ئەی تریفەی مانگەشەوی زیوینی ئاسمان
بۆ بە تۆسقاڵ جار بە جاری خۆت ئەدەی نیشان
دەربکەوە ڕووناکی پاک وەرە سەرینم
بۆم ڕووناک کە زیندانی تار ژووری کەمینم
ڕازاوەیە دیواری پان بڕەی زنجیری
دەم کراوە و عەزرەتی لەش منم نێچیری
ئەی بولبولی شەوان بێدار تا بەری بەیان
تۆ بۆ من و منیش بۆ تۆ ئەبین بە نیشان
بۆم بخوێنە منی نەخۆش منی دەردەدار
چەشی ئێش و ناهەمواریم هاوڕێمە ئازار
ئەی گوڵەکەی ڕەنگ پەمەیی سەرداری ژاڵە
وەک بیستوومە ڕەنگ شیرینی و چێشتنت تاڵە
بەڵام تاکوو ئەم قسەیە کامە عەشقی گوڵ
توانیوێتی دەستی نیاز بنێتە سەر دڵ