مەڵێ دڵ پارچە گۆشتێکی بە خوێنە
پەنای گرتووە لە بن دیواری سینە
مژۆڵی تیری تیژی نازەنینان
بە دڵ دێنن لە سەد جێگە برینان
بە نۆش داڕو عیلاجی ئەو برینە
لە کوێ ساڕێژ دەبێ یا دەکرێ پینە
برینی جەرگی من زامی ئەوینە
ئەگەر ئەستی گەیشتە تاژدینێ
مەمیش کوژرا بە تیری زینێ
ئەگەر خوسرەو لە باوەش دەگرێ شیرین
بەڵام فەرهاد فیدای کرد گیانی شیرین
بە نۆش داڕو عیلاجی ئەو برینە
لە کوێ ساڕێژ دەبێ یا دەکرێ پینە
برینی جەرگی من زامی ئەوینە
لەبەر چی بوومە پیری شێخی سەنعان
لە بۆ چاو کاڵێ چوو بۆ بەر بەرازان
ئەدی مەجنوون لەبەر چی کەوتە کێوی
فیدای لەیلێ بوو خزم و خێل و خێوی
لە ئیشقی شەم پەپولە هەلپروزا
بە سووتانی پەپولەی شەم نەلەرزا
بە نۆش داڕو عیلاجی ئەو برینە
لە کوێ سارێژ دەبێ یا دەکرێ پینە
مبرینی جەرگی من زامی ئەوینە
لە بەرچی ڕۆژ و شەو بولبول دەناڵێ
لە عیشقی گوڵ پەڕوپۆی دادەماڵێ
وەرە تۆ بێ وەفایی گوڵ ببینە
بە بولبول ناڵێ بەسیە ئەم گرینە
بە نۆش داڕو عیلاجی ئەو برینە
لە کوێ ساڕێژ دەبێ یا دەکرێ پینە
برینی جەرگی من زامی ئەوینە