
بیرم کردووی بە قەد تەواوی دونیا
بێ تۆ ژینم لێ بۆتە خەون و بریا
تۆ نازانی چەند دڵتەنگم لە دووریت
دڵم تەنگە بۆ تۆ بە تاقی تەنیا
لە نێو خەون و لە نێو مەستی و وشیاری
هەست پێ دەکەم بە دڵتەنگی و خەمباری
چەندە چۆڵە دونیا لەبەر چاوی من
چاوم هەڵدێنم دەبینم تۆ نادیاری
دڵ بە هیوای دیدارت ئارام دەگرێ
ئارام دەبێ ئەو کاتەی ناوت دەبرێ
کە من هیوام نەبووایە بە دیدارت
هێند زۆر دەبوون خەمم گەر بە کەس نەخورێ
گڕ بەر دەدەم لە خۆر بە ئاگری سینەم
دەسووتێنم دونیا بەو گڕ و تینەم
تا بزانن بە سووتان و برژانم
چەند دڵتەنگی ئەو شۆخە نازەنینەم
بیرت دەکەم ژیان چرکە بە چرکەی
دووری تۆیە دڵم ئەو ژان و برکەی
دەردی دووریت ئاوا سەخت و بە ژانە
خۆ من دەمرم خۆت لە ژینم بەدەر کەی
خۆ من دەمرم خۆت لە ژینم بزر کەی
بێکەسترین کەسم دوور بم لە چاوت
سوکنایی دێ دڵم بە یاد و ناوت
چۆنت پێ بڵێم حاڵی دڵ چۆنە بێ تۆ
زۆر نەماوە دڵم دەر بێ لە تاوت