بە بەرگی تازەی شێعرەوە بەرگێ لە وردەپوولەکەی ئەسرین با بریسکەی بێ مەراق و بدرەوشێنەوە ئاخ و داخ! بەرگێ لە شەماڵی وەنەوەشەیی شەفاف لەمدیوەوە با هەناوی کزەکانی هەموو دیار بێ بەرگێ لە پەلکەگیای غەمگین وەختێ کە فەسڵی دابڕان بە ئەسپایی ئەیکاتە بەر ئێوارانی عاشقان و باڵای سەفەری غەریبان! بە جلی تازەی شێعرەوە ئەو جلانەی کە خەیاتە باریکەلەکەی خەیاڵی خۆم لە ژوورە نسرمەکانی تەنیایی و تەریکییا هێور هێور لە بەر فانۆزێکی هیلاک بۆی بڕیم و بە تەقەڵی وردەهەنیسکی شەوانە بۆیشی درووم! هەر بە کاڵا و هەر بە پێتاوی شێعرەوە بەو کڵاوەوە کە پەپووسلێمانکەیێکی عاشق بە دەم خوێندنی سورەتی ئەوینەوە لە سەری کردم و بەو بۆینباخەوە کە دار هەنارێکی بێوەژن بە دوو دەستی لەرزۆکەوە بۆی بەستم و هەر بەو کڵاشە دۆمیانەیشەوە کە دار بەڕوویێکی هەورامان دوای خوێندنەوەی پێدەشتێکی پەخشانم لە بەردەمی هۆرەیێکی کاکۆڵ درێژ و «کنالەیلێکی» چاوڕەشا لە شارەزوور پێشکەشی کردم! هەر بە کراسی شێعرەوە وەک پۆشاکی چیای تەم لە دامێنا گرمۆڵە بوو وەک بەرگی گڕەژۆی دارستانێکی کۆست کەوتوو هەر بە جل و بەرگی شێعرەوە ئەڕۆم بێ مۆڵەت وەرگرتن لە یەکەم ڕەشنووسی تووڕەم بێ مۆڵەت وەرگرتن لە ڕەشەبا چەنەبازەکەی ڕەخنەگر بێ مۆڵەت وەرگرتن لە بازگەی هیچ ڕۆژنامە و گۆڤارێ لە هیچ کەوشەنێ و لە هیچ پیرەرێ و لە هیچ دارێکی سەرەڕێ ئەڕۆم هەر بە کاڵای مۆسیقا و چریکەوە ئەڕۆم واتە بەو جریوە و جووکە و نەغمانەوە بەو گڕاگڕ و گژەگژەی ژانانەوە ئەڕۆم کە لە بێشەی لەشمەوە دێنە دەرێ بە چکچکەی ئەو دڵۆپە زیوینانەوە ئەو دڵۆپی حەسرەتانەوە ئەڕۆم کە لە نامۆییم ئەتکێنەوە و ئەچۆڕێنەوە و ئەبریسکێنەوە ئەڕۆم پێ بە پێی ڕۆشتنی شپرزەیی شان بە شانی ڕۆشتنی سەراب قۆڵ لە قۆڵی پاییزا ئەڕۆم چون هەوری ڕاونراو لە گاپێڵی کێوانا بە شێوەی «با»یێکی ترساو لە چەخماخە بە وێنەی کیژوڵەیێکی قوتاربووی ئەوسا لە هەوای هەڵەبجە ئەڕۆم هەر بەو شمشاڵی ئاخ و داخانەوە کە برینەکانم بۆ تەنیاییمی ئەژەنن بە پەڵەخوێنی نەوتاوی کەرکووکی سینەمەوە کە بەردەوام سەری بڕڕاوی تیا هەڵدێ ئەڕۆم بە خۆم و دەسکەنەیێک لە قژی ئەو ژنەوە ئەڕۆم کە شمشێری فەتوایەک لەسەر تاوێرەبەردێکی تەوێڵە بە نێوی خوداوە گەردنی ڕفان و لە دواییدا وەک دیاری دای بە منارەیێک! ئەڕۆم و سەفەرێکی تازەم لە بەرە سەفەرێ بە پێی پەتی خەمان سەفەرێ بە سواری تراویلکە و سەفەرێ بە سواری هەواڵی ناوەخت و سەفەرێ بە سواری دووکەڵێ کە پاشکۆ و خورجینی پڕ کردووە لە چاوی کوژراوی باران! سەفەرێکی تازە بۆ مەملەکەتێ لە شارەکانی خۆڵەمێش بۆ مەملەکەتێ لە کووچە و شەقامی بێدەنگی بەڵام پڕ لە خەڵکی پڕ لە گۆرانیی نوستوو پڕ لە شووشە شەرابی شکاو پڕ لە کوێرەکانی پڕ لە ئێسک و پروسکی هەتاو سەفەرێکی تازە بەرەو سەعیری بنەوە بەرەو بن بیڤی تەم و مژ لە بندینی گریان و فوغانی ئاوەوە ئەڕۆم سەفەرێ کوت و مت وەک سەفەری باڵندەیەکی بەچکە لێ ون بووی وێڵ و شڵەژاو چون تیلماسکی هەورێکی برینداری لە ئاسمانا لێقەوماو چون سەفەری جۆگەیێکی سەرچاوە کوژراو کە هەر ئەڕوا و بە دەم شەپۆڕی نێرینەی شەپۆلەوە وڕێنەیێتی و نە ئەتوانێ بگەڕێتەوە سەر خوێنی سەرچاوە و نە ئەیشزانێ لە بەر دەمەوە بە کام تووناوتوون ئەگات و بە کام جەیحوونی نادیار و بە کام گراداڤ لە کوێدایە چارەنووسی ئاو هەر بە جل و بەرگی شێعرەوە هەر بە پۆشاکانەوە کە بادی خۆشمروری نالی پۆشی بووی ئەڕۆم کەڕەتێ ئەبم بە سەمەندەر و بە چریسکە و باڵ لێ ئەدەم و کەڕەتی دی ئەبمە پەپوولەی وێرانە خاک و لە ناو گارۆی درەختی گریانا هەڵئەنیشم و جارێکی دیش ئەبمە سێبەری ئەنجن ئەنجنی شاخ و لە دواییشا بە شەوقی تینووی سوورەهەتاو! هەر بە جل و بەرگی مۆسیقاوە بە کاڵای تەمبور و باڵەبانەوە بە سڵسڵەی وەزنەوە وەختێ ئەمکا بە لەنجەی