
دڵم ماتی غەمی هیجرانی تۆیە
نەخۆشی دەردی بێ دەرمانی تۆیە
ئەوە عومرێکە چاوم چاوەکانم
خەریکی شیوەن و گریانی تۆیە
برینم کارییە جەرگم بڕاوە
ئەویش کاری برۆ و موژگانی تۆیە
دڵی بردووم* نیگای چاوی خومارت
یەکە و گیراوی دوو مەستانی تۆیە
دڵم ماتی غەمی هیجرانی تۆیە
نەخۆشی دەردی بێ دەرمانی تۆیە
هەواڵی ڕۆژی مەحشەر گەر دەپرسی
خەبەر دەستی من و دامانی تۆیە
ئەگەر پەیمانەکەی دەستت شکاندم
دڵم مەشکێنە هاوپەیمانی تۆیە
ئەتۆ سووچت نەبوو چاوت منی کوشت
مەفەرموو چاوەکەم تاوانی تۆیە