ئەوین ڕەحمانی

هیوا مەگری

بە دەنگی: ئەوین ڕەحمانی
شێوەزار: سۆرانی
28
هیوا مەگری، هەنسکی نیوەشەو بەس هەڵدە، بەس بگری
لە چاوی بێقەرارم بۆچی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی
کوڕی خۆم! کۆرپەڵەم! مێوانی دونیای تازە خولقاوم!
ئەدا گریەت بە زەربەی چز لە ڕۆحی پڕ گلاراوم
چییە ئەم گریە بێغایە، کڕۆزەی** نیوەشەوخورپێن؟
چییە ئەم قەترە وردانەی لە چاوت بێ مەئاڵ** ئەڕژێن؟
لەگەڵ ئەو غونچە ساوایەی لەسەر خەلفی** بەهار ئەڕوێ
چییە فەرقت؟ لەبەرچی ئەو هەتاکوو سیس ئەبێ ئەنوێ؟

چییە کۆرپەم*؟ چ سیڕڕێکە وەها مەحکوومی گریانی
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی، لە مەعنای گریە نازانی
ئەگەر وەک دایکە* حەسرەت دیدەکەت ڕەنجت* بچێژایە
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت بە دەم باوە بپێژایە
هەقت بوو عەرش بلەرزێنی بە ناڵەی ڕۆحی پڕئێشت
لە ئەستێرەی سەما بپژێنی فرمێسکی دڵی ڕێشت!
بە خۆڕایی مەترسە، خەم مەخۆ مەگری لە ئێستاوە!
بە چی دیارە کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟
هۆنراوە: گۆران
*= ئەو بەشانە لە هۆنراوەی شاعیردا بە شێوەی "توخوا"، "باوکە" و "زەهرت" هاتووە.
**= "کڕووزەی"، "مەئال" و "خەڵف" دروستە نەک "کڕۆزە"، "مەئاڵ" و "خەلف".