هۆ ئینسان لە کوێی
هۆ ئینسان لە کوێی
بۆچی دەنگم نادگاتێ
هۆ ئینسان لە کوێی
بۆچی دەنگت نابیسم
وا من ئێستا لە کۆترێکی هێلانە سووتێندراو دەچم
گیانە بە لاملی شاخێکەوە نیشتوومەتەوە و لە وزەی هەڵفڕین کەوتووم
ئەی هاوار ئەی هاوار ئەی هاوار
دڕکێک، دڕکێکی تیژ هەردوو باڵی گەستووم
دڕکێک بە قەد ڕقی هەمووی ئێمە ئەستوور
دڕکی سنوور، سنوور، سنوور
ئەی هاوار ئەی هاوار ئەی هاوار
سنوور!
دنیا خەمە ژیان ژانە
بۆ شارەکەی بەهاری سوور
هیرۆشیمای کوردستانە
هەڵەبجەی دایکی شارەزوور
کۆرپە بە بێشکە و لانکەوە
منداڵ بە سینگی دایکەوە
بۆ یادی نەورۆزی ئەمساڵ
سووتان و بوون بە کۆی زووخاڵ
دنیا خەمە ژیان ژانە
بۆ شارەکەی بەهاری سوور
هیرۆشیمای کوردستانە
هەڵەبجەی دایکی شارەزوور
شەرتە هەموو بەرد و داری
هەڵەبجەی تینووی ڕزگاری
دەکەینە خەنجەری تۆڵەی
بەر پشتێنی کوردەواری