
دایە گیان بگری لەسەر خاکم کە وا شینم دەوێ
زۆر بگری دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ
من گوڵی سەد ئارەزووی ژینم لە خاکا خەوتووە
خاکی مەیدانی خەبات ڕەنگینی خوێنی من بووە
دامەنیشە دایە گیان بۆ هاتنی من چاوەڕێ
دڵنیا بە، بەسیەتی، بۆ دەنگی دەرگا مەگرە گوێ
دایە گیان سوێندم بە فرمێسکی گەش و ئێشی دڵت
دایە گیان سوێندم بە جەور و مەینەتی بێ حاسڵت
من دەمێکە جەرگی سووتاندووم هەناسەی سەردی گەل
دڵپڕی کردم غەمی دەسکورتی و ڕەنگ زەردی گەل
من کوڕی کوردی شەهیدی ڕێی خەباتم دایە گیان
کۆتری خوێنین پەڕی باخی وڵاتم دایە گیان
دایە گیان ئەو کیژەی وا ئەتویست بە بووکی تۆ ببێت
خۆت بدە پیشانی جارێک با بە هیوای من نەبێت
تاکوو بتبینێ کە ڕەشپۆشی لە سەر تا پاتەوە
بەڵکوو بڕوا و دڵنیا بێ و من لەبیر بباتەوە
دایە گیان بگری لەسەر خاکم کەوا شینم دەوێ
زۆر بگری دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