
هێندە ناهێنێ دنیا خەم بخۆی
ئامانەت هاتووی دەبێ زوو بڕۆی
خۆ بەتایبەتی ڕۆژانی پیری
باشە خوو بگری بە گۆشەگیری
بە بێ خەم بژی بەبێ خەم بمرە
گۆشەی تاریکی مەیخانە بگرە
سۆفی بەسیەتی ڕاستی مەپۆشە
وەرە لەگەڵ من پێکێک بنۆشە
ئێرە بۆ ئەولا وەکوو مەزرایە
کڵۆشی ڕیشت چی لێ دەرنایە
بە بێ خەم بژی بە بێ خەم بمرە
گۆشەی تاریکی مەیخانە بگرە
کێ لێرە مۆنە لەوێش هەر مۆنە
لێرە ڕووخۆش بین ئەوێش ئی خۆنە
بە مەستی بمرە بە مەستی هەستە
تا ڕۆژی مەحشەر یەک مەستی بەستە