wişey çete Milî şe’rî girt û be qaçe zilekanî şeqêkî tê helda û Şe’ir berz buwe û le dwayîda kewte naw bermîlêkî betalewe Yexey çîrokî girt û be deste zilekanî çend carêk raytekan û Her lewêda çîrok wekû milwankeyêk piçrayewe û Ewsa giskêk hat û ew nawey malî û Xistîye tenekey xolî ber malî nîştîmanewe Nîştîman le roman newî bîdrênê belam roman zor kete bû Boy nedra û le dwayîda firêy daye naw agirdanêkewe û Nextê newtî kird be sera û yek denke şiqartey lêda Le dway ew nîştîman liç û lêwî şanonamekey kird û Be pasewanêkî wit: em liç û lêwe her leser şanokey xoman bo ’îbret nîşanî xelkî biden Le dwayîşa sitûnî rojnamewanekeyan kird be pajnehelkêşêkî gewre û Le tenîşt pêlawekanî nîştîmanewe helyan pesard Ey mêjuwe bêderbesteke Ey nîştîmanî bê sifet Min gencêtîm leser cadey seholeke hemû rojê çun awêneyekî wird û xaş le jêr qaçe zilekanta ebînim û keçî xotî lê gêl ekey! Ey bawke bê dilekem To le deftere giçkekey bîrewerîy mina le çend lapereyekî xolemêşî zyatirit nîye Min bîrim naye le şaxa to çend reşebay jehrawî dujminit kuştuwe!? Yan çend estêrey serkewtinit leser ew lutkane rîz kirduwe!? Eweyşim bo ejmar nakirêt ke nîştîman Xoy be destî xoy çend mêrg û çend kitêb û Çend kêlge û çend gilopî kur û kiçî xoy kuştuwe Min be hal her ewendem le bîre: rojêk çwar rengî kujrawyan hênayewe bo gerekekeman Dû tabûtî sewze û dû tabûtî zerd Dû daykîşim bînî Ne sewz bûn û ne zerd Herdûkyan xuşkî yek bûn û Renge kujrawekanîş kurî herdûkyan. Em katew baş! Min nawim 'gaberd'e Leser em berzayye ejîm Çawim le hemû şitêke! Emewê ber lewey ber barût û cade bikewm û Nehênyekan legel xoma wird û xaş ken Hendê qise heye bîkem: carêkyan her le pal mina Boseyêkyan bo dû cogey bêgunah dana Cogekan be dem goranî witnewe ehatin Wextê geyştine berdemyan kuştyanin Tenha leber ewey serçawekanyan cya bûn Tenha leber ewey aweroyan lewan nebû Min boxom ta dû roj le batîy aw xwênawim exwardewe! Rojêkî tir taqmê hatin û her le pal mina Tifengekanyan xiste ser pê û lûlekanyan kirde xwarê û Ew sinewberaneyan kuşt Ke hemû beyanîyek sirûdêkî sûryan be dem semayekî sûrewe bo balinde hejarekan exwênd Ew sirûdey ke le sirûde bawekey ewan ne’eçû Ew sirûdey le pênasey ewanî helnegirtibû Belam ewey hergîz bîrim naçêtewe Ew jine bû ke be nawî xwa û pêxemer û şerefewe Çend berdêkî dirawsêy minyan lê best û hawîştyane gomêkewe! Emro xemêkî serbal şîn le gomekey 'dukan'ewe Be dem henîskî bay weşt û Be dem giryanî şe’rewe firî û hat û hat û hat û Wextê geyşit Bû be lokeyekî mor û Bû be sêberî kostêk û Be espayî le tenyayîma nîştewe Ey qumrî awî rencero Ey hewalî serbal şînî jinî xinkaw Dengî xinkaw! 'mang'y xinkaw! ’eşqî xinkaw! Ey şajnî firmêskî çaw! To pêm nalêy? Le naw em hemû payîze cwananeda Le naw em hemû gulale zerdaneda Le naw em hemû şîwene şoxaneda Em hemû çira reşpoşe û A em hemû zayele kemerbarîke û Le naw em hemû kotele germaneda To pêm nalêy? Malî minit çon dozîyewe!? Leber şe’ir!? Axir şî’ir hergîz hergîz lew pirçanet cwantir nîye! Axir şe’ir hergîz hergîz lew nûstinet qûltir nîye! Lew cesteyet sipî tir û zimanîşî le bêdengîy jêr awî to rewantir û paktir nîye! Ey sitrane xinkawekey berd lê bestirawî binî aw Minîş emro Xemî giran û qursî tom le şe’rekanim bestuwe Boye berew binî xeyal Wek talemûy cêmawî to kewtûme rê û elêm xwaye Beşkû