
لە سەرووی قامەتی یار عەتر و عەبیر دەباری
دڵامی خستە لەرزە لەرەی مەمکی هەناری
مەست مەست بە نیمنیگاوە دوو نێرگسی خوماری
بە خەندە* زوڵفی لادا لەسەر عیزار و زاری
دونیا بە ئینتیزاری شیرین تەشی دەڕێسێ
هاوار شیرین گیان، ئامان شیرین گیان
تەشی وەکوو دڵی من لە دەستی ئەو دەلەرزی
چەند جوان و دڵڕفێنە ئافتاب و تەور و تەرزی
کاتێ کە بۆ سەر ئاوێ زوڵفی لە سەرووی بەرزی
کە شەو بەیانی بەردا گوڵ و وەنەوشە باری
دونیا بە ئینتیزاری شیرین تەشی دەڕێسێ
هاوار شیرین گیان، ئامان شیرین گیان
پەنجەی بە چەشنی شمشاڵ دوو دەستی پڕ لە خڕخاڵ
ڕوومەت سپی، دوو لێو ئاڵ، پەرچەم سیاه بوو چاوکاڵ
وەک ڕەنگی نەخشی مانی باڵا و کوڵم و خەت و خاڵ
سەڵای لە عاشقان دا باخی گوڵ و هەناری
دونیا بە ئینتیزاری شیرین تەشی دەڕێسێ
هاوار شیرین گیان، ئامان شیرین گیان