هەموو زەویم لێ بکەنە بەندیخانە
لێم ون ناکا ڕەنگی خۆی ئەم نیشتمانە
چی مرواری دەریا هەیە
تەنیا دەنکێ چەوی ڕۆخی سیروان ناکا
هەرچی زێڕی دنیا هەیە
چڵێ وشکی ئەرغەوانی سەیوان ناکا
چی گۆرانی گێتی هەیە
بە لاوک و ئەڵڵاوەیسی و قەتار ناگا
چی شیرینی زەوی هەیە
بە شیرینی یەک سێوێکی بەروار ناگا
لە نەخشەی هەموو جیهانا جوانترین شارە شارەکەم
لە چارۆکەی بەهارانا جوانترین گوڵە یارەکەم
هەموو زەویم لێ بکەنە بەندیخانە
لێم ون ناکا ڕەنگی خۆی ئەم نیشتمانە
ئەی شارەکەم ئێمە هەموو
ئێمە هەموو دڵداری تۆین
داسین، دڕکت درەو دەکەین
ڕمین، چەقۆین
کون لە شورەی سەختی تاریکەشەو دەکەین
هەموو زەویم لێ بکەنە بەندیخانە
لێم ون ناکا ڕەنگی خۆی ئەم نیشتمانە
کە دەشمرین زۆر ئاسوودەین
زۆر ئاسوودەین کە دەشمرین
چونکە لە شووشەی دڵمانا
بۆنی خاکی تۆ هەڵدەگرین
هەموو زەویم لێ بکەنە بەندیخانە
لێم ون ناکا ڕەنگی خۆی ئەم نیشتمانە
هەموو زەویم لێ بکەنە بەندیخانە
لێم ون ناکا ڕەنگی خۆی ئەم کوردستانە