شێرکۆ بێکەس

ئەنفال و هەڵەبجە

بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
شێوەزار: سۆرانی
108
ئەو دەمەی تۆ لێرە لە ژووری شووشەدا
و لەنێوان گوڵاندا دانیشتووی
هەمان کات لەولاشی و کەوێکی ڕەشپۆشی
ناو پرسە و کاولاشیت
هەمیشە تۆ جەستە و تۆ بەژنی خاچێکی چوار پارچەیت
ئەو دەمەی کە لێرە ئەبیتە باران و ڕەهێڵە و ئەنووسیت
هەمان کات تۆ لەو لایت، یان شەختەی
سەقزیت یان ژاڵەی ماردینیت یان تەمی
قامیشلیت یان ئاگری کەرکووکیت
تۆ مێژووی ونبوون و کوشتن و خۆکوژیت
بە شیری زولفەققار گەردنت هەڵفڕێ بۆ لای خوا
سابڵاخیت
بە پرچی ژنێکی جوانکیلەی مودێرن هەناسەت ببەستن دێرسمیت
بە لۆلۆی پشتێنی خەلیفەی ئەمەوی
نەورۆزت هەڵواسن، حەسەکەیت
بە ژەهری چەپڕەو و ڕاستڕەوی جیهانیش ڕەق ببی
هەڵەبجەیت
کە خۆیشت خۆتت کوشت
ئەوساکە تابووتی درێژی هەر هەموو وڵاتیت!
ئیستاکە تۆ خاچی ژەهراویی ئەنفالی
ئەنفالە
و ئەنفالە
و ئەنفال!
ئەنفالی سیروانی جەستەمە بەرەوخوار
بە خوێن و لیتەوە بە قژ و گژوگیا و
بە ڕیشی مەولەوی و بە باڵی قرتاوی شیعرم
و بە هۆرەی قوڕاوی و
بە وەلی مەقامی کوژراو و
بە شەمی خنکاوی بەستەوە
بەرەوخوار
بەرەوخوار
بەرەوخوار
ئەنفالی گریانی ڕووناکی و ئەنفالی بارانە
ئەنفالی خاکنامە
و ئەنفالی جریوە
و ئەنفالی ژیانە!

گوناهی ئەزەلیی کام زەوی و ئەستێرەی گومڕاه و
کام سزای ئەبەدیی تاوانم، بۆ ئەوەی هەمیشە هەڵقرچێم؟!
کام خواوەند غەزەبی لێ گرتووم بۆ ئەوەی هەر تاپۆی
نامۆیی و تەنیایی و شەو بم و بۆ ئەوەی نە بمرم نە بژێم؟!
کام خواوەند خاوەنمە؟! نازانم
کام شەیتان خاوەنمە؟! نازانم
نە ئاسمان گوێ ئەگرێ لە خوێنم و نە دنیا و
نە داد و نە یاسا و نە زەنگی کڵێسە و نە قوببە و منارەی
مزگەوت و نازانم من بە کێ و من بە چی سوێند بخۆم!
کێ پەنا و کێ داڵدە و کێ کەسمە؟! نازانم
من ئیستا شاخێکی بێ سوێندم
سوێندی من دووکەڵە و قسەی من خۆڵەمێش!
هاوارم هەر خوێنی مەیومە و هەر کۆچی سەرەولێژ
ئەوەتەی کۆچ هەیە کۆچ ئەکەم
ئەوەتەی گڕ هەیە ئەسووتێم
ئەوەتەی ئاو هەیە ئەخنکێم
ئەوەتەی تیغ هەیە قوربانیم
ئەوەتەی خاک هەیە بێ خاکم
ئەوەتەی شاخ هەیە من تلۆر ئەبمەوە و
ئەوەتەی دار هەیە لێی ئەدرێم!
من لە پێش مووساوە ئاوارەم
پێش مەسیح من خاچم
پێش قوڕەیش من زیندەبەچاڵ و
پێش حسەین من سەری بڕاوم!
ئەنفالە
ئەنفالە
ئەنفال!

ئەنفالە و فڕۆکەی ئاسمانی ئافات و
ئەنفالە و بای ژەهر و بەهاری مەرگەسات
ئەنفالە و شارێکی بە پێوە خنکاو و
پێنج هەزار مۆمیای کارەسات
ئەنفالە و هەڵەبجە
هەڵەبجە و هەڵەبجە

باسی چی بکەم؟!
باسی چی بکەم؟!
چۆن سەوزەگیا ئەبێ بە تابووتی گوڵان؟!
چۆن بەهار ئەبێ بە کفنی سێ وەرزی تر؟!
چۆن چرکەیەکی ژەهراوی ئەبێ بە ساڵ؟!
شەقام چۆن ئەبێ بە گۆڕی سەردانەخراو؟!
چۆن منداڵ خۆی، ئەبێ بە بووکەشووشەکەی؟!
باسی چی بکەم؟!
گمە چۆن ئەبێ بە بەرد و
باڕە چۆن ئەبێ بە دار و
حیلە چۆن ئەبێ بە هەور و
هاژە چۆن ئەبێ بە چەو و
هاوار چۆن ئەبێ بە لم و
هەوا چۆن ئەبێ بە دوژمن
باسی چی بکەم؟!
ئەو ساوایە بۆ تێر ناخوا و دەم هەڵناگرێ لە مەمکی دایک؟!
ئەو باوکە بۆ ئەو پارووە قووت نادات و دەس داناگرێ؟!
ئەو خوێندکارە بۆ پەڕەیەکی تازەتر ناکاتەوە؟!
ئەو شۆفێرە بۆ سلفەکەی لێ نادات و ئیتر بڕوات؟!
ئەو حەماڵە بۆ کۆڵەکەی هەڵناگرێت و ئەو چەقی ڕێیە بەرنادات؟!
ئەو کیژە بۆ 'چا'کەی بەردەمی تێک نادا و بیخواتەوە؟!
ئەو کۆترە بۆ باڵەکانی کردۆتەوە و هەڵیش نافڕێ؟!
ئەو کچە بۆ ئەو سەتڵە ئاوە هەڵناگرێت و لێی ئەڕژێ؟!
ئەو ماچە بۆ تەواو نەبوو؟!
ئەو تەشییە بۆ خولێکی تری نەخوارد؟!
تاکێ گۆرەوی بوو بە چی و لە پێ نەکرا؟!
ئەو ئیمزایە بۆ هەر نەکرا؟!
ئەو جانتایە هەر دانەخرا؟!
دەرگایەک بۆ پێوە نەدرا و
میلی ڕادیۆیەکی ناو کۆش
هەر بانەدرا و هەر بانەدرا و هەر بانەدرا؟!

هەمدیسان ئێوارەی بارانە و ئێوارەی تەڕبوونی
ئەگریجەی خەمانە و ئێوارەی کەژاوەی زایەڵەی
یارانە و ئێوارەی ئازاری سوورمەچن
هەمدیسان دە لێ لێی گریانە و نمنمی
دڵۆپی زەنگیانەی چاوانە و تاوتاوی سەر
هۆبەی دواکۆچی عاشقانە و هەمدیسان
دە لۆ لۆی بارانە و هەنسکی تەنیاییی شیعری من
هەمدیسان بارانە و ئەبارێ، پێنج هەزار ئەستێرەی
کوژراو و پێنج هەزار ڕەنگاڵەی کوژراو و پێنج هەزار
پەپوولەی فرمێسکم بە سەرا ئەبارێ!

تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ پشکۆی سەرمابردەڵە و
تۆ هەتاوێکی تاریک و
تۆ تەنیایەکی ئاپوورە و
تۆ هەوایەکی خنکاوی
هەنووکە من لێرە
ستۆکهۆڵم
لە شاری هەزاران دوورگەدا
بەلەمی شەوانەی شیعرێکی بێ چرام
ڕێم کوێر و بەندەرم بزرە
من لێرە لە شاری هەزاران دوورگەدا
ئیستاکە بەلەمی هەڵەبجەی خنکاوم و
فەنەری کوژاوەی بورجێکی ماندووە ئەم سەرە
هەنووکە من لێرە لە 'مێلان بی پلان'
ژمارە بیست و سێ
لە قاتی دووهەمی خانوویەک
گەڕەکی 'ڕنکەبی'
گەڕەکی ئاوارەی تێکەڵ و
فرمێسکی تێکەڵ و
زمانی تێکەڵی غەریبان
هەر وەکوو ئەستێرەی لێقەومام لە شەوی بارانا
بەرانبەر 'تێ ڤێ'ێک دانیشتووم
هەمووتان ئەبینم
ڕووباری لێڵن و پێچ ئەخۆن
بەرەوژوو ئەبنەوە
هەمووتان ئەبینم
وەک چرای قوڕاوی و وەک ئەسپی قوڕاوی
و درەختی قوڕاوی و
کارژۆلەی قوڕاوی بەرەوژوور ئەبنەوە
هەر وەکوو ئەستێرەی لێقەومام لە شەوی بارانا
هەر وەکوو پەنجەرەی لێقەوماو لە وەختی شکانا
بەرانبەر 'تێ ڤێ'ێک دانیشتووم
نالی ڕۆیی
بە دوایا شارەزوو کۆچی کرد وێڵ ئەبوو
حاجی ڕۆیی
بە دوایا شاری کۆ کۆچی کرد وێڵ ئەبوو
مەولاناش کۆچی کرد بە دوایا تانجەڕۆ کۆچی کرد وێڵ ئەبوو
وا ئیستەیش نیشتیمان خۆی ئەڕوا و کۆچ ئەکا
و شەهیدان بە دوایا وێڵ ئەبن
من ئیستا کۆچێکم ملوێنێ سەرم و
دوو ملوێن باڵم و هەر ئەڕۆم
لە پەردەی 'تێ ڤێ'وە
ئەو کیژە دە ساڵەی کە ئەڵێی ڕەنگاڵەی بەر نمەی گریانی شاخخانە و
لە ئاسمان ون بووە و لە دایکی ون بووە و
وەک لاسکی سەمەلی بەر تەرزەیش ئەلەرزێ
لە پەردەی 'تێ ڤ'وە دێتە دەر
ئەگاتە بەر دەمم ئەکەوێ
هەڵئەسم باوەشی پیا ئەکەم
چیم هەبێ لە شیر و لە نان و لە نۆقڵ و لە یاریی مناڵان بۆی دێنم
هەر هەمووی ئەخەمە بەر دەمی و
پەتۆکەم ئەهێنم پێیا ئەدەم ئەیدوێنم تا ئەنوێ
لە پەردەی 'تێ ڤ'وە
ئەو ژنە ڕەشپۆشەی لە شەوی شیعر ئەچێ و
لە مانگی ئەوق ئەچێ و
لە دواوە جێ ماوە و ڕەزێکە سڕ بووە و نازانێ چی بکا و چی بڵێ
لە پەردەی 'تێ ڤێ'وە دێتە دەر
ئەگاتە بەر دەمم و ئەکەوێ
هەڵئەسم
دایکمە، مێژوومە باوەشی پیا ئەکەم
لە پێشا پاڵتۆکەی بەر خۆمی پێیا ئەدەم
چیم مابێ و چیم هەبێ لە خۆراک بۆی دێنم
دواتریش ئەیخەمە جێگەکەی دایکمەوە
لێفەکەی ئەویشی پیا ئەدەم ئەیدوێنم
تا ئەنوێ
لە پەردەی 'تێ ڤێ'وە دێنە دەر
ماڵەکەم چەند بگرێ دێنە دەر
ماڵەکەم پڕ ئەبێ لە گریان
لە باران، لە قوڕ و لە هەڵمی کۆچتان و
لە بانگ و لە هاوار
لە پارچە نایلۆن و لە چیلکە و چەوێڵ و
لە وشکەزریکە و لە قیژەی زۆر تەڕ و
لە دەستی فڕیو و
لە ئەژنۆی شکاو و لە ساوای بەر مەمکان
چیم مابێ ئەیهێنم
لە بەرما چی مابێ
کلێتە و مشەما و کراس و پانتۆڵ و دەرپێم و گۆرەویم
هەر هەمووی دائەنێم
ڕووت و قووت ئەبمەوە
بە ڕووتی ڕا ئەکەم ئەچمە دەر
من شێتم
من شێتی کۆچتانم
بە ڕووتی ئەچمە دەر
ئەگەمە سەر شەقام
بە کوردی و سویدی بانگ ئەکەم
ئەی دنیای چەپ و ڕاس
دوای گازی ژەهراوی و
دوای نانی ژەهراوی و
ئەنفال و کوشتنی هەڵەبجە و
ئەم کۆچە
چی ماوە بمدەنێ
چی ماوە بمدەنێ
تۆ خاچی مارتێئاڵاوی
تۆ هەتاوێکی تاریک و
تۆ تەنیایێکی ئاپوورە و
تۆ هەوایێکی خنکاوی