ئیسمائیل سەردەشتی

تەیرۆکێ

بە دەنگی: ئیسمائیل سەردەشتی
شێوەزار: سۆرانی
1624
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
ئای لە دوور دێ شەقەی باڵی
ئەرێ وەی بۆ هەر لایێک پێی خۆش بێ دەڕوا
ئاخ هەزار خۆزگەم وەی بە حاڵی

هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
بەخێرێ
ئای بەو تەیرە دەڵێن ئای هەڵۆیە
ئەرێ من بە قوربانی شاباڵیان مرم چۆن هەڵ دەکەن لە گەرمای کۆیە

هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی لای کۆیە
بەخێرێ
ئای دەڵێن بچینەوە بۆ عێرانێ
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
بەخێرێ
ئای دەڵێن بچینەوە بۆ عێرانێ
ئەرێ وەی دەبا بچینە پێشوازیان کوڕینە
ئەرێ وەی دەبا بچینە پێشوازیان وێکڕا
ئەی ئەوەی خۆی بە کورد دەزانێ

ئاخ گەردوون گەڕان کوشتمی
نەزان پەرستی بۆ نان کوشتمی
هەر چەوسانەوەی بێ حەسانەوە
مردن های لە کوێ ژیان کوشتمی

قەت لە پێناوی نان و ئاوێ
سەر دامەنەوێنە بۆ هەر ناپیاوێ
هەر ئەم ژینە هەر دەمێ دێت و دەڕوا
مەردایەتیت مەفرۆشە لە پێناوی تاوێ

ژیان ئاوایە و وا دەڵێن مەردانی ڕۆژگاری
مار هەزار پێچیش بخوات لە ڕاست کونەکەی خۆی دەبێ ڕاست بچێتە خوا
نەتبیستووە دەڵێن
دنیا بۆ کەس تا سەر نامێنێ
لە سەوزاییدا چەقەڵێک ساز بێ دەبێ پشتی شێرێ بشکێنێ

هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
بەخێرێ
ئای دەڵێن بچینەوە بۆ کوێستان
هاتەوە دێنەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
بەخێرێن
ئای دەڵێن بچینەوە بۆ کوێستان
ئەی وەی دەبا بچینە پێشوازیان کوڕینە
چون بە بێ وان چۆڵە کوردستان
چیرۆکی گۆرانیی تەیرۆکێ
بە گوتەی 'خدر حەسەن'ی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی دارەلەک، خڕناڵ خەڵکی گوندی 'گاپیس'ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە. لە وتووێژێکدا کە ١٦ی ١٠ی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵم کردووە، ئەو داستانەی گێڕاوە: "خڕناڵ و هەڵکەتی [دوو بەیتبێژی ناوچەی موکریان] جارێکی دەچنە ئاوایی 'گردک سپییان' بۆ داوەتێ. لەوێ هەڵکەتی ئاشقی بێوەژنێکی دەبێ، سێ برای دەبن؛ نایدەنێ. لەوێوە دەچنە خزمەت میری ڕەواندزێ. میر خۆشخوانێکی دەبێ. لێیان دەپرسێ چ کارەن و لە کوێ ڕا هاتوون؟ دەڵێن لە کوێستانێ ڕا هاتووین و کوتنێ دەڵێین. میر دەڵێ ئەوەش خۆشخوانی منە. ئەگەر چاکترتان زانی ئەوە ڕاتان دەگرم. دەودەمیدا دەستەیەک تەیر لە گەرمێنێ ڕا بەرەو کوێستان دەگەڕێنەوە. هەڵکەتی بە خڕناڵ دەڵێ ئەمن لە گەرمێنێڕا بە پێهەڵکوتن دەیهێنمە ئێرە و ئەتۆش لێرەڕا بیبە بەحرێ [گۆلی ورمێ]. 'تەیرۆکێ' ئەودەمی ئەوان دایانناوە. میر خۆشخوانی خۆی بۆ ئەوان ڕووت دەکاتەوە. نامەیەکیش دەنووسی ئەو ژنەی بدەنێ. هەتا دێنەوە ژنە مێرد بە یەکی دیکە دەکا.
سەرچاوە: گەنجی سەر بە مۆر - ئەحمەدی بەحری