کڵپەداری وشە و کاتێ ئەمکا بە سەمای پەلوپۆداری ئەشکەنجە و لە ناکاویش بە تەپ و تۆزی کاروانی جەستەی کۆستێکی درێژی لەو خوارە بە جێماو! ئەڕۆم و سەفەرێکی تازەم لە بەرە، سەفەرێکی شین و مۆر بە خۆم و جانتا ڕەشەکەی بن دەستمەوە ئەڕۆم کە لە دە گیرفانی خۆشەویستی زیاتری هەیە و لە هەر گیرفانێکیشا، تیشکێ یان پەندێ یان باڵندەیێک، یان قەسیدەیێک یان تەمێکی لە ناودایە! ئەوەتا لە یەکەم گیرفانا شپرزەییم گمەگمێتی و لەسەر هێلکەی شێعرێ کڕ کەوتووە و خەریکە مانگەشەوێ هەڵبێنێ! ئەوەتا لە دووهەما لاوانەوەی دایکم بووە بە تووتاکێکی ڕەش و سپی و لە نێوان خەزانە خەمێکی درێژ و ڕنۆ بەفرێکی کڵۆڵ و قەتیسا دێت و ئەچێ! لە سێهەما نامەی کچێ کە پڕێتی لە پەلکەگیا و لە شەونمی حەرف و لە زەنگینانەی پرشنگ و بووە بە بالیفی خەیاڵێکم و شەوانە پژاڵی تەنیایی لەسەر ئەڕوێ! لە چوارەما «با»یەکی ئاوس خەریکە ژان بە دووانەی باران و برووسکەوە بگرێ! لە پێنجەما پەڕی شەبەنگێ ئەوەرێ لە شەشەما هەر لە خۆوە وشەیێکی جەحێڵ ئەمرێ لە حەوتەما ڕەنگێکی تازە هەڵئەفڕێ لە هەشتەما لە پڕێکا وەیشوومەیێک دائەبارێ و لە نۆیەما بەفرم ڕەش ڕەش هەڵئەگەڕێ و لە دەهەما کێلانێکم ئارام ناگرێ و لە تیغی خۆی ڕائەپەڕێ! هەر بەو جانتایەوە ئەڕۆم ئەمجارەیان زۆر دوور ناڕۆم هەتا سنووری باشووری ئەم زمانە و جوغرافیام ئەدەم بە کۆڵی مێژوودا و مێژووم ئەسپێرم بە ئەسپێ و ئەسپیش سەری خۆی بە سەحرای پەراگەندەکان ئەسپێرێ من بە سەر پشتی ئەسپەوەم هەتا بەر دیواری بابل ئەیئاژووم و لەوێوە ڕا سەریش لە خاکی سۆمەر و مەملەکەتی تەمووز ئەدەم من بە شوێن ئێسک و پروسک و کاسەسەرم و من بە شوێن خۆما ئەگەڕێم ئەمجارەیان زۆر دوور ناڕۆم بەڵام قووڵ قووڵ بەرەو جیهانی بنەوە دائەگەڕێم من ڕۆئەچم و سەرنج شۆڕ شۆڕ ئەکەمەوە تا ئەو شوێنەی کە ڕووبەڕوو مەرگ ئەبینم! ئەمجارەیان من سەرزەمین بەجێ دێڵم هیچ کارێکم بە ئەستێرە و [بە داروباری سەرەوە و] بە شەقام و بە تەلار و بە خۆر نییە هەر بەرەو بن دائەچۆڕێم لە ناو نیشتمانی گڵا لە وڵاتی خۆڵ و قوڕا بۆ ئاوی کوژراو ئەگەڕێم! بۆ ئەو پەری و فریشتانەی یەزدانی شووم یەکە یەکە فڕاندنی لە بنەوە پەل ئەکوتم بۆ نەهێنی تا بە ڕووت و قووتی بیگرم! لە بنەوە خوا ئەدوێنم و هەرچی بێدەنگی زەمانی تاریکایی و تەنیاییە ئەیهەژێنم لەخوارەوە لە بنی بنەوەی نەخشەیێکا کە بورکانێک تیا نوستووە من ئەمەوێ تووڕەی کەم و هەڵیسێنم! زۆر دوور ناڕۆم هەر لە نەخشەی مەرگی ڕەنگاوڕەنگی خۆما لە چوارچێوەی دیروکێکا کە هەر ناسنامەی دۆزەخ و خۆڵ و تۆزی بزربوونی بە من بەخشی سەفەر ئەکەم زۆر دوور ناڕۆم! من هەر وەکوو باگژەیێک کە سەحرا شێتی کردبێ و سەراب جێ پێی هەڵگرتبێ و چون تەندوورەی گێژەڵووکە بە چواردەوری لەشی خۆما ئەخۆلێمەوە یەک مەنزڵی دیارم نییە یاخوو ئەدرەسێ بۆ دواجار ڕووی تێکەم و بڵێم لەوێ ئیتر سەرم لە باوەشی دوا سۆراغا وەک سروەیەک دا ئەسەکنێ و بڵێم لەوێ وەڵامێکی چون یەقینی خوام دەسکەوێ! من بە نادیارا ئەگەڕێم دەلیلم شپرزەییە و سەرابێ پێشم ئەکەوێ! هەموو چۆڵەوانی و دەشتێ هەموو قاقڕ و کاولاشێ بانگم ئەکەن قەلەڕەشکە و داڵ لە مندان پەپوو ناوچەوانی منە لە هەر کوێیەک کە بێدەنگی پارچە عەردێکی یخ دابێ لە هەر شوێنێ کە نەهێنی و مەرگ و ونبوون لەوێدا بێ لە هەر شوێنێ بۆنی گومان و ترس و لەرز بۆنی زریکە و ناوی خوا لەگەڵ خۆڵا تێکەڵ بووبێ ڕووی تێ ئەکەم! بە ڕێگەکانی دووکەڵا سەفەرێکی خۆڵەمێشی بە دەشت و دەری هاوارا سەفەرێکی وەیشوومەیی بە ناو ژمارەی بزرا سەفەرێکی بێ ئاکام و بە ناو لاڵبوونی زمان و بە ناو کەڕبوونی دنیا سەفەرێکی بێ کۆتایی من ئێستا وەک مەراق ئامادە و چون هاوار لەسەر پێم! ئەپرسم، لە پێشا پێ بخەمە کام خاکی واوەیلا و کام عەردی زریکە و کام وەرزی کوژراوی لەشمەوە!؟ سەرەتا بچمە ناو کام گەرووی زایەڵە و کام ماڵی گەڕۆکی مەرگمەوە!؟ یەکەمجار سەر بکەم بە چیدا؟ بە تەمدا!؟ بە خوێندا!؟ بە گڵدا!؟ بە کوێدا!؟ لە بەردەم کام دەشتی شیوەن و کام هەوای خنکاو و کام گۆڕی ئەستێرە و دەربەندی قیژەدا بوەستم!؟ پێم بڵێن، چۆن بڕۆم!؟ ڕاستە و ڕاست!؟ چون پرسی برینی دڵنیا بەرەو خوار بۆ دنیای ژێرەوەی تارومار!؟ بەرەو ژوور، بۆ لای خوا!؟ چۆن بڕۆم؟ بەرامبەر سەرابی خۆرئاوا مل بنێم!؟ یان هەڵمی سورباوی ڕۆژهەڵات!؟ پێچاوپێچ!؟ بە وێنەی گینگڵی، ئاشقەوماشقەی شەپۆلی نێو زەریا!؟ پێم بڵێن: چۆن بڕۆم!؟ لەگەڵ کێ!؟ بە قسەی کام خۆڵ و کام لم و کام سەحرای عەدەم و بە قسەی کام ڕەنگی پەلکەگیا و کام پووش و پەڵاشی ڕۆمادی و کەربەلا و بە قسەی کام لاڕێی ڕەشەبا و کام داڵی نوگرەکەی سەلمان و کام جرجی خوار بەغا بکەم و کام گومان بکەمە ڕێبەری سۆراغی سەفەرم!؟ پێم بڵێن: چۆن بڕۆم!؟ لەگەڵ کێ!؟ لەگەڵ من! من ئەگەر پێشت نەکەوم نە ئەسپی ئەفسانە و نە مەراڵی خەون و نە تەیری شیعر و نە بای جادووگەر بەو مەرگانە نازانن نە یەکە و نە دووە و نە سێیە و نە هەزار شوێنم کەوە دەست بگرە بە پرچمەوە من ژنێکی خەڵکی «زینانە»م ناوم «کاڵێ» سەرگوزوشتەی دۆزەخ و دۆزەخەوان و بەیتی حەشر و قیامەت و حیکایەتی دابڕان و هەڵقرچان و هاتنەوە لەو دنیاوە لە لای منە! ئەوەی کە ئاو پێی ئەزانێ و ئەوەی کە داری سەرەڕێ و باڵندەکان پێی ئەزانن، کورتەی خەمە و ئێجگار کەمە من بۆ خۆم قیژەی ناو چاڵ و من ڕەنگی شەوی دڕەندە و من بۆنی جەستەی پاسفندەی بەردەم سەگەڕەشی ئەوێ و ئافاتەکەی سیاساڵ بووم! من بۆ خۆم چوومە پێخەفی مردنەوە من خۆڵەمێشی ئەوێ بووم من لەوێوە هاتوومەوە لە هەزاران هەزار گوڵ و لە هەزاران هەزار کانی و لە هەزاران هەزار قومری و شەنگەبێری و ئەسپی پیر و جوانووی شاخ و لە سمۆرە و لە کەروێشک و لە پەپوولە هەر سێ چوارێ گەڕانەوە! تۆ دەست بگرە بە پرچمەوە شوێنم کەوە، من لەوێوە هاتوومەوە نە پەلک و نە باویلکە و نە پەمووی بابردوو بوون! نە پاشەڕۆی دڕک و داڵ و نە عوجاج و ئێوەم لە تۆزا بینییەوە گۆرانییەکانتان وەکوو کراسی بەرتان ڕزی و هیواکانتان لە بەردەم ئێسک و پروسکا ورد و خاش و هەتاویشتان لە مەملەکەتی ناوشەوی خۆڵا ئەیزریکان! نە ڕۆژنامەی دڕاو بوون و نە پەڕەمریشک و نە قوتوی فڕێدراو و و نە شووشەی شکاو و کە چی بوون بە هەموویان! قەڵەم و جزدان و هەندێ دراوی ئاسن و بازن و مت و مورووتان ملوانکە و ئەڵقەی پەنجەتان هەر هەموویان جگە لە خۆتان بێ وەی بوون! ئاپوورەی «مانگ»ی نوستوو بوون خەرمانەتان تۆز و خۆڵ لەپە و ڕوو یان لەسەر پشت پاڵکەوتوو چاڵی چاو و کاسەسەر و کونی لووت و ناو دەمیش ماڵی تازە بۆ دووپشکی بیابان! دەس بگرە بە پرچمەوە یان بە لکی درێژی خەممەوە یان بە دووکەڵی دەنگمەوە شوێنم کەوە! ئەمە نە وڕێنەی شێعرە و نە ڕێشکە و پێشکەی بەر چاوی خەوە و نە ڕایەڵەکانی فانتازیای خەیاڵ «تۆپزاوا» یەکەم هاوینەهەواری خێڵی مردن! یەکەم ئیزگەی دەنگی تیژی پەپوویەکی شەوەزەنگی باڵ لە ئاسن! تۆپزاوا دەشتێک لە ترسی ترساو و بەراییێک لە ڕامانی خوداوەندی بێ قودرەتی بەردەم دۆڵپاکانی بەغا و چوڕستانێ لە پرسیاری سەرگەردان و پرسگەیێک بەر لە دەروازەی جەهەننەم! تۆپزاوا خەریتەیێک لە نەهێنیی پێچاوپێچی سەراب و تەم بەنگەڵەیەک، دوو بەنگەڵە و بیس بەنگەڵە و درێژ درێژ، لەمسەری هەوای خنکاو و تاساوەوە هەتا ئەوسەری بێدەنگی ئاسۆیەکی پشت کۆماوەم دنیا زەلیل جادە زەلیل، شاخ زەلیل و ئاو زەلیل و سروشت زەلیل زیلێک، دوو زیل و هەزار زیل لێرەوەیە کۆچێکی سوور، کۆچێکی دوور ڕێچکە ڕێچکە و کاروان کاروان هەناسەی بەفر هەڵەگرێ و شەوقی مانگەشەو هەڵەگرێ و خەندەی ناو بێشکە هەڵەگرێ و لاوک و حەیران هەڵەگرێ و لە دواییدا «با»ی گڕاگڕ یەکە یەکە لە ناو وەیلا