şewan şe’irim lewê bibin be şemî dagîrsaw le jêr awda û Be lakêşêkî narincî be birîqey dewrî leşt û Min ezanim le sereweyş newresî ’eşq Hemû salê lem rojeda be bal leser qeraxî nizmî her hewrê Le ban deryaçekey dukan yadî em xedre enûsê! Êwe nazanin em nîştîmane be nawî pîrozîy xak û xolewe Be şayetîy balindekan Be şayetîy ew hemû daristanane Ew hemû mar û mêr û boq û marmêlke û sîsirkewe Be şayetîy ew hemû simorane Ew hemû qetê û mamz û kerwêşkanewe Be bêdengî Be dizîy azadîyewe Be dizîy rengî sipîyewe Be dizîy dirextekanewe Be dizîy çawî baranewe Êwe nazanin be dizîy xoretawewe Çend şe’ryan kuştuwe Çend çîrokyan ser birîwe Çend şanonameyan firanduwe Çend xewyan zîndebeçal kirduwe Axir nawekan zorin û be min rîz nakirên Axir min û 'soranî mame heme' Wekû dirext û aw Mel û hewa Dû dostî gyanî be gyanî bûyn Ew hemû carê ehat û Leser singim momêkî da’egîrsan û Eyut: emeşyan be yadî qumrîyêkî kujraw Emeşyan bo witarêkî tîrorkiraw Em duwaneş bo kerkûk û ’elî merdan A emeyş bo qijî 'cebar cebarî' Axir 'soran' dwa genim û coy witarî xoy Her leser singî min nûsî Êwe nazanin êmey dar û berd eyzanîn Be dizîyewe na Be berçawî xwa xoyewe Be berçawî azadîyewe Be berçawî kursîyekanî perlemanewe Be berçawî minare û kilêsewe Xwênî çend rez û mezaryan dizî Be mirdûyî çend bazin û mustîleyan Le dest û pencey ’aşiqan derhêna Çend pelehewrî sikpiryan firoşt Çend pencerey qurbanîyan le tarîkya mezat kird! Çend rîşî wek rîşî 'mewlewî'yan Kird be yek û ristyanewe û bo gorewîy axundêk û Bo tan û poy cibeyek û qedekanî ’emameyek! Tîtrwaskêkî hekîm û be ezmûnî rîş sipî le kenar gomê pyasey ekird û Leber xoyewe eyut û eywitewe! Kam awaz sipîye, be yek peley reşî deng lelay gwê ebêzrê! Yek xedir bese bo ewey dadperwerîy pê ’eybidar bê! Yek çawî qirpok û yek dumelî gevar bese Bo ewey hemû cwanîyekanî dîkey ruxsar û leş bişêwênê! Leser cadey seholeke rawestawim Em êwareye min pirim le wirdeşûşey şikawî pencerey gencî em şare Wirdeşûşe hel’eçeqên le xeyal û xewnekanim Xwênyan lê dê û zamanîş ebin be fware Êwareyêkî direnge û pirim le rûnakîy kwêr û Pirim le şepolî lal û Pirim le payîzî daykim û le xorinşînî xuşkekan Hemû carê rûnakîy kwêr Destêk egrê be direxte sûtawekey naw dilmewe û Înca hel’esête ser pê Xuşkekanim bem rojgare le malewe cirîwey mirdû ejmêrin Payîz daykimî kirduwe be cêgrî helwerînî û xoy royştuwe be seferê bo lay kiçekanî '’er’er'. Rojê kurteçîrokêkî bêkar le naw parkî azadîya 'nîştîman'y legel jinî sêhemya dî Kurteçîrok zor demê bû wişey pengî exwardewe û bûbû be deryaçey serî Boye tûre tûre tûre yexey nîştîmanî girt û witî: ey nîştîman! Girîman to nîştîmanim nebûytaye Leme zyatir çîm lê ehat!? Renge le cadeyêkî bexa Min tenekey xol bûmaye! Tenekey xolî kurdistan yan ’êraq bî Her tenekey! Lewane bû le meyanêkî tarana Filçey qonerey boyaxçîyekî azerî û fars bûmaye Filçey qonerey kurd bî yaxud fars yan azerî To her filçey! Lewane bû le bazarî enqereda Sêwêkî gilar bûmaye Gilarî bazarî kurd bî yaxud hî turk Her gilarî! Lewane bû le çayxaneyekî naw şama Bibûmaye be tilpey ça Tilpey çay kurd bî yan ’ereb To her tilpey! Ey nîştîmanî taze pyakewtû! Le îsteda to eger leber serqalî be bonkirdinî newtewe Serneperjan be hoy gemey sê rîzkêy dîmukirasî û Sernexuranit be hoy kursîy wezaret û Be seferî henderan û xelîcewe Bîrit nebê! Minî le çiray bê newt bêkartir baş le bîrme! Êware bû le qerax şar be rêkewt tûşî yektir bûyn To hêşta her kilawekey raperînit le sera bû! Hêşta bonî yekem şefeqî beyanîy emne sûreket lê ehat! Carê nebûbûy be tawis Rengî polîs û çaweşt negirtibû! Hêşta cilî çalenewtit nepoşîbû! Fêrî gemey rolêt û poker nebûbûyt! Hêşta to her xeyalekanit baxçe bûn Bo gulî xem û hejarî To ewsake jinî dûhem û sêhem û çwaremîşt nehênabû Hêşta nebûbûyt be walî Ew kate bû witim gyane: to ke lay xot wat danawe Nîştîmanî hemû darêkî qurbanît Nîştîmanî hemû awêkî qurbanît Nîştîmanî hemû gelayekî sûrî em mêjuweyt Belam axir temaşa ke le îstewe To her le mel û balindey baxekanî koşkî xotman bo ehênî le cyatî ême bixiwênê To her gorî çiray kurit û gorî gwarey jineket û gorî ’eynekî biraket hel’ebestî Keçî mezarî hezaran barekew û askekêwî û şîneşaho Leber ewey naçnewe ser şecerekey çwardewrî to Nawekanyan lem satewe, edresyan û pênaseyan 'ba' birdûnî bo boşayî bîrçûnewe û Dengyan pir buwe le xol û şwênewarî hîç zamêkyan le îstewe dyar nemawe! Bulbulêkî derbederey wilatan Kurêkî besteyêkî şehîd Besteyêkî lebîrkiraw dway çendîn sal gerayewe bo şarekey Wîstî biçête ser gorî bawkî û têr têr be dem giryanewe biçrêt Welê herçend gera û herçend pirsî û Çuwe lay nîştîman û çuwe lay sirûdekan û Belam gorî bawkî bo nedozrayewe heta rojê le meraqa Ewîş leser gorî nenasrawê nakam mird Şimşalî ’aşiqê eyut: ey nîştîmanî bê gwêçkem! To etewê her çonêk bê û herçîyek bît Xoşim bwêy!? Befir bî yan qur û lîte û Hetaw bî yan tem û mij û Tep û toz bî û yaxud fewzayekî bêgerd Her weku yek temaşat kem!? Her çonê bî... xoşim bwêy!? Bibî be espî qaçaxçî û barî tilyak û Hêroyn bênî û berî... xoşim bwêy!? Bibî be çekmey çermînî jeneralêkî dirawsê Yaxud bibî be mêzerî fetwayekî riq û tole Min her ebê xoşim bwêy? To etewê her çît kird û her çît wit û herçîşt wîst Leber ewey to nîştîmanî taqaney Min byanxeme ser çawim!? Ye’nî eger beyanîyêk hestay le xew Daway xwênî çîrokêkî tazemit kird ta xutbeyêkî nexoşt bîkate cestey xoyewe Bilêm başe û min bitdemê û xoşim bwêy!? Yaxud eger êwareyêk leser xwanê bo sexawet Bê be serta û bo yadgar çawêkim bideyte destî Padşayekî yek çawî mîwanî xot Bilêm başe û xoşim bwêy!? Min natwanim her çonê bî Xoşim bwêy!? Bibî be derd û nexoşî bo qelem û Bibî be kulle û be afat bo semel û Bo kitêb û bo rojname û xoşim bwêy!? Bibî be dirkî telbend û Be sahrêkî çawbest û Be lêbûkêkî ser şano û Xewî mugnatîsîm lê bixeyt û Tenha û tenha leber ewey nîştîmanî Xoşim bwêy? Rojê berdêkî xizmî nîştîman Be kanîyêkî nenasrawî wit: ebê lew deşteda bom binûsî ke min le toyş naskitrim Kanîyeke witî: min hergîz diroy wa nakem Berdeke pêy wit: etkujim -bişmikujî min hergîz diroy wa nakem Berdî negrîs xoy xil kirdewe heta serdemî kanîyeke û Neyhêşt kanî henase bat Hetaku mird! Le dûrtirîş zêyek le xoy bayî bûbû Herçî ebînî pêy ewt: min tom nekird bem pêkenînî pêdeşte!? Be reng û bo û semay sewzî em daristane zebende!? Be kurjin û hîley berdî dîrokî naw em derbende!? Leber ewe min herçîm wit hemû ebê bilên waye! Belam carê baran pêy wit: mexrûr mebe Ewey hete û boxot eylêy min kirdûme Ewey kirdey hemuwane Mexrûr mebe eger min salê damnekird Biçûk biçûk ebîtewe û Qiset nagate gwêy kes û Le dwayîda kotayîşt le çomêkî wişkidaye!
Sherko Bekas