خۆشەویستیت لە چاوانمە دەریایێکی بێسنوورە
ئەو دەمانەی لە تۆ دوورم هەموو دنیا لە من دوورە
خۆشەویستیت بەهارێکە هەزار گوڵی خۆزگەی تیایە
تۆ ئێستاکە هەناسەمی، بێ تۆ ناژیم لەم دونیایە
دێوانەم دێوانەم دێوانەم دێوانەم بۆ کوردستان
بۆ دیار و هەوار و کانی و سەرچاوەی ژیان
من عاشقی وڵاتم، عاشقێکی سەرمەستم
غەریبی وشکی کردووم، بەڵام بۆ ئەو بەهەستم
من بە خۆری ئەو دەژیم، ئەو گوێی لە ناڵەی منە
گەرچی ناونیشانی من هێشتا ماڵێکی ونە
خاکەکەم ئاوێنەیە ڕووی خۆمی تیا ئەبینم
هەموو دونیا باخچە بێ لای ئەو گوڵم دەچێنم
خۆشەویستی من و ئەو وەکوو شەماڵ و گوڵە
چەندە لە یەکتر دوور بین نێوانمان تەنیا دڵە
دێوانەم دێوانەم دێوانەم دێوانەم بۆ کوردستان
بۆ دیار و هەوار و کانی و سەرچاوەی ژیان