
شەو نییە نەتلێمەوە بێ تۆ بە سەت ئازارەوە
سەر نەکا فرمێسکی چاوانم، بە دەم هاوارەوە
وا لە لای تۆ، چاری ئازاری دڵی پڕ دەردی من
نەک بە لای چینی حەکیم و تاقمی نژدارەوە
هەر دەمێکی دار و بارێ تازە دەنوێنی بە من
سەختە ڕاهاتن لەگەڵ ئەم گشتە دار و بارەوە
لایە تووشی سەرزەنشتی ئاوەزم، دەس هەڵگرم
لایە هەستم پێم ئەڵێ، کارت نەبێ بەم کارەوە
سەد کەڕەت هەردەم ئەدەم بڕیاری ڕزگاری، کەچی
هەر کە دێی، نامێنێ تانوپۆ بە ئەو بڕیارەوە
ئەرکی دڵداری گرانە و بێخەتەر ناچێتە پێش
مەردی ئەم مەیدانە گەر نی، "فاتیحا" خۆ شارەوە