ئەرێ هاتەوە هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئای هێشتا دوورە دەخوێنێ
ئای لە شەقەی تیژباڵیدا هاوار ئای گۆلاوان دەشڵەقێنێ
ئای هەزار سەت هەزار خۆزگەم وەی بەو کەسەی ئای دەس لە گەردنی وەردێنێ
وەی بەژنێ باریک هەڵدەگرم هاوار ئای بۆ وڵاتەکەی بیتوێنێ
ئەرێ هاتەوە هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ بەو تەیرەم دەڵێن ڕەش داڵە
ئەی باڵ و تیژباڵی لێدا هاوار ئای لە شوێن یاری عەبداڵە
ئای هەزار سەت هەزار خۆزگەم وەی بەو کەسەی ئای لەگەڵ ناسکۆڵ هاوماڵە
وەی دۆست بە ماڵی زۆر نییە چی بکەم ئای بە بەختە و بە ئیقباڵە
ئەرێ هاتەوە هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ ئای لە دوور وەک گوڵ خەمڵاوە
هەی پانیەی قەیسی هەڵوێنە هاوار ئای بە دارێوە دەتواوە
ئای هەزار سەت هەزار خۆزگەم وەی بەو کەسەی ئای دەمی لە دەمی ناوە
ئای ئەگەر نابێ بە یارم پێی بڵێن هەی دەوڵەت زیاد و ماڵاوا
چیرۆکی گۆرانیی تەیرۆکێ
بە گوتەی 'خدر حەسەن'ی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی دارەلەک، خڕناڵ خەڵکی گوندی 'گاپیس'ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە. لە وتووێژێکدا کە ١٦ی ١٠ی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵم کردووە، ئەو داستانەی گێڕاوە: "خڕناڵ و هەڵکەتی [دوو بەیتبێژی ناوچەی موکریان] جارێکی دەچنە ئاوایی 'گردک سپییان' بۆ داوەتێ. لەوێ هەڵکەتی ئاشقی بێوەژنێکی دەبێ، سێ برای دەبن؛ نایدەنێ. لەوێوە دەچنە خزمەت میری ڕەواندزێ. میر خۆشخوانێکی دەبێ. لێیان دەپرسێ چ کارەن و لە کوێ ڕا هاتوون؟ دەڵێن لە کوێستانێ ڕا هاتووین و کوتنێ دەڵێین. میر دەڵێ ئەوەش خۆشخوانی منە. ئەگەر چاکترتان زانی ئەوە ڕاتان دەگرم. دەودەمیدا دەستەیەک تەیر لە گەرمێنێ ڕا بەرەو کوێستان دەگەڕێنەوە. هەڵکەتی بە خڕناڵ دەڵێ ئەمن لە گەرمێنێڕا بە پێهەڵکوتن دەیهێنمە ئێرە و ئەتۆش لێرەڕا بیبە بەحرێ [گۆلی ورمێ]. 'تەیرۆکێ' ئەودەمی ئەوان دایانناوە. میر خۆشخوانی خۆی بۆ ئەوان ڕووت دەکاتەوە. نامەیەکیش دەنووسی ئەو ژنەی بدەنێ. هەتا دێنەوە ژنە مێرد بە یەکی دیکە دەکا.
سەرچاوە: گەنجی سەر بە مۆر - ئەحمەدی بەحری