دایان ئەگرێ! لێرە زەبوونە ڕووناکی زەبوون زەبوون خراوەتە ناو تەندوورەی دەبابەوە و هەر دوو چاویشی بەستراوە! لێرە مەلوولە گۆرانی مەلوول مەلوول خراوەتە ناو گەرووی لوولە تۆپەوە و دەم و لێویشی دووراوە لێرە ئەسیرە ئازادی ئەسیر ئەسیر خراوەتە ناو سنووقە فیشەکەوە و سنووق لەسەر لێواری مەرگ دانراوە و فتیلێکی لێ بەستراوە! لێرە لێرە لێرە لێرە قەدەغەیە کزە گەورە ببێ و لە دواییدا ببێ بە گڤەی ڕەشەبا! لێرە قەدەغەیە گزنگ پێ بگرێت و باڵا بکا و ببێ بە سوورەهەتاو و بچێتە سەر لوتکەی چیا! کۆمەڵێ پیاو دەوالی «مانگ»ی عاشقان بە نەهێنیی دوای نیوەشەو! دەوالی چرای هەژاران وەختێ چرا تازە چاوی چووبێتە خەو! کۆمەڵێ پیاو، دژی زەردەخەنەی ئاو و دژی خونچە و دژی ڕەنگی سپی و هەتاو کۆمەڵێ پیاو لە ترومی هێلکەی پیس و لە نەژادی بەربەریەکان! کۆمەڵێ پیاو، هەموو لە قوڕی ئەمەوی کۆمەڵێ سەر، هەموو لە دوورگەی تاریکی کۆمەڵێ دەس، هەموو لە شمشێری حەجاج کۆمەڵێ ڕەنگ، هەموو لە ڕەنگی ئافات و کۆمەڵێ دەنگ، هەموو لە دەنگی نەهات و کۆمەڵێ بۆن، هەموو لە بۆنی شانزەی سێ و پەیامێکی مەنجەنیقی و پەیامێکی بێ پرسیار و مێژوویەکیش لە منارەی کەللەسەر و سەروەرییەک لە جۆگەخوێنی ئەبەدی! تۆپزاوا لە پاییزا نیوەشەوێ بەدەر لە تەقویمی دنیا هی زەمانێ کە کاتژمێر سەعاتی خۆی تیا سەر ئەبڕی و چاڵی بۆ خولەکی جەستەی هەڵئەکەنی و بە خۆڵی چرکەکانیشی دایەپۆشی! بەدەر لە هەموو ژیانێ لە پاییزا نیوەشەوێ لەناو سەڕسەڕی بەنگەڵەی سێهەما بوو: ئەڵقەیەک ژن، ژنە خەزان بازنەیێک لە عەبدی مێی سەروقژ بژ پەڕەسێلکەی ڕەش و سپیی دەم بەنیزا کۆمەڵێ ژنی هەڵوەریو وەک لق و پۆپی ڕووتاوەی درەختێکی بەر ڕەشەبا جارێک سەریان بەیەکەوە ئەنووسان و لەناکاویش دەستیان لە یەکتر بەر ئەدا ئەڵقەیەک ژن لە ڕەگەزی گەڵاڕێزان لە توخمی شەوی تەمتوومان بووبوون بە پەرژین بۆ ژنێ لە ناوەندا ئەیزریکان ژنەی ناوەند پاڵکەوتووە و لەسەر پشتە و نیوەی لەشی لە باوەشی چەند ژنێکا و نیوەکەی تری بەڕەڵڵا وەختێ ئازار گرژ ئەبۆوە بە پڕاوپڕی بەنگەڵە و بە پڕاوپڕی زەمان و ئەم دنیایە ئەیقریشکان تەوژمی ژان و جۆگە خۆین لە ناوگەڵا لەگەڵ تیشکی گڵۆپێکی زەردا و لەگەڵ نیزا و لەگەڵ ویردا تێکەڵ بە یەکتری ئەبوون لەبەر چاوی پیسی قەمە و بەر تەماشای چەند نێزەدا جۆگەلەی خوێن لەژێرەوە دزەی کرد و چووە دەرێ و ئەڵقەی بەزان ئەوسا ئیتر نیزا و ویرد و قیژەی ژنە و هەوای ژووری کۆنکرێت و سەروملی مشایخ و ئەسحابەکان، بە پرژە پرژی ئەو خوێنە هەر هەموویان سوور هەڵگەڕان! لە پاییزا نیوەشەوێ بەدەر لە ویژدانی دنیا لە بەنگەڵەی فەنابووندا کچێکی بوو بە قەد پەپوولەیێک ژیا چیتان بۆ بگێڕمەوە؟ چی؟ چیرۆکی سەمای ئەو ئاوەڵ کراسانەی کە «قەحتان» و «عەدنان» و «دەحام» بە پێشدەمی قافڵەی زیلەکانەوە هەڵیان ئەواسین!؟ ئاوەڵ کراسی خۆم و دایکم و خانزاد و مەستوورە و عادلە خانم و حەپسە خانی نەقیب و عەنبەر خاتوون؟ کە یەک بە دوای یەکا لە زاخۆوە هەتا قەڵاکانی سەلمان ئەشەکانەوە؟ چیتان بۆ بگێڕمەوە؟ چی؟ حیکایەتی مناڵەکەم کە لە ئاودەستێکدا بووم و تەمەنی چارەکە سەعاتێک و لە دوایا لەناو قاقای عەسکەرێکا مرد!؟ ئاخر چی بگێڕمەوە زەلیلی کە بووبووە کراس شیتاڵی شیتاڵی بەرمان؟ حەیا کە قەترە قەترە ئەتکا و «نەزهەت تۆغان» ئەیخواردەوە!؟ چیرۆکی ئەو بەفراوانەی ئەبوون بە گڕە و ئەو هەڵاڵانەی ئەبوون بە عوجاج!؟ چیتان بۆ بگێڕمەوە!؟ حیکایەتی ئەو جەستانەی وردە وردە کرمەڕێز ئەبوون و ئێمەیش کرمەکانمان لە برسانا ئەخوارد!؟ چیتان بۆ بگێڕمەوە!؟ ئاخر زریکە چۆن ئەگێڕدرێتەوە!؟ قیژە چۆن ئەنووسرێتەوە!؟ عەرعەر چۆن ئەخوێندرێتەوە!؟ ئەبێ خۆڵ قسە بکا خۆڵ! ئەبێ چاڵ قسە بکا چاڵ! مار و مێروو بیگێڕنەوە ئەو چاوانە و ئەو گۆی مەمک و ئەو کاکۆڵ و زەردەخەنە و مەقامانە چییان لێهات!؟ ئەبێ خودا خۆی ڕۆژێ سەرمان لێبا و پێمان بڵێ ئەو ڕۆژی حەشرە چۆن ڕوویدا!؟
Be bergî tazey şê’rewe Bergê le wirdepûlekey esrîn Ba birîskey bê meraqû bidrewşênewe axû dax! Bergê le şemalî weneweşeyî şefaf Lemdîwewe ba henawî kizekanî hemû dyar bê Bergê le pelkegyay xemgîn wextê ke feslî dabran Be espayî eykate ber êwaranî ’aşiqanû balay seferî xerîban! Be cilî tazey şê’rewe Ew cilaney ke xeyate barîkelekey xeyalî xom Le jûre nisirmekanî tenyayîw terîkîya Hêwir hêwir le ber fanozêkî hîlak Boy birîmû be teqelî wirdehenîskî şewane Boyşî dirûm! Her be kalaw her be pêtawî şê’rewe Bew kilawewe ke pepûslêmankeyêkî ’aşiq Be dem xwêndinî suretî ewînewe Le serî kirdmû bew boynbaxewe ke dar henarêkî bêwejin Be dû destî lerzokewe boy bestmû Her bew kilaşe domyaneyşewe ke dar berûyêkî hewraman Dway xwêndinewey pêdeştêkî pexşanim Le berdemî horeyêkî kakol dirêjû «kinaleylêkî» çawreşa le şarezûr pêşkeşî kirdim! Her be kirasî şê’rewe Wek poşakî çyay tem le damêna girmole bû Wek bergî girejoy daristanêkî kost kewtû Her be cilû bergî şê’rewe erom Bê molet wergirtin le yekem reşnûsî tûrem Bê molet wergirtin le reşeba çenebazekey rexnegir Bê molet wergirtin le bazgey hîç rojnamew govarê Le hîç kewşenêw le hîç pîrerêw le hîç darêkî sererê Erom Her be kalay mosîqaw çirîkewe erom Wate bew cirîwew cûkew nexmanewe Bew giragrû gijegjey jananewe erom Ke le bêşey leşmewe dêne derê Be çikçikey ew dilope zîwînanewe Ew dilopî hesretanewe erom Ke le namoyîm etkênewew eçorênewew ebrîskênewe Erom Pê be pêy roştinî şipirzeyî Şan be şanî roştinî serab Qol le qolî payîza Erom Çun hewrî rawniraw le gapêlî kêwana Be şêwey «ba»yêkî tirsaw le çexmaxe Be wêney kîjuleyêkî qutarbûy ewsa le heway helebce Erom Her bew şimşalî axû daxanewe Ke birînekanim bo tenyayîmî ejenin Be pelexwênî newtawî kerkûkî sînemewe Ke berdewam serî birrawî tya heldê Erom Be xomû deskeneyêk le qijî ew jinewe erom Ke şimşêrî fetwayek Leser tawêreberdêkî tewêle Be nêwî xudawe gerdinî rifanû le dwayîda wek dyarî day be minareyêk! Eromû Seferêkî tazem le bere Seferê be pêy petî xeman Seferê be swarî tirawîlkew Seferê be swarî hewalî nawextû Seferê be swarî dûkelê ke paşkow xurcînî pir kirduwe le çawî kujrawî baran! Seferêkî taze Bo memleketê le şarekanî xolemêş Bo memleketê le kûçew şeqamî bêdengî Belam pir le xelkî Pir le goranîy nustû Pir le şûşe şerabî şikaw Pir le kwêrekanî Pir le êskû piruskî hetaw Seferêkî taze Berew se’îrî binewe Berew bin bîvî temû mij Le bindînî giryanû fuxanî awewe erom Seferê kutû mit wek seferî Balindeyekî beçke lê win bûy wêlû şilejaw Çun tîlmaskî hewrêkî birîndarî le asmana lêqewmaw Çun seferî cogeyêkî serçawe kujraw Ke her erwaw be dem şeporî nêrîney şepolewe Wirêneyêtîw ne etwanê bigerêtewe Ser xwênî serçawew Ne eyşizanê le ber demewe Be kam tûnawtûn egatû Be kam ceyhûnî nadyarû be kam giradav Le kwêdaye çarenûsî aw Her be cilû bergî şê’rewe Her be poşakanewe ke badî xoşmirurî nalî poşî bûy Erom Keretê ebim be semenderû be çirîskew bal lê edemû Keretî dî ebme pepûley wêrane xakû Le naw garoy dirextî giryana hel’enîşmû Carêkî dîş ebme sêberî encin encinî şaxû Le dwayîşa be şewqî tînûy sûrehetaw! Her be cilû bergî mosîqawe Be kalay temburû balebanewe Be silsiley weznewe Wextê emka be lencey kilpedarî wişew Katê emka be semay pelupodarî eşkencew Le nakawîş be tepû tozî karwanî cestey Kostêkî dirêjî lew xware be cêmaw! Eromû Seferêkî tazem le bere, seferêkî şînû mor Be xomû canta reşekey bin destimewe erom Ke le de gîrfanî xoşewîstî zyatrî heyew Le her gîrfanêkîşa, tîşkê yan pendê Yan balindeyêk, yan qesîdeyêk Yan temêkî le nawdaye! Eweta le yekem gîrfana Şipirzeyîm gimegmêtîw Leser hêlkey şê’rê kir kewtuwew xerîke mangeşewê helbênê! Eweta le dûhema Lawanewey daykim buwe be tûtakêkî reşû sipîw Le nêwan xezane xemêkî dirêjû Rino befrêkî kilolû qetîsa dêtû eçê! Le sêhema namey kiçê Ke pirêtî le pelkegyaw Le şewnimî herfû Le zengînaney pirşingû Buwe be balîfî xeyalêkmû Şewane pijalî tenyayî leser erwê! Le çwarema «ba»yekî awis xerîke Jan be duwaney baranû birûskewe bigrê! Le pêncema perî şebengê ewerê Le şeşema her le xowe wişeyêkî cehêl emrê Le hewtema rengêkî taze hel’efrê Le heştema le pirêka weyşûmeyêk da’ebarêw Le noyema befirim reş reş hel’egerêw Le dehema kêlanêkim aram nagrêw Le tîxî xoy ra’eperê! Her bew cantayewe erom Emcareyan zor dûr narom Heta sinûrî başûrî em zimanew Cuxrafyam edem be kolî mêjûdaw Mêjûm espêrim be espêw espîş serî Xoy be sehray peragendekan espêrê Min be ser piştî espewem Heta ber dîwarî babil ey’ajûmû Lewêwe ra serîş le xakî somerû Memleketî temûz edem Min be şwên êskû piruskû kasesermû Min be şwên xoma egerêm Emcareyan zor dûr narom Belam qûl qûl Berew cîhanî binewe da’egerêm Min ro’eçmû serinc şor şor ekemewe Ta ew şwêney Ke rûberû merg ebînim! Emcareyan min serzemîn becê dêlim Hîç karêkim be estêrew [be darubarî serewew] Be şeqamû be telarû be xor nîye Her berew bin da’eçorêm Le naw nîştimanî gila Le wilatî xolû qura Bo awî kujraw egerêm! Bo ew perîw firîştaney yezdanî şûm Yeke yeke firandinî Le binewe pel ekutim bo nehênî Ta be rûtû qûtî bîgirim! Le binewe xwa edwênmû Herçî bêdengî zemanî tarîkayîw Tenyayye Eyhejênim Lexwarewe Le binî binewey nexşeyêka Ke burkanêk tya nustuwe Min emewê tûrey kemû helîsênim! Zor dûr narom Her le nexşey mergî rengawrengî xoma Le çwarçêwey dîrukêka Ke her nasnamey dozexû Xolû tozî bizirbûnî Be min bexşî Sefer ekem Zor dûr narom! Min her wekû bagjeyêk Ke sehra şêtî kirdibêw Serab cê pêy helgirtibêw Çun tendûrey gêjelûke Be çwardewrî leşî xoma exolêmewe Yek menzilî dyarim nîye Yaxû edresê bo dwacar Rûy têkemû bilêm lewê Îtir serim le baweşî Dwa soraxa wek sirweyek Da eseknêw Bilêm lewê Welamêkî çun yeqînî xwam deskewê! Min be nadyara egerêm Delîlim şipirzeyyew Serabê pêşim ekewê! Hemû çolewanîw deştê Hemû qaqrû kawlaşê Bangim eken Qelereşkew dal le mindan Pepû nawçewanî mine Le her kwêyek ke bêdengî Parçe ’erdêkî yix dabê Le her şwênê ke nehênîw Mergû winbûn lewêda bê Le her şwênê bonî Gumanû tirsû lerz Bonî zirîkew nawî xwa Legel xola têkel bûbê Rûy tê ekem! Be rêgekanî dûkela Seferêkî xolemêşî Be deştû derî hawara Seferêkî weyşûmeyî Be naw jimarey bizra Seferêkî bê akamû Be naw lalbûnî zimanû Be naw kerbûnî dinya Seferêkî bê kotayî Min êsta wek meraq amadew çun hawar leser pêm! Epirsim, le pêşa pê bixeme kam xakî waweylaw kam ’erdî zirîkew Kam werzî kujrawî leşmewe!? Sereta biçme naw kam gerûy zayelew kam malî gerokî mergimewe!? Yekemcar ser bikem Be çîda? Be temda!? Be xwênda!? Be gilda!? Be kwêda!? Le berdem kam deştî şîwenû Kam heway xinkawû kam gorî estêrew Derbendî qîjeda bwestim!? Pêm bilên, çon birom!? Rastew rast!? Çun pirsî birînî dilnya Berew xwar Bo dinyay jêrewey tarumar!? Berew jûr, bo lay xwa!? Çon birom? Beramber serabî xor’awa mil binêm!? Yan helmî surbawî rojhelat!? Pêçawpêç!? Be wêney gîngilî, aşqewmaşqey şepolî nêw zerya!? Pêm bilên: çon birom!? legel kê!? Be qisey kam xolû kam limû Kam sehray ’edemû Be qisey kam rengî pelkegyaw Kam pûşû pelaşî romadîw kerbelaw Be qisey kam larêy reşebaw Kam dalî nugrekey selmanû Kam circî xwar bexa bikemû Kam guman bikeme rêberî soraxî seferim!? Pêm bilên: çon birom!? legel kê!? Legel min! Min eger pêşt nekewm Ne espî efsanew ne meralî xewnû Ne teyrî şî’rû ne bay cadûger bew mergane nazanin Ne yekew ne duwew ne sêyew ne hezar Şwênim kewe Dest bigre be pirçimewe Min jinêkî xelkî «zînane»m Nawim «kalê» Serguzuştey dozexû dozexewanû Beytî heşrû qyametû hîkayetî dabranû Helqirçanû hatnewe lew dinyawe Le lay mine! Ewey ke aw pêy ezanêw Ewey ke darî sererêw balindekan Pêy ezanin, kurtey xemew êcgar keme Min bo xom qîjey naw çalû Min rengî şewî direndew Min bonî cestey pasfindey Berdem segereşî ewêw Afatekey syasal bûm! Min bo xom çûme pêxefî mirdinewe Min xolemêşî ewê bûm Min lewêwe hatûmewe Le hezaran hezar gulû Le hezaran hezar kanîw Le hezaran hezar qumrîw Şengebêrîw espî pîrû Cwanûy şaxû le simorew Le kerwêşkû le pepûle Her sê çwarê geranewe! To dest bigre be pirçimewe Şwênim kewe, min lewêwe hatûmewe Ne pelkû ne bawîlkew Ne pemûy babirdû bûn! Ne paşeroy dirkû dalû ne ’ucacû Êwem le toza bînîyewe Goranîyekantan wekû kirasî bertan rizîw hîwakantan Le berdem êskû piruska wirdû xaşû Hetawîştan le memleketî nawşewî xola eyzirîkan! Ne rojnamey diraw bûnû ne peremrîşkû ne qutwî firêdrawû و ne şûşey şikawû Ke çî bûn be hemûyan! Qelemû cizdanû hendê dirawî asnû Baznû mitû murûtan Milwankew elqey pencetan her hemûyan Cige le xotan bê wey bûn! Apûrey «mang»y nustû bûn Xermanetan tozû xol Lepew rû yan leser pişt palkewtû Çalî çawû kaseserû kunî lûtû Naw demîş malî taze bo dûpşikî byaban! Des bigre be pirçimewe Yan be likî dirêjî xemmewe Yan be dûkelî dengimewe Şwênim kewe! Eme ne wirêney şê’rew Ne rêşkew pêşkey ber çawî xewew Ne rayelekanî fantazyay xeyal «topzawa» Yekem hawînehewarî xêlî mirdin! Yekem îzgey dengî tîjî pepûyekî şewezengî bal le asin! Topzawa Deştêk le tirsî tirsawû Berayyêk le ramanî xudawendî bê qudretî berdem dolpakanî bexaw Çuristanê le pirsyarî sergerdanû Pirisgeyêk ber le derwazey cehennem! Topzawa Xerîteyêk le nehênîy Pêçawpêçî serabû tem Bengeleyek, dû bengelew bîs bengelew Dirêj dirêj, lemserî heway xinkawû Tasawewe heta ewserî bêdengî asoyekî pişt komawem Dinya zelîl Cade zelîl, şax zelîlû aw zelîlû siruşt zelîl Zîlêk, dû zîlû hezar zîl Lêreweye koçêkî sûr, koçêkî dûr Rêçke rêçkew karwan karwan Henasey befir helegrêw Şewqî mangeşew helegrêw Xendey naw bêşke helegrêw Lawkû heyran helegrêw Le dwayîda «ba»y giragir Yeke yeke le naw weyla dayan egrê! Lêre Zebûne rûnakî Zebûn zebûn xirawete naw tendûrey debabewew Her dû çawîşî bestirawe! Lêre melûle goranî Melûl melûl xirawete naw gerûy lûle topewew Demû lêwîşî dûrawe Lêre esîre azadî Esîr esîr xirawete naw sinûqe fîşekewew Sinûq leser lêwarî merg danrawew Fitîlêkî lê bestirawe! Lêre lêre lêre Lêre qedexeye kize gewre bibêw le dwayîda bibê be givey reşeba! Lêre qedexeye gizing pê bigrêtû bala bikaw Bibê be sûrehetawû Biçête ser lutkey çya! Komelê pyaw Dewalî «mang»y ’aşiqan be nehênîy dway nîweşew! Dewalî çiray hejaran wextê çira taze çawî çûbête xew! Komelê pyaw, dijî zerdexeney awû dijî xunçew dijî rengî sipîw hetaw Komelê pyaw le tirumî hêlkey pîsû le nejadî berberyekan! Komelê pyaw, hemû le qurî emewî Komelê ser, hemû le dûrgey tarîkî Komelê des, hemû le şimşêrî hecac Komelê reng, hemû le rengî afatû Komelê deng, hemû le dengî nehatû Komelê bon, hemû le bonî şanzey sêw Peyamêkî mencenîqîw Peyamêkî bê pirsyarû Mêjûyekîş le minarey kelleserû Serwerîyek le cogexwênî ebedî! Topzawa Le payîza nîweşewê Beder le teqwîmî dinya Hî zemanê ke katjimêr Se’atî xoy tya ser ebrîw Çalî bo xulekî cestey hel’ekenîw Be xolî çirkekanîşî dayepoşî! Beder le hemû jyanê Le payîza nîweşewê Lenaw serserî bengeley sêhema bû: Elqeyek jin, jine xezan Bazneyêk le ’ebdî mêy seruqij bij Peresêlkey reşû sipîy dem benîza Komelê jinî helwerîw Wek liqû popî rûtawey dirextêkî ber reşeba Carêk seryan beyekewe enûsanû Lenakawîş destyan le yektir ber eda Elqeyek jin Le regezî gelarêzan Le tuxmî şewî temtûman Bûbûn be perjîn bo jinê Le nawenda eyzirîkan Jiney nawend palkewtuwew Leser piştew nîwey leşî Le baweşî çend jinêkaw Nîwekey tirî berella Wextê azar girj ebowe Be pirawpirî bengelew Be pirawpirî zemanû Em dinyaye eyqirîşkan Tewjimî janû coge xoyn le nawgela Legel tîşkî gilopêkî zerdaw Legel nîzaw legel wîrda Têkel be yektirî ebûn Leber çawî pîsî qemew Ber temaşay çend nêzeda Cogeley xwên lejêrewe dizey kirdû Çuwe derêw elqey bezan Ewsa îtir nîzaw wîrdû qîjey jinew heway jûrî konkirêtû serumlî mişayxû Eshabekan, be pirje pirjî ew xwêne her hemûyan sûr helgeran! Le payîza nîweşewê Beder le wîjdanî dinya Le bengeley fenabûnda Kiçêkî bû be qed pepûleyêk jya Çîtan bo bigêrmewe? çî? Çîrokî semay ew awel kirasaney Ke «qehtan»û «’ednan»û «deham» Be pêşdemî qafley zîlekanewe helyan ewasîn!? Awel kirasî xomû daykmû xanzadû mestûrew ’adle xanmû Hepse xanî neqîbû ’enber xatûn? Ke yek be dway yeka le zaxowe Heta qelakanî selman eşekanewe? Çîtan bo bigêrmewe? çî? Hîkayetî minalekem ke le awdestêkda bûmû temenî Çareke se’atêkû le dwaya lenaw qaqay ’eskerêka mird!? Axir çî bigêrmewe Zelîlî ke bûbuwe kiras şîtalî şîtalî berman? Heya ke qetre qetre etkaw «nezhet toxan» eyxiwardewe!? Çîrokî ew befrawaney ebûn be girew Ew helalaney ebûn be ’ucac!? Çîtan bo bigêrmewe!? Hîkayetî ew cestaney wirde wirde Kirmerêz ebûnû êmeyş kirmekanman le birsana exward!? Çîtan bo bigêrmewe!? Axir zirîke çon egêrdirêtewe!? Qîje çon enûsrêtewe!? ’er’er çon exwêndirêtewe!? Ebê xol qise bika xol! Ebê çal qise bika çal! Marû mêrû bîgêrnewe Ew çawanew ew goy memkû ew kakolû zerdexenew meqamane Çîyan lêhat!? Ebê xuda xoy rojê serman lêbaw Pêman bilê ew rojî heşre çon rûyda!?
شێرکۆ بێکەس