ئەرێ هاتەوە هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئای دەکەوت لە سەرووی زەنوێران
ئەرێ بای شەماڵ تۆش بە خێر بێی هێنات ئازیز ئای بۆنی بەڕەزا و کەنێران
ئەرێ نازدار بێنە ماچت کەم ئای هەر ئەوشۆم ماوە لێرا
ئەرێ هاتەوە هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئای لە دوور دێ شەقەی باڵی
ئەرێ بۆ هەر لایێ بە کەیفی بێ دەڕوا ئای هەزار خۆزگەم بە حاڵی
ئەرێ نازدار بێنە ماچت کەم ئای چونکە گەورە کچی ماڵی
ئەرێ نازدار بێنە ماچت کەم وەڵا ئای چونکە گەورە کچی ماڵی
چیرۆکی گۆرانیی تەیرۆکێ
بە گوتەی 'خدر حەسەن'ی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی دارەلەک، خڕناڵ خەڵکی گوندی 'گاپیس'ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە. لە وتووێژێکدا کە ١٦ی ١٠ی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵم کردووە، ئەو داستانەی گێڕاوە: "خڕناڵ و هەڵکەتی [دوو بەیتبێژی ناوچەی موکریان] جارێکی دەچنە ئاوایی 'گردک سپییان' بۆ داوەتێ. لەوێ هەڵکەتی ئاشقی بێوەژنێکی دەبێ، سێ برای دەبن؛ نایدەنێ. لەوێوە دەچنە خزمەت میری ڕەواندزێ. میر خۆشخوانێکی دەبێ. لێیان دەپرسێ چ کارەن و لە کوێ ڕا هاتوون؟ دەڵێن لە کوێستانێ ڕا هاتووین و کوتنێ دەڵێین. میر دەڵێ ئەوەش خۆشخوانی منە. ئەگەر چاکترتان زانی ئەوە ڕاتان دەگرم. دەودەمیدا دەستەیەک تەیر لە گەرمێنێ ڕا بەرەو کوێستان دەگەڕێنەوە. هەڵکەتی بە خڕناڵ دەڵێ ئەمن لە گەرمێنێڕا بە پێهەڵکوتن دەیهێنمە ئێرە و ئەتۆش لێرەڕا بیبە بەحرێ [گۆلی ورمێ]. 'تەیرۆکێ' ئەودەمی ئەوان دایانناوە. میر خۆشخوانی خۆی بۆ ئەوان ڕووت دەکاتەوە. نامەیەکیش دەنووسی ئەو ژنەی بدەنێ. هەتا دێنەوە ژنە مێرد بە یەکی دیکە دەکا.
سەرچاوە: گەنجی سەر بە مۆر - ئەحمەدی بەحری