هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئەی بە فڕینێی خاسەکەوە
ئای پۆلێ شەهێن و شمقاڕ گوڵێ هەی تەڕلان لە لێکیان تێکڕاوە
ئاخ ئەوساڵ زستانی سەختە دەی وەرە جووت بین پێکەوە
هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئەی هێستا زستانی ماوە
هات گەییشتە چۆمی کەڵوێ ئاخ *؟ وەی گوڵاوە
ئەی دەمرم هۆ دەبەر چاوانت ئەی سوار و پیادەی ڕۆناوە
ئاخ دەمرم هۆ لەبەر چاوانت وەی سوار و پیادەی ڕۆناوە
هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئای لە دوور دێ شەقەی باڵی
جا بۆ هەر لایێ پێی خۆش بێ دێت و دەڕوا ئای هەزار خۆزگەم بە حاڵی
جا کیژێ بێنە ماچت کەم چونکە گەورە کچەی دە ماڵی
چیرۆکی گۆرانیی تەیرۆکێ
بە گوتەی 'خدر حەسەن'ی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی دارەلەک، خڕناڵ خەڵکی گوندی 'گاپیس'ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە. لە وتووێژێکدا کە ١٦ی ١٠ی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵم کردووە، ئەو داستانەی گێڕاوە: "خڕناڵ و هەڵکەتی [دوو بەیتبێژی ناوچەی موکریان] جارێکی دەچنە ئاوایی 'گردک سپییان' بۆ داوەتێ. لەوێ هەڵکەتی ئاشقی بێوەژنێکی دەبێ، سێ برای دەبن؛ نایدەنێ. لەوێوە دەچنە خزمەت میری ڕەواندزێ. میر خۆشخوانێکی دەبێ. لێیان دەپرسێ چ کارەن و لە کوێ ڕا هاتوون؟ دەڵێن لە کوێستانێ ڕا هاتووین و کوتنێ دەڵێین. میر دەڵێ ئەوەش خۆشخوانی منە. ئەگەر چاکترتان زانی ئەوە ڕاتان دەگرم. دەودەمیدا دەستەیەک تەیر لە گەرمێنێ ڕا بەرەو کوێستان دەگەڕێنەوە. هەڵکەتی بە خڕناڵ دەڵێ ئەمن لە گەرمێنێڕا بە پێهەڵکوتن دەیهێنمە ئێرە و ئەتۆش لێرەڕا بیبە بەحرێ [گۆلی ورمێ]. 'تەیرۆکێ' ئەودەمی ئەوان دایانناوە. میر خۆشخوانی خۆی بۆ ئەوان ڕووت دەکاتەوە. نامەیەکیش دەنووسی ئەو ژنەی بدەنێ. هەتا دێنەوە ژنە مێرد بە یەکی دیکە دەکا.
سەرچاوە: گەنجی سەر بە مۆر - ئەحمەدی بەحری