ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی بەندیخانەیە
ئەم کەلەبچە مەرهەمی زامی دڵی دێوانەیە
بووکی ئازادیم ئەوێ خوێنم خەنەس بۆ دەست و پێ
حەلقە حەلقەی پێوەنم وەک پڵپڵە و لەرزانەیە
گەرچی دوژمن وا ئەزانێ من بە دیلی لاڵ ئەبم
باش بزانێ براکەم کونجی زیندانم قوتابی خانەیە
گرتن و لێدان و کوشتن عامیلی ئازادییە
تۆپ و شەستیر و کەلەبچە لام وەکوو ئەفسانەیە
بیری ئازادیم لە زیندنا فراوانتر ئەبێ
قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە
گەر بە ئازادی نەژیم مردن خەڵاتە بۆ لەشم
نۆکەری و سەردانەواندن کاری نامەردانەیە
چاوەڕوانی شۆڕشێکم عالەمێ ڕزگار بکا
میللەتم بۆ ئەو مەبەستە کردەوەی شێرانەیە
چەکی شۆرشگێری من نووسین و بیر و باوەڕە
ڕاپەڕینە هەڵمەتە پڕ نەعرەتەی کوردانەیە
قانعم ئەمڕۆ لە زیندانا بە ئازادی ئەژیم
سەد هەزار لەعنەت لەوەی وا نۆکەری بێگانەیە