بەهرووز تەوەکولی

دایە گیان بگری لەسەر خاکم

بە دەنگی: بەهرووز تەوەکولی
شێوەزار: سۆرانی
393
دایە گیان بگری لەسەر خاکم کەوا شینم دەوێ
زۆر بگری دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ
من گوڵی سەد ئارەزووی ژینم لە خاکا خەوتووە
خاکی مەیدانی وڵات هاوڕەنگ لە دەنگی* من بووە
دامەنیشە دایە گیان بۆ هاتنی من چاوەڕێ
دڵنیا بە، بەسیەتی، بۆ دەنگی دەرگا مەگرە گوێ

دایە گیان سوێندم بە فرمێسکی گەش و ئێشی دڵت
دایە گیان سوێندم بە جەور و مەینەتی بێ حاسڵت
من دەمێکە جەرگی سووتاندووم هەناسەی سەردی گەل
دڵپڕی کردم غەمی دەسکورتی و ڕەنگی زەردی* گەل
دایە گیان بگری لەسەر خاکم کەوا شینم دەوێ
زۆر بگری دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ

دایە گیان ئەو کیژەی وا ئەتویست بە بووکی تۆ ببێت
خۆت بدە پیشانی جارێک با بە هیوای من نەبێت
تاکوو بتبینێ کە ڕەشپۆشی لە سەر تا پاتەوە
بەڵکوو بڕوا و دڵنیا بێ و من لەبیر بباتەوە
دایە گیان بگری لەسەر خاکم کەوا شینم دەوێ
زۆر بگری دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ
هۆنراوە: شەریف حوسێن پەناهی
*= لە هۆنراوەی شاعیردا "خاکی مەیدانی خەبات ڕەنگینی خوێنی من بووە" و "ڕەنگزەردی" هاتووە.