ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کە وا ئەمشەو لە ناخمدا سەری هەڵدا خەمێکی تر
لە بادە ئەم ژەمە تێر کە منی تینووی جگەرسووتاو
بە چی دیارە کە ئەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر
ئەوەندە دەردەدار و بێ پەرستارم کە پێم وایە
لەسەر کێکی تەمەمن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
نەما خانی هەتا چیرۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین زین و مەمێکی تر
ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کە وا ئەمشەو لە ناخمدا سەری هەڵدا خەمێکی